نەبەرد لەسەر هێنانهدهری مووسڵ لە دهست هێزەکانی “دەوڵەتی ئیسلامیی” ناسراو بە “داعش” درێژەی هەیە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێشتا بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ بهدهست داعشهوهیه. لە هەمانحاڵدا داعش هێز و چەکوچۆڵێکی زۆری لە بەشی ڕۆژئاوای شارەکە دامەزراندووە. دیاردەکان دهریدهخهن کە شەڕی مووسڵ بەپێچەوانەی بهراوردی خۆشبینانەی سەرەتاكان، درێژماوە دەبێت. ئاماره بڵاوکراوەكانیش باس لەوە دەکهن کە ١٠٧ هەزار کەس لە جەمعییەتی ئەمشارە ڕایانكردووه. زیاتر لە میلیۆنێک کەس لەنێوان ئاگری هەردوو بهرهدا گیریان خواردووە و مەترسیی سەرهەڵدانی کارەساتێکی مرۆیی لە چەشنی ئەوەیكه لە شاری حەڵەبی سوورییەدا ڕوویدا، هەڕەشە لە خەڵکی ئەمشارەش دەکات. ئەگەر داعش لە خەڵکی بێدیفاع وەک قەڵغانی مرۆیی کەڵک وەردەگرێت، لە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی عێراق و هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانانیشدا، ڕۆژانە دەیان کەس لە خەڵکی ئاسایی دەبنە قوربانی. هەواڵنێریی ڕۆیتێرز لەم دواییانەدا لە زمان کاربەدەستانی بەڕێوەبەری ئەم جهنگهوه ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە گەلێک خاڵی جێی سهرنجی تێدایە. لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە: “کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەوڵەتی عێراقی ناچار کردووە كه بەپێچەوانەی تەرحی سەرەتا کە تەوافوقی هێزەکانی هاوپهیمانیی دژی داعشیشی لەسەربوو، ڕازیی بێت بەوەیكه تەرحێکی دیكه بۆ نەبەردی موسڵ بگرێتهبهر. ئامانجه ستراتێژێكه تازهكه ئەوەیە کە بەر بە پاشەکشەی هێزەکانی داعش بۆ سوورییە بگیرێت. بە پێی ئەم ڕاپۆرتەی ڕۆیتێرز، ئیستراتیژی یەکەم ئەوە بوو کە مووسڵ لە شێوەی “ناڵه ئەسپ” تەنها لە ٣ لاوە گەمارۆ بدرێت و مەسیری چوارەم لە ڕۆژئاوای شارەکە بۆ پاشەکشەی هێزەکانی داعش کراوە بێت. لە حاڵێکدا کە تاكه مەسیری دەرچوون لەوشارە داخراوە، بههەزاران کەس لە چەکدارانی داعش، هیچ ڕێگایەکیان نییە بێجگە لەوەیکە ههتا دواساتەکان بجهنگن. “کاتێک دوژمنەکەت بخەیتە سووچێك و ڕێگای هەڵاتنی لێ بگری، ئەو ناچارە ههتا کۆتایی بجهنگێت”.
بەڵام لەپاڵ درێژماوەبوونی ئەم جهنگهدا، کوژرانی ههر ڕۆژەی خەڵکی بێدیفاع و ئاوارە بوونی سەدان هەزار کەس، ئەویش لە وەرزی زستاندا، نیگەرانییەکی واقعیتریش لە ئارادایە کە ئەویش ئەوەیە دوای گیرانەوەی شارەکە، هێزە سەرکەوتووەکان لەگەڵ یەکتر و بهتایبهت لەگەڵ خەڵکدا چۆن مامهڵه دەکەن؟ میلیشیای شیعە کە پێشینەیەکی دوورودرێژی لە جەنایەت و ئینسان کووشتندا هەیە و یەکێک لە هۆکارەکانی خەڵتانی خوێنبوونی عێراقە، لایەنێکی نیگەرانییەکانە. میلیشیای عەشایەری سوننهش کە لە شەڕ لەگەڵ داعشدا بەشدارن، لەنێو خۆیاندا تووشی تەفرەقە و چەند دەستەیین و لەسەر حاکمییەتی داهاتووی موسڵ و کۆنتڕۆڵی چاڵە نەوتەکانی ئەم ناوچەیە لە ئێستاوە بۆ یەکتر خەت و نیشان دەکێشن.
عەلی عەلاق، نوێنەری مەجلیس و یەکێک لە کەسانی نزیک لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: “دوای گرتنهوهی شاری موسڵ دابەشکرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی پارێزگای نەینەوا لەنێو ڕەوتە سوننهكانی ئەمشارەدا بەڕادەیەک قووڵ دەبێتەوە کە ڕەنگە کار بگاتە شەڕی چەکداری. “ئەو لەمبارەوه بە ڕۆژانامەی ئەلحەیاتی وتووە : “ڕەنگە ئاستی ئەو تێکهەڵچوونانەی لە سەلاحەددیندا ڕوودەدەن باقی ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە، لەحاڵێکدا کە ڕقابەتی تووندی ئابووریی و دارایی و سیاسیی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتیش دەبیندرێت”.
ئایا دەوڵەتی عێراق قبووڵی دەکات کە هێزەکانی هەرێمی کوردستان لەو ناوچە جێناكۆكهانهدا کە هێزی پێشمهرگهی ههرێم کۆنتڕۆڵی کردوون، بمێننەوە و ئەگەر قبووڵی نەکرد، چ کاردانەوەیەکی دەبێت؟ ڕاستییەکی تاڵی دیكهش لەم بوارەدا هەیە. ئهویش ئهوهیه كه دەوڵەتانی ئێران و تورکییە هەرکامەو بەرژەوەندی خۆی لە عێراقدا هەیە و بۆ پاراستنیان ئامرازهكهشیان فەراهەم کردووە. ئەوان دەتوانن هەر کات كه بیانهەوێ، ئاگری شەڕێکی فیرقەیی و مەزهەبیی لە گۆشەیەکی عێراق لەوانە لە پارێزگای کەرکووک بەرپا بکەن و بەشێک لە خەڵکی ئهو ناوچهیه بهردهنه گیانی یهكتر. ئەساسەن ئەم بارودۆخە واقعییه و ئارایشی هێزە دەرگیرەکان لە بەرەکانی ئەم شەڕەدا، لەپاڵ خۆڕاگریی سەرسەختانەی داعشدا، ئەستاندنەوەی شاری مووسڵی دژوارتر کردووە.
لەگەڵ ئەمانەدا هەمووان دەڵێن کە داعش تەنانەت دوای ئەوەیکە سەرزەمین و شارەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیشی لەدەست دەدات، لهبهر هۆكاری عەینیی، لە عێراق ڕیشەکێش نابێت. گەلێک لە خۆیان دەپرسن داعش چۆن تاڕادەیەک بە هاسانیی شار و ناوچە سوننهنشینەکانی عێراقی کۆنتڕۆڵ کرد و ئەمڕۆ بەم شێوەیە بەتوندیی لەژێر ئەو هەموو گوشارە جەنگییەدا شەڕ بۆ پاراستنیان دەکات؟ سەرەڕای ئەوەیکە بەغداشی بهدهستهوه نییە، هەموو ڕۆژێک بە هاسانیی گیانی دەیان کەس لە خەڵکی ئەمشارە دەستێنێ؟ چ شتێک ئازاردەرتر لەوەیه کە خەڵکی سوننهمەزهەب ناچار بن لەترسی میلیشیای شیعە پەنا بۆ داعش بەرن و لەبەغدا، شانه و ڕێكخستنهكانی داعش لە ناو شاردا، لەپاڵ خەڵکی سوننهدا درێژە بە ژیان و چالاکییەکانیان بدەن؟
وهڵام به گشت ئەم پرسیارانە گرێدراوی ئهم فاكتهرانهیه كه : ههتا کاتێک کە لە عێراقدا دەوڵەتێکی مەزهەبیی لەسەر کارە، ههتا کاتێک کە دابەشبوونی دەسەڵات لەسەر بنهمای تەوافوقی ناسەقامگیری لەسەرەوە، لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییهكان و ههروهها حیزبیەکاندا بكرێت، وڵاتێک بەناوی عێراق، بەداخەوە ڕووی ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بەشێک لە خەڵک کە لە مەیدانی “تەحریر”ی بەغدا کۆدەبوونەوە و درووشمی ئهوهیان دهوتهوه كه: “ئێمە دەوڵەتی مەزهەبیمان ناوێ”، بوونە تروسکەی هیوایەک بۆ ڕزگاربوون لەم بارودۆخە کارەساتبارەی ئێستا. ئەگەرچی نەبوونی یەکگرتوویی و ڕێبەرییەکی وشیار، ڕێگهی بهوه نەدا کە ئەم بزووتنەوەیە بە ئامانجەکانی بگات و بەکردەوە بووه ئامرازی تەسوییە حساباتی نیوخۆی ئەحزابی شیعە، بەڵام به گشت ئەمانەشهوه، ڕێگای ڕزگاربوونی پێشاندا. نە درێژەی سوڵتەی ئەحزابی شیعە، نە سوڵەتی ئەحزاب و ڕەوتە سوننهكان، نە دابەشبوونی دەسەڵات لەسەر بنهمای تەوافوقی نێوان ئەحزاب و ڕەوتەکانی مەوجود، ئهمانه هیچکامیان نەک هەر ئاسایش ناخهنه ناو ئەم وڵاتە، بەڵکوو تەنانەت ئەگەر ئارامییەکی کاتیش بێتهدی، گەرای شەڕێکی خوێناویتری دیکەی لە ناخدا تێدا شکڵ دەگرێت.