ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی مانگی خاکەلێوە، دانیشتنی دادگا بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ١٣ کەس لە دەستبەسەرکراوانی زستانی ساڵی ڕابردوو لە شارەکانی کوردستان، لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر “مەسعوود ڕەجەبی” بەڕێوەچووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان هەر یەک لە “عەزیمە ناسری“، “حوسێن گەردشی” و “ئەمیر عەبدوڵڵایی” خەڵکی بۆکان، “بەهمەن یووسف زاد“، “فەرەیدوون مووساپوور” و “فەرهاد مووساپوور” خەڵکی ڕەبەت و “سۆران حوسێن زادە“، “ئیمان عەبدی“، “سیروان نووری“، “ئەفشین مام ئەحمەدی“، “شەپۆل خزری“، “سیاوەش عەینی” و “کەیوان ئەندار” خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی باکوور” لە لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ورمێ دادگایی کراون. جێگای ئاماژەیە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک لەسەر ئەوە چ سزای سەپێندراوە بەسەر ئەو ١٣ هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.