به پێی ڕاپۆرتهكان، ڕۆژی دووشهممه ٢٠ی مانگی خهزهڵوهر، خۆپیشاندانەکان له عێراق بەردەوامە و لە شارى “ناسریە” چوار کەس کوژران و زیاتر لە ١٠٠کەسیش برینداربوون.
خۆپیشاندانەکانى بەغداد و چەند شارێکى باشورى عێراق بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکانیش بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران گازى فرمیسکڕێژیان بەکارهێناوە و خۆپیشاندەران ناچارکراون گۆڕەپانى تەحریر چۆڵ بکەن. ئێوارەى دووشەممە لە ناوراستى شارى بەغداد دواى ئەوەى خۆپیشاندەران چەند جارێک هەوڵى چونە نێو گۆڕەپانى تهحریریان دا، هێزە ئەمنییەکان روبەرویان بوونەوە و دواتر لە گۆڕەپانى “خهلانی” دوریان خستنەوە. بەپێى سەرچاوە تەندروستییەکان زیاتر لە ١٠٠ کەس گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانى بەغداد کە بە گازى فرمێسکڕێژ و گولەى هێزە ئەمنییەکان برینداربوون. هاوکات لە شارى ناسرییەى ناوەندى پارێزگاى زیقار هەزاران خۆپیشاندەر لە گۆڕەپانى حبوب كۆبوونەوە و هێزە ئەمنییەکانیش تهقهیان له خهڵك كرد و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران و زیاتر لە ٤٠ کەسیش برینداربوون. بەپێى دواین ئامارى رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ لەسەرەتاى خۆپیشاندانەکانەوە ٣٢١ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزارکەسیش بریندار بوون.