دوو حه‌فته پاش جه‌نایه‌تی به‌ردانه‌وه‌ی فڕۆكه‌ی ئۆكراینی له لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه، هێستاش ڕژیم به‌نیازه به درۆنانه‌وه و قسه‌ی بێ ناوه‌رۆك و فریوكاری، ئه‌و كاره‌ساته ئینسانیه داپۆشێت و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌موو جه‌نایه‌ته‌كانی دیكه‌ی له ئێران به بیانووهێنانه‌وه و ده‌رفه‌ت هێنان، له بیری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی به‌رێته‌وه. به‌ڵام له‌و جه‌نایه‌ته كه‌م وێنه‌یه‌دا سه‌ره‌ڕای خه‌ڵكی ئێران، بیروڕای گشتی جیهان و ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه له به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی دا ڕاوه‌ستاون. ڕژیم بۆ به‌ڕێوه‌بردنی به‌ڵێنیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌وانه قه‌بووڵ كردنی به‌رپرسایه‌تی ئه‌و جه‌نایه‌ته و هاوكاری هه‌مه‌لایه‌نه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان و ڕاده‌ست كردنی سندووقی ڕه‌شی فڕۆكه‌كه، كه‌وتووه‌ته ژێر گوشاره‌وه.
ئاشكرایه كه هه‌وڵی تا ئێستای كۆماری ئیسلامی بۆ ده‌ركێشانی زانیاریی ناو ئه‌و سندووقانه و ده‌ستكاری كردنیان، بێ ئاكام بووه. هه‌ربۆیه بۆ پێش‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ورده‌كاریی ئه‌و جه‌نایه‌ته، ده‌یهه‌وێ دره‌نگتر سندووقه ڕه‌شه‌كان بنێرێته‌وه و یان ئه‌گه‌ر بتوانێ نابوودیان كات. له‌وباره‌وه كۆماری ئیسلامی له‌ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا ده‌ستی داوه‌ته گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێستی ناڕوون و درۆنانه‌وه و چالاكی دیفاعی و ڕیاكاری، به‌ڵام هیچكام له‌و هه‌وڵانه‌ی ڕژیم ناتوانێ وڵامی داواكاریی ئۆكراین و كانه‌دا بێت بۆ ناردنه‌وه‌ی سندووقه‌كان و كۆماری ئیسلامی به‌و هه‌وڵانه‌ی ناتوانێ گوشاره‌كان له‌سه‌ر خۆی كه‌متر كاته‌وه. ڕۆژی سێشه‌ممه یه‌كی مانگی ڕێبه‌ندان، “سازمانی هه‌واپه‌یمایی ئێران” ڕایگه‌یاند كه لهوجێگهوه كه سندووقه ڕه‌شه‌كان له جۆری نوێترین ئامێره‌كانن، ئیمكاناتی پێویستیان بۆ ده‌ركێشانی زانیاری لێیان له‌به‌رده‌ست دا نییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ڕژیم له داواكاریه‌كی كه‌م وێنه و نهفامانهدا، داوای له فه‌ڕانسه و ئه‌مریكا كرد كه ئیمكاناتی پێویستیان بۆ ده‌ركێشانی زانیاری له‌و سندووقانه بۆ بنێرن. له لایه‌كی دیكه‌وه ڕۆژی دووشه‌ممه ٣٠ی مانگی به‌فرانبار، ڕژیم، وه‌زیری ڕێگا و شارسازیی بۆ لێبوردن خوازی، ڕه‌وانه‌ی ئۆكراین كرد. هه‌ڵبه‌ت میدیاكانی ڕژیم ئامانجی ئه‌و سه‌فه‌ره‌یان په‌یگیری كردنی كاروبار و شیكاریی ڕووداوه‌كه ڕاگه‌یاندووه. هه‌روه‌ها و له هه‌وڵێكی دیكه‌دا، سپای پاسداران كه خۆی به هاویشتنی دوو مووشه‌ك فڕۆكه ئۆكراینیه‌كه‌ی به‌رداوه‌ته‌وه، به‌وپه‌ڕی بێشه‌رمیه‌وه بۆ قوربانیانی ئه‌و جه‌نایه‌ته به‌ناو “ڕێوڕه‌سمی ڕێزگرتن له كوژراوه‌كان“ی به‌ڕێوه‌برد. هه‌ر له‌و ڕۆژه‌شدا ئیبراهیم ڕه‌ئیسی به‌ناو “شۆرای باڵای قه‌زایی” بۆ كوژراوه‌كان فرمێسكی درۆیینی ڕشت و خوازیاری پێدانی غهڕامهت و “دیه‌ی ئیسلامی” به بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان بوو. له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه و دیسان هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا، جه‌واد زه‌ریف له مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی‌دا به ئازایه‌تییه‌كانی خۆی هه‌ڵكوت كه چۆن وڵامی سه‌فیری ئینگلیسی داوه‌ته‌وه و وته‌بێژی وهزارهتخانهكهشی له وڵام به خواستی كانه‌دا و باقی وڵاته‌كان كه وتوویانه كۆماری ئیسلامی ده‌بێ به‌رپرسایه‌تی ته‌واوی ئه‌و جه‌نایه‌ته بگرێته ئه‌ستۆ، كانهدای به كاسه‌ی داغ‌تر له ئاش ناولێبرد و خۆی به عه‌زاداری قوربانیان دانا و بۆ خۆدزینه‌وه له بهڵێنیهكان وتی “كۆماری ئیسلامی تابعیه‌تی دووگانه قه‌بووڵ ناكات“.
سه‌رپێچی و هه‌ڵیت و پڵیتی سه‌رانی ڕژیم سه‌باره‌ت به ناردنه‌وه‌ی دوو سندووقه ڕه‌شه‌كه بۆ فه‌ڕانسه یان هۆله‌ند، له حاڵێكدایه كه سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕووداوی فڕۆكه‌وانی ڕژیم ڕایگه‌یاندبوو كه سندووقی ڕه‌شی ئه‌و فڕۆكه‌یه بۆ وڵاتی فه‌ڕانسه یان ئۆكراین ده‌نێرێته‌وه. به‌ڵام ڕۆژی دواتری وتی كه به‌نیاز نین ئه‌و سندووقانه ڕاده‌ستی وڵاتێكی دووهه‌م بكه‌ن. كۆماری ئیسلامی باش ده‌زانێ كه ئه‌گه‌ر له ناوه‌وه‌ی ئێران به درۆكردن و فریوكاری و به‌كار هێنانی سه‌ركوت و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان، توانیوێتی خۆ له وڵامدانه‌وه به وه‌ها جه‌نایاتێك بدزێته‌وه، له به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تانی دیكه‌دا ناتوانێ ده‌ست بداته وه‌ها فر و فێڵێك. هه‌ر وه‌ك بینیمان له سه‌ره‌تای ئه‌و ڕووداوه‌شدا ڕژیم نه‌یتوانی بیر و ڕای گشتی فریو دات و پاش سێ ڕۆژ درۆ و نهێنی كاری ناچار بوو بیدركێنێ كه خۆی دوو مووشه‌كی به‌ره‌و فڕۆكه‌كه هاویشتووه. ڕژیم ده‌یزانی یه‌كێك له لایه‌نه مودهعیهكان ده‌وڵه‌تی كانهدایه كه ٦٨ كه‌س له قوربانیان تابعیه‌تی ئه‌و وڵاته‌یان هه‌بووه. ڕژیم ده‌زانێ كه به پێی قه‌راردادی نێوان ئه‌مریكای باكوور و كانه‌دا و ئه‌مریكا، ناسراو به “نۆراد“، له ساڵی ٢٠١٥ه‌وه گشت ئاسمانی ئێران له ژێر چاوهدرێی “نۆراد” دایه و هاویشتنی هه‌ر مووشه‌كێك تۆمار ده‌كرێت. كه‌وابوو ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام بێت له نه‌ناردنه‌وه‌ی سندووقه ڕه‌شه‌كان، كانه‌دا ده‌توانێ په‌روه‌نده‌كه ڕاده‌ستی شۆرای ئه‌منیه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكات. ئاشكرایه له وه‌ها حاڵه‌تێكدا كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ دواهاتی قورس به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ڕابردوو وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی پێنج وڵاتی كانه‌دا، ئۆكراین، سۆئێد، ئه‌فغانستان و بریتانیا له له‌نده‌ن دانیشتنێكیان سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیی به‌ربوونه‌وه‌ی فڕۆكه ئۆكراینیه‌كه و په‌یگیری كردنی كاره‌كانیان به‌ڕێوه‌برد و پاشان له كۆنفراسێكی ڕۆژنامه‌وانی دا جه‌ختیان كرده‌وه كه له ئێستادا كۆده‌نگیه‌ك پێكهاتووه و تێكڕا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن كه كۆماری ئیسلامی سندووقه ڕه‌شه‌كان بۆ فه‌ڕانسه بنێرێته‌وه و بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه درێژه به هاوكاریه‌كانی بدات و غه‌رامه‌ت بداته بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان.
به‌ڵام بۆ خامنه‌یی هیچ گرینگ نییه كه خه‌ڵكی ئێران بكه‌ونه ژێر گوشار و گه‌مارۆی زیاتره‌وه. بۆ ئه‌و گرینگ نییه كه به‌سه‌ر خه‌ڵكی برسی ئێران‌دا هه‌ژاری و فهلاكهتی زیاتر بسه‌پێنێ، به‌ڵكوو به قسه‌ی ئه‌و ده‌بێ موقاومه‌ت بكه‌ن. له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه كوژرانی ١٧٦ ئینسان ئه‌رزشی ئه‌وه‌ی نه‌بوو كه “یه‌ومۆڵڵای” ته‌رم گێڕانی قاسم سوله‌یمانیی جه‌للاد و هێرشی مووشه‌كی ڕێگه‌پێدراو بۆسه‌ر پێگه‌ی ئه‌مریكا له عێراق، یا له ڕاستیدا نومایشی هێزنواندنی كۆماری ئیسلامی بۆ فریودانی خه‌ڵك، بشێوێ. خامنه‌یی وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشت هێزه‌كانی ڕژیم له خوتبه‌ی نوێژی جومعه‌دا له‌جیات لێبوردنخوازی له‌به‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌و جه‌نایه‌ته، له فه‌رمانده‌كانی سپا به‌خاتری درۆكردنیان به خه‌ڵك سه‌باره‌ت به به‌ربوونه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه ده‌ست خۆشیی كرد. خامنه‌یی له‌به‌ر ئه‌وه تووڕه و تۆقاو بوو كه جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران ده‌ستبه‌جێ ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ماجه‌رای به‌ردانه‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌یان له لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه به به‌رز كردنه‌وه‌ی درووشمی “نابوود بێ كۆماری ئیسلامی” و “مه‌رگ بۆ ڕێبه‌ری دیكتاتۆر” و به دڕاندنی وێنه‌ی قاسم سوله‌یمانی، مه‌حكووم كرد. به‌ڵام ئاخێزهكانی مانگی به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ به كۆماری ئیسلامیی نیشان دا كه چیتر ناتوانێ له ده‌ست كرێكاران و خوێندكاران و ژنانی خه‌باتكار و موعه‌لیمان و باقیی تۆژه سته‌ملێكراوه‌كانی ئێران خۆده‌رباز كات و كاتی ئه‌وه نزیك بووه‌ته‌وه كه ئه‌و ڕژیمه جهنایهتكارهی سه‌رده‌می سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بۆ هه‌تاهه‌تایه بخه‌نه ناو زبڵدانی مێژووه‌وه.