ڕۆژی سێشه‌ممه ٩ی مانگی گوڵان، پتر له ٨٠ سه‌ندیكا و ڕێكخراوی كرێكاری له سه‌رتاسه‌ری جیهان له نامه‌یه‌كدا بۆ عه‌لی خامنه‌یی، خوازیاری، ئازادیی ده‌ستبه‌جێی دوو موعه‌لیمی به‌ندكراو واته ئیسماعیل عه‌بدی و محه‌ممه‌د حه‌بیبی و گشت موعه‌لیمان و نووسه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و چالاكوانانی مافی مرۆڤ له ئێران، بوون.
له به‌شێك له‌و نامه‌یه‌دا هاتووه كه، “به ڕای ئێمه ده‌ركردنی محه‌ممه‌د حه‌بیبی، ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی دووباره‌ی ئیسماعیل عه‌بدی و هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی نووسه‌ران و هه‌ڵسووڕاوان و داكۆكیكارانی مافه‌كانی مرۆڤ، شه‌پۆلێكی نوێیه له سه‌ركوتگه‌ری به ئامانجی خوڵقاندنی كه‌ش و هه‌وای ترس و توقاندن له سه‌روبه‌ندی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی ڕۆژی جیهانیی كرێكار و خامۆش كردنی ده‌نگی ئه‌م ئینسانه ئازادی خوازانه‌یه. ئێمه هه‌موو ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی كه ئه‌م نامه‌یه‌مان واژۆ كردووه، سه‌پاندنی سه‌ركوت و ژان و ئازاری تاقه‌ت پڕووكێن به‌سه‌ر موعه‌لیمان و نووسه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و چالاكانی مافی مرۆڤ له ئێران، به توندی مه‌حكووم ده‌كه‌ین”.