کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

درێژه‌ی خه‌باتی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ له‌ دژی پیلانی ده‌ركردنیان

220

220

ڕۆژی هه‌ینی دووی مانگی ڕه‌زبه‌ر به‌دوای ده‌ركردنی ٢١ كرێكاری نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ به‌ بیانووی دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كان، بۆ ٥مین ڕۆژی به‌رده‌وام ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كرێكارانی ئه‌و شیركه‌ته‌ به‌ خواستی گه‌ڕانه‌وه‌ی كرێكارانی ده‌ركراو بۆ سه‌ر كاره‌كانیان، له‌ حه‌ساری ئه‌م شیركه‌ته‌ و له‌ به‌رامبه‌ر نووسینگه‌ی ئه‌م ناوه‌نده‌ سه‌نعه‌تیه‌ ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی. كرێكارانی ده‌ركراو له‌ زومره‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ بوون كه‌ ته‌نیا به‌ تاوانی به‌شداریان له‌ ناڕه‌زایه‌تی كرێكاران و په‌یگیری خواست و موتالباتیان، ڕێگه‌یان پێنه‌درا كه‌ بڕۆنه‌وه‌‌ سه‌ر كاره‌كانیان. ده‌ركردنی كرێكارانی ناڕازی و خه‌باتكار له‌ ڕێگه‌ی دووباره‌ نه‌كردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ كاتیه‌كانیان، پیلانێكی دارێژاوی هاوبه‌ش بوو له‌ لایه‌ن خاوه‌نكار و ده‌زگا ئه‌منیه‌تیه‌كانی ڕژیم.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه‌ ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتنی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ هه‌روا به‌رده‌وام بوو، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ “ئیلنا” هه‌واڵنێری درۆنانه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی، باسی له‌ كۆتایی مانگرتن و گه‌ڕانه‌وه‌ی كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ بۆسه‌ر كاره‌كانیان كرد. خاوه‌نكاری ئه‌م شیركه‌ته‌ كه له‌ ‌كاتی خسووسی سازیی ئه‌م ناوه‌نده‌دا، له‌ ڕێگه‌ی ڕانتی حكوومه‌تی و به‌ نرخێكی زۆر كه‌م ‌، هه‌موو زه‌وی و ئیمكاناتی ئه‌و شیركه‌ته‌ی داگیر كردووه‌، زۆر فریوكارانه‌ به‌ پێدانی دوو ڕۆژ مه‌ره‌خه‌سی به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كرێكاران هه‌وڵی دا به‌جۆرێك نیشان دا كه‌ مانگرتنه‌كه‌ كۆتایی پێهاتووه‌. به‌ڵام كاناڵی سه‌ربه‌خۆی تێلێگرامی  سه‌ندیكای كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ باسی له‌ به‌رده‌وام بوونی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی له‌ ڕۆژه‌كانی پێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینی دا كرد. ئه‌م سه‌ندیكایه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا، وێڕای ئاماژه‌ به‌ كه‌ش و هه‌وای پۆلیسی و ئه‌منیه‌تی به‌ مه‌به‌ستی چاوترسێن كردن و تۆقاندنی كرێكاران، پشتیوانی له‌ مانگرتنی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ كرد‌ و هه‌رچه‌شنه‌ بانگهێشت و پیلان گێڕی و هه‌ڕه‌شه‌ی دژبه‌ كرێكاران مه‌حكووم كرد. هه‌روه‌ها له‌ ڕاپۆرته‌كاندا باس له‌وه‌ كرا‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای بانگهێشت و هه‌ڕه‌شه‌ و پیلان گێڕیی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ و ده‌ست تێكه‌ڵاویی خاوه‌نكار له‌گه‌ڵ ده‌زگای ئه‌منی و سه‌ركوت، نه‌ ته‌نیا مانگرتنی كرێكاران‌ كۆتایی پێنه‌هاتووه‌ به‌ڵكوو ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٤ی ڕه‌زبه‌ر، ١٣ كه‌س له‌ كرێكاران نامه‌ی ده‌ركرانیان وه‌رگرتووه و‌ ٨ كرێكاری دیكه‌ش له‌ لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منیی ڕژیمه‌وه‌ بانگ كراون. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌ ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ هه‌تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م كرێكارانی ده‌ركراو بۆسه‌ر كاره‌كانیان، درێژه به‌ مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان ده‌ده‌ن.

كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ له‌ باروودۆخێكدا ده‌ستیان داوه‌ته‌ مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هاوكارانیان له‌وانه‌ ئیسماعیل به‌خشی و محه‌ممه‌د خه‌نیفه‌ر به‌ تاوانی به‌شداریان له‌ مانگرتنی به‌هێزی ساڵی ڕابردوو، له‌ بێدادگاكانی ڕژیمدا حوكمی قورسیان به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌ و هه‌روا له‌ زیندانن. هه‌روه‌ها، په‌روه‌نده‌ی ساخته‌ی ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ كرێكاران كه‌ په‌یگیری موتالباتیان بوون، له‌ بێدادگا دژه‌ كرێكاریه‌كانی ڕژیمدا، هه‌روا كراوه‌یه‌ و نه‌به‌ستراون. له‌ وه‌ها باروودۆخێكدا درێژه‌ی ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی وشیار و خه‌باتكاری نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه‌ كه‌ نه‌ سه‌ركوت و نه‌ به‌ندوبه‌ست و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ و نه‌ ده‌ركردنی به‌خشنامه‌ی هه‌ڕه‌شاویی خاوه‌نكار و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان به‌ پێی ڕاگه‌یاندنی لیستی كرێكارانی مانگرتوو، ناتوانێ كرێكاران له‌ په‌یگیربوونی خواست و موتالباتیان پاشگه‌ز كات‌.

به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، ڕژیمی داماوی كۆماری ئیسلامی كه‌ له‌ ناو قه‌یراندا نوقم بووه‌، توانای وه‌دی هێنانی خواستی كرێكارانی نییه‌. هه‌ر بۆیه‌ش هه‌تا ئێستا هیچ یه‌ك له‌ به‌رپرسانی ڕژیم له‌م ناوه‌نده‌ كرێكاریه‌دا نایانوێراوه‌ بڕۆنه‌ ناو كرێكاران و وڵامیان پێبده‌نه‌وه‌ و وه‌ك هه‌میشه‌ كۆماری ئیسلامی وڵامی كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ی به‌ سه‌ركوت و توقاندن داوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام كێشه‌ و گرفتی كرێكارانی ئێران و ناڕه‌زایه‌تی و خه‌باتیان ته‌نیا به‌ نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌ و فوولادی ئه‌هوازه‌وه‌ نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه‌ هه‌م باروودۆخی ناله‌باری بژێوی كرێكاران و هه‌م شێوازی خه‌باتیان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی خواسته‌كانیان  و هه‌م هه‌ڵسووكه‌وتی دژه‌ ئینسانی ڕژیم له‌گه‌ڵ كرێكاران، كه‌م و زۆر له‌ هه‌موو شوێنێكی ئێران یه‌كسانه‌ و له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ خه‌باتی سینفی و چینایه‌تیی كرێكاران دژبه‌ سه‌رمایه‌داران و خاوه‌نكاران و ڕژیمی پشتیوانیان له‌ كارخانه‌ و ناوه‌نده‌ كرێكاریه‌كان، له‌ ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا بێ پسانه‌وه‌ی درێژه‌ی بووه‌. حه‌فته‌ی ڕابردوو جگه‌ له‌ كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌، كرێكارانی “پێترۆشیمیی فارابی”ش هاوكات له‌گه‌ڵ كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌، به‌هۆی بایه‌خ نه‌دانی ڕژیم به‌ خواسته‌كانیان، بۆ ٥مین ڕۆژی به‌رده‌وام ده‌ستیان دایه‌ مانگرتن. كرێكارانی فارابی ڕایانگه‌یاند كه‌ هه‌تا ئێستا ڕژیم وڵامی به‌ هیچ كام له‌ خواسته‌كانیان نه‌داوه‌ته‌وه‌ و هه‌ر بۆیه‌ تا  گه‌یشتن به‌ سه‌رجه‌م موتالباته‌كانیان درێژه‌ به‌ مانگرتن ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها حه‌فته‌ی ڕابردوو، كرێكارانی شیركه‌تی له‌به‌نیاتیی “پاژه‌ن”ی تاران، له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ نه‌درانی ٧ مانگ له‌ حه‌قده‌سته‌كانیان و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ركردنیان له‌ لایه‌ن خاوه‌نكاره‌وه‌، ده‌ستیان له‌ كار كێشایه‌وه‌ و مانیان گرت.

هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی سه‌ندیكای كرێكارانی نه‌یشه‌كه‌ری هه‌فت ته‌په‌دا هاتووه‌ كه‌ “یه‌كگرتوویی و هاوپشتی چینایه‌تیی كرێكاران، ڕه‌مزی سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌ كرێكاران و شكستی خاوه‌نانی سه‌رمایه‌ و چه‌وسێنه‌رانه‌. پێویسته‌ یه‌كگرتووانه‌ و به‌ هاوپشتی یه‌كتر درێژه‌ به‌ خه‌باتمان بده‌ین. ده‌نگی ورد بوونی ئێسقانی سه‌رمایه‌داران له‌به‌رامبه‌ر هێزی كرێكارانی هه‌فت ته‌په‌، فوولاد و هێپكۆی ئه‌راك و … ده‌بیسترێ.” له‌ ڕاستیدا هه‌روه‌ك له‌م ڕاگه‌یه‌نداروه‌دا ئاماژه‌ی پێدرا ته‌نیا ڕێگای به‌رئه‌نگاربوونه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ملهۆڕیی سه‌رمایه‌داران و ڕێگری له‌ ده‌ست درێژیان بۆسه‌ر مافی كرێكاران، یه‌كگرتوویی و هاوپشتیی چینی كرێكار و هه‌موو جه‌ماوه‌ری سته‌ملێكراوی كۆمه‌ڵگایه‌ كه‌ له‌ ده‌ست چه‌وسانه‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری وه‌گیان هاتوون. پێكهاتنی ڕێكخراوی سینفی و چینایه‌تیی كرێكاران و توێژی هه‌ژاری كۆمه‌ڵگا له‌ ئاست سه‌راسه‌ریدا، هێزیكی وایان پێده‌به‌خشێ كه‌ به‌ندی پشتی سه‌رمایه‌داران و ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و دژه‌ كرێكاریی كۆماری ئیسلامی تێكده‌شكێنێ