شه‌وی یه‌كشه‌ممه ٢٦ی خه‌رمانان، خه‌ڵكی زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستان و ئێران وێڕای كه‌ش و هه‌وای ئه‌منیه‌تی زاڵكراو به‌سه‌ر شاره‌كاندا، به وتنه‌وه‌ی دروشم و قه‌ره‌باڵغ كردنی شه‌قامه‌كان ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له ئاست كۆماری ئیسلامی نیشان دا.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، شاره‌كانی كوردستان به ته‌واوی میلیتاریزه كراوه و خه‌ڵك ته‌نیا له ڕێگه‌ی وتنه‌وه‌ی دروشمی شه‌وانه و لێدانی هۆڕن دژایه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتگه‌ری ئیسلامی نیشان ئه‌ده‌ن. له شاری هه‌مه‌دان خه‌ڵكی ناڕازی ده‌مه‌و ئێواره ڕژانه سه‌ر شه‌قام به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمه‌وه به شێوه‌یه‌كی وه‌حشیانه سه‌ركوت كران، به كاتی شه‌و خه‌ڵكی ناڕازی له شاری بۆجنۆرد به وتنه‌وه‌ی دروشمی “مه‌رگ بۆ خامنه‌یی” خۆپێشاندانیان كرد و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ڕژیم به‌شه‌ڕ هاتن. هه‌روه‌ها له شاری تاران خه‌ڵكی ناڕازی به كاتی شه‌و دروشمی ئازادیخوازییان به‌رز كرده‌وه.