کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دادخوازیی قەتڵە زنجیرەیییەکان و ڕۆژی خەبات لەدژی سانسۆر

537920 177

١٣ی سەرماوەز ڕۆژی خەبات لەدژی سانسۆرە. پانزە ساڵ لەمەوبەر و لە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٧ی هەتاویدا، کانوونی نووسەرانی ئێران لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکەوە بە یادی دوو گیانبەختکردووی ئازادی ئەندێشە و ڕادەربڕین، محەممەدی موختاری و محەممەد جەعفەری پوویەندە ئەو ڕۆژەی وەک ڕۆژی خەبات لەدژی سانسۆر ناوزەد کرد. ئەم پێشنیازە لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هەڵسووڕاوانی بواری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەگەرمی پێشوازی لێکرا. کانوونی نووسەرانی ئێران لە ٢٥هەمین ساڵیادی جینایەتی قەتڵە زنجیرەییەکاندا، ئەمساڵی بە ساڵیدادخوازیی قەتڵی سیاسی محەممەدی موختاری و محەممەد جەعفەری پوویەندەناوبردووە. لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی بە ئامرازی سانسۆر، دەستی لەسەر ناخی سروشتی ڕووداو و دیاردە و کەسایەتییەکان داناوە و دەستی کردووە بە پێچەوانەکردنەوەی بەها مرۆییەکان و گەندەڵی بەربڵاوی دامەزراوە و دەست و پێوەندەکانی و هەروەها پەرەسەندنی هەژاری هەر ڕۆژەی خەڵک و لێکەوتە نامرۆڤانەکانی پێ داپۆشیوە. ئەم ڕژیمە بە ئامرازیسانسۆر، تیراژی کتێبی لە کۆمەڵگەیەکی ٨٥ میلیۆن کەسیدا گەیاندووەتە ٢٠٠ دانە، شانۆگەری لە مەیدان بەدەر کردووە، سینەمای فەرمیی کردووە بە گاڵتەجاڕ، ئامێرەکانی مۆسیقای هەڵپەساردووە و زۆربەی هونەرمەندەکانی تاراندووە یان گۆشەگیری کردوون. هیچ شتێکی بە ناوی ڕۆژنامەی سەربەخۆ نەهێشتووەتەوە، ئینتەرنێتی بۆ خەڵک کردووەتە گرانترین و بەئازارترین ئینتەرنێتی جیهان، شەپۆلی پارازێتی لەبری وێنە و پرۆگرامەکانی سەتەلایت بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی چاوی خەڵک بەڕووی جیهاندا دابخات و بە بەکارهێنانی سانسۆر نیوەی کۆمەڵگا، واتە ژنانی، لە سەرقاڵ بوون بە هەندێک چالاکی هونەری و ڕاگەیشتن بە ژیان وەک مرۆڤێکی بەهێز و خاوەن بڕیار، بێبەش کردووە. لە کۆتایی بەیاننامەی کانوونی نووسەرانی ئێراندا هاتووە: لەو پانزە ساڵەی کە بەسەر ئەم ناوزەدکردنەدا تێدەپەڕێت، شێواز و ڕەهەندەکانی سانسۆر و هەروەها خەبات و خۆڕاگریی لە بەرمبەریدا پەرەی سەندووە. ڕاستییەکان ئەوە دەردەخەن کە سانسۆری حکوومەت کاریگەریی ڕووخێنەر لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانە دادەنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، هەستی خۆڕاگرییش دەوروژێنێت. جگە لەوەش هاوتەریب لەگەڵ سەپاندنی سانسۆر لەلایەن دامەزراوە جۆراوجۆرەکانەوە، لە تەواوی ئەو ساڵانەدا کەم نەبوون ئەو جەریان و ڕێکخراو و کەسانەی کە دەستیانداوەتە خەبات و خۆڕاگریی، لەوانە هەوڵ و تێکۆشانی فیداکارانەی کانوونی نووسەرانی ئێران؛ بە بەهای تەمەن و گیانی خوازیارانی ئازادی ڕادەربڕین. ناوی بەکتاش ئابتین وەبیرهێنەرەوەی ئەم ڕاستییەیە. خۆڕاگریی لە بەرامبەر سانسۆردا، مومارەسەیەکی ڕەوای مافی ئازادی ڕادەربڕینە و ئەوانەی کە ئەو کارە دەکەن مافی ئازادی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەمەش بە واتای بە ئازادیی ژیانە لە هەلومەرجێکی ستەمکارانەدا. دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی خەبات لەدژی سانسۆر، بەشێکە لە خەبات و خۆڕاگریی لە بەرامبەر خەفەقاندا.

 مێژووی سانسۆری چاپەمەنی و گرتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ئێران کە لە سەردەمی ڕژیمی پەهلەویدا باو بوو، لەسەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم مانگەکانی دوای ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ١٣٥٧ و ڕووخانی ڕژمی شا. لەو کاتەدا خومەینی بە ڕاشکاوی فەرمانی شکاندنی قەڵەم و سووتاندنی ڕۆژنامە و کتێب و بڵاوکراوە نائایینییەکانی دەرکرد و لە ئاستێکی بەربڵاودا دەستیکرد بە دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان. ڕژیمی ئیسلامی بە هێرشکردنە سەر ئازادیی زانیاری و هێرشکردنە سەر زانکۆکان و هەروەها هێرشکردن بۆسەر کوردستانی شۆڕشگێڕ، هەوڵەکانی خۆی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی ئێران دەستپێکرد و لە ڕاستیدا، تەواوکردنی ئەو کارەی کە ڕژیمی شا نەیتوانیبوو بیکات. لەو کاتە بەدواوە لە ئێراندا ڕۆژنامەنووس جگە لەوەی کە بە شێوەیەکی کردەیی دەخرێتە دۆخێکەوە کە خۆی سانسۆر بکات، بە شێوەیەکی ڕەسمیش لە چەندین کەناڵەوە بۆی دیاری دەکرێت کە چی بڵێت و چی نەڵێت، یان دەبێ چی بنووسێت و چی نەنووسێت. کۆماری ئیسلامی تەنانەت تەحەمولی ئەو ڕۆژنامانەش ناکات کە لە چوارچێوەی پاراستنی ڕژیمی ئیسلامیدا و بەڵام بە ستراتیژێکی جیاوازەوە دەردەچن. ئەم ڕژیمە ڕۆژنامەنووسانی دەرەکیش تەحەمول ناکات و بە بیانووی جۆراوجۆر ڕێگرییان لێ دەکات کە بێن بۆ ئێران، یان لە ئەگەری قبووڵ کردنیشیان، ناچار بە خۆسانسۆر کردنیان دەکات. کەم نین ئەو ڕۆژنامەنووسە دەرەکیانەی کە پەروەندەسازییان بۆ کراوە و بە سیخوڕ و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ و هاندانی خەڵک لەدژی دەسەڵات و گەندەڵی ئەخلاقی تۆمەتبار کراون. لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئیمتیاز لە دەوڵەتەکانیان بە بارمتە گیراون و ساڵانێک لە تەمەنیان بەبێ هیچ هۆکارێک لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر بردووە.

لە کۆماری ئیسلامیدا بڵاوکردنەوەی هەر چەشنە زانیارییەک سەبارەت بە دزی و تاڵانچێتی بەرپرسانی باڵای حکوومەت، بە تایبەت ئاخووند و بەرپرسانی ئەمنی و نیزامی، تاوانە. نیشاندانی دیمەنی تاوانەکانی هێزە ئینتیزامی و پاسدار و بەسیجییەکان، تاوانە. لەقاودانی گەندەڵی ئەخلاقی مەلا و بەرپرسە ئایینییەکان، بە بەزاندنی سنوورەکانی ئیسلام دادەنرێت، ڕووماڵکردنی هەواڵی ناڕەزایەتی و خەباتی جەماوەریی بە تاوان دادەنرێت. نووسین و لێکۆڵینەوە لەسەر بێکاری و هەژاری، بەواتای هەوڵدانە بۆ تێکدانی نەزمی گشتی. قسەکردن لەسەر ستەم و چەوساندنەوەی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران، جیاخوازییە. پیشاندانی وێنەی بێ حیجاب و دیمەنە وەرزشیەکانی ژنان، بێڕێزییە بە حەیا و حورمەتی گشتیی. سوکایەتیکردن بە ڕێبەریی، هەوڵە لەدژی ئەمنییەتی میللی. ئەڵبەتە هەرکام لەو بابەتانە بە پێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی سزای خۆیان هەیە و کەسانی بەناو خەتاکار دەبێ زیندانی و ئەشکەنجە بکرێن، دەبێ لەگەڵ بێبەشبوونی کۆمەڵایەتی بەرەوڕوو ببنەوە، بێکار بکرێن، نابێ چیتر مافی ئەوەیان هەبێت کە کاری ڕۆژنامەگەریی بکەن و دەبێ ئیمتیازی ڕۆژنامەکەشیان هەڵبوەشێنرێتەوە وهەموو ئەم بەناوتاوانانەش زیندانیکران و شەلاق و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی بەدواوەیە. واقیعییەت ئەوەیە کە سەرەڕای ئەو هەموو گوشارانە لەسەر چاپەمەنی و ڕاگەیاندنەکان، ئەمڕۆ پرسی وشیارکردنەوە و لەقاودانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی، بە شێوەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگادا لە ئارادایە و ڕژیم نەیتوانیوە لە ڕێگەی هەڕەشە و ئەشکەنجە و زیندانەوە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە جینایەت و تاڵانچێتی و کردەوە بەردەوامە قێزەونەکانی کاربەدەستان و بەرپرسە حکوومەتییەکان بکات و لە هەموو کاتێک ڕسواتر بووە.