کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دابەزینی حەقدەست و هەزینەی کەمەر شکێنی ژیان

هەواڵنێریەکانی حکومەتی ئیسلامی رۆژی ٢٠ ی سەرماوەز ڕایانگەیاند کە بەپێی بەخشنامەی کابینەی دەوڵەتی رۆحانی زیادكرانی لانیکەمی حقوقی کارمەندەکانی دەوڵەت لە ساڵی ٩٥ دا بەلانی زۆرەوە، ١٠ لەسەد له‌به‌رچاوگیراوه‌. لە لایەکی دیکەوە دەبیر کوللی شوڕای ئیسلامی کاری سەربە ڕژیم وتویەتی کە:” ئەگەر بمانەوێ بەپێی زیاد بوونی ١٠ لەسەد حقوقی کارمەندان پێش بینی بکەین لە باشترین حاڵەتدا حەقدەستی کرێکاران لەمساڵدا ١٥ لەسەد زیاد دەبێت کە لەو حاڵەتەدا حەقدەستی کرێکاران لە ٧١٢ هەزار و ٤٢٥ تمەنەوە دەبێتە ٨١٩ هەزار و ٢٨٨تمەن.” ئەو وتی، ” ئەگەری زۆری هەیە، زیادكرانه‌وه‌، ڕێژەی ئاستی حەقدەتەکان بۆ ساڵی ٩٥ بگاتە ١٣ لەسەد، واتە بە ٩٢ هەزار تمەن زیاد بوونەوە ئاستی حەقدەستەکان دەگاتە ٨٠٥ هەزار و ٤٠ تمەن.” ئەمانە لەحاڵێکدایە کە ” فراکسیۆنی کرێکاری مەجلیسی شوڕای ئیسلامی” لانیکەمی حەقدەستی بۆ بنەماڵەیەکی ٤ کەسیی، بە حیساب کردنی بیمە و ماڵیاتەوە نزیکەی ٢ ملیۆن و نیو ئەرزیابی کردوە” و سەرچاوە سەربەخۆکان لە دەوڵەتیش لانیکەمی حەقدەستیان بۆ بنەماڵەیەکی ٤ کەسیی، ٣ ملیۆن تمەن بەراورد کردوە.هەواڵنێری مێهر رۆژی یەکشەممە ١٥ ی سەرماوەز لە زمان ڕەبیعی، وەزیری کارەوە، نووسی کە ئەمساڵ لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی مەشمولی قانونی کار، به‌پێی ئاوسان زیاد وكه‌م دەکرێت. ئەو لەگەڵ ئەوەی ره‌تی نەکردەوە کە کاریگەری حەقدەست لەسه‌ر نرخی گشتی هه‌ندێ لە بەرهەمەکان ته‌نها ٣ لەسەده‌، بەو حاڵەشەوە وتی زیادكرانی حەقدەست گوشار دەخاتە سەر خاوەنکاران. ئەم قسانەی وەزیری کار لە بارودۆخێکدایە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا بەردەوام رێژه‌ی ئاوسانی ڕاگەیەندراو لە لایەن بانکی مه‌ركه‌زی یه‌وه‌ لەگەڵ نرخی ڕاستەقینەدا گەڵێک جیاوازی هەبووە و لە ئه‌نجامی درێژەی ئەم ڕەوتەدا لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو چوار قات دابەزیوەتە ژێر هێڵی هەژاریەوە، بەشێوەیەک کە ئەگەر لانیکەمی حەقدەستی ئێستا ٣٠٠ لەسەدیش زیاد بکەین، دیسانیش توانای کڕینی کرێکاران قەرەبوو ناکاتەوە.603
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لێدوانی پێوەندیدار بە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەست و بەگشتی مەفاهیمی حوقوقی لە مناسباتی چینی کرێکار لەگەڵ چینی سەرمایەدار و دەوڵەت، لەژێر حاکمیەتی نیزامی سارمایەداریی کۆماری ئیسلامیدا واتای ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست داوە. دیاریکردنی ڕێژەی لانیکەمی حەقدەست، بەرهەمی خەباتی چینایەتیی کرێکارانە لەدژی نیزامی سەرمایەداری. لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداریدا کە خەباتی چینی کرێکار قۆناغی واوه‌تری به‌ره‌وکامڵبوون بڕیوە، کرێکاران بە هێزی ڕێکخراویان تائاستیك ئه‌م داخوازه‌یان سەرمایەداران و دەوڵەت لە دیاری کردنی لانیکەمی حەقدەستەکاندا سەپاندوە. دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستەکان و دیاریکردنی حەد و سنورێک بۆ سەرمایەدارن سەبارەت بە لەخوارەوە ڕاگرتنی ئاستی حەقدەستەکان بەم ئامانجەوە ئەنجام دراوە، کە کەمداهاتترین بەشی چینی کرێکاریش بتوانن بە سه‌ره‌نجدان بە ئاستی ئاوسانی ڕاستەقینە و هه‌ڵكشانی نرخەکان، ژیانی خۆیان دابین بکەن. کرێکار بەپێی مەوقعیەتێکی لە مناسباتی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا هەیەتی، نه‌ك هه ر دەبێ بتوانێ بە وەسیلەی حەقدەست و نرخی رۆژانەی هێزی کارەکەی ئیمکانی ئه‌وه‌ی هەبێت کە هەموو رۆژێک ئەو هێزەی ببوژێنێتەوە تا دیسان بیفرۆشێتەوە، بەڵکو بشتوانێ پێداویستیەکانی ژیانێکی ئینسانیش دابین بکات. کرێکار دەبێ بتوانێ کە فرۆشتنی ئەم تاقه‌ سامانەی بەشێوەیەک مودیریەت بکات کە تەمەنێک بتوانێ پێی بژیت، لە نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا ئەم لانیکەمانە رۆژانە پێشێل دەکرێن.
لە ئێراندا لە کێشمەکێشی نێوان دوو چینی سەرەکیی کۆمەڵگه‌دا، سەرمایەداران، خاوەنانی پیشەسازیەکان و دەوڵەت وەک کڕیاری هێزی کار بە پشت بەستن بە بوونی ئەڕتەشی گەورەی زەخیرەی کار، هەوڵ ئەدەن تا حەقدەستی کڕێکاران تا ئاستێک كه‌ بۆیان ده‌كرێ دابەزێنن و دیفاع لە هەرچی سود ئاوەرتر بوونی سەرمایەکانیشیان بە مافی بێ ئەملاو ئەولای خۆیان دەزانن. هه‌ربۆیه‌ کرێکارانیش ده‌بێ بە مافی خۆیانی بزانن کە لە بەرانبەر فرۆشتنی هێزی کاریاندا حەقدەستێک داوابکەن کە بە لەبەرچاو گرتنی رێژه‌ی ئاوسانی واقعی لە کۆمەڵگەدا و پێداویستیەکانی دابین بوونی ژیانێکی ئینسانی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا، بتوانن ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیانی پێ دابین بکەن. لێرەدا لەنێوان مافی سەرمایەدار و مافی کرێکاردا ناکۆکیەکی ئاشکرا و هەمیشەیی بوونی هەیە کە حوکم دەکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا و لەم هاوسەنگی یه‌ هێزه‌ی ئێستادا، بە زەبری قانون و پشت بەستن بە هێزی سەرکوت، ئەم ناکۆکیەی بە قازانجی سەرمایەداران چارەسەر کردوە. ئەم ڕژیمە بە زەبری قانون زیاتر لە ٧٠ لەسەدی کرێکارانی لەژێر چەتری قانونی کار دەرهاویشتوە و لە ئه‌نجامیدا دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستەکان بەهەر ڕێژەیەکیش دیاری بکرێن، ئەم بەشە بەرینە لە کرێکاران ناگرێتەوە و هیج کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی ڕاستەقینەی ئەم بەشە گەورەی کرێکاران کە بە حەقدەستێکی زۆر کەمەوە کار دەکەن، نابێ.
خەبات بۆ زیاد كرانی حەقدەست بابەتێکی جیهانیە. لە زۆربەی ئاکسێۆنە ئێعتڕازیه‌كاندا یەکێک لە داواکاری کرێکاران لە شوێنە جۆراو جۆرەکانی دنیادا، زیاد بوونی لانیکەمی حەقدەستە. بەم دواییانە دەوڵەتی چین ناچار کراوە ١٠ لەسەد بە حقوقی کرێکارانەوە زیاد بکات. کرێکاران ئەم زیاد بوونەیان بە کەم زانیوە و ڕایانگەیاند درێژە بە خەباتیان ئەدەن لەپێناو زیاد بوونی زیاتری حەقدەستەکاندا. لە ئامریکا هەواڵنێریەکان ڕایانگەیاندووه‌ کە لە سیاتێل، نیۆیۆرک و لۆس ئانجلێس شوڕای شارەکان لە هه‌ندێ لە شارەکان په‌سه‌ندیان کردوە کە لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بگاتە ١٥ دۆلار بۆسه‌عاتێك كار. بەپێی ئاخرین هەواڵەکان شوڕای شاری میلواکی، سانی ویل، پالو ئالتو، پیتسبورگ، سان فرانسیسکۆ و چەندین شاری دیكه‌ی ئه‌یاله‌تی نیۆیۆرک، ئەم ڕێژەیان بۆ زیادكرانی حەقدەستەکان پەسه‌ند کردوە. هه‌ندێ لەم شارانە دیانەوێ زیاد بوونی حەقدەستەکان بەرە بەرە بە کردەوە دەربێنن و لە ساڵی ٢٠١٥ دا بیگەیەننە ١٥ دۆلار بۆسه‌عاتێك كار له‌ ئێستادا کەمپەینی ” لانیکەمی ١٥ دۆلار بۆسه‌عاتێك كاری هەر ئێستا” بە زیاد كرانی حەقدەستەکانیان به‌ به‌رهه‌می خەباتی کرێکارانی فەست فودەکان و باقی کرێکارانی کەم حەقدەست ده‌زانن، بەڵام جه‌ختیان كردۆته‌وه‌ کە لانیکەمی حەقدەست دەبێ بەخێرایی بکرێتە لانیکەم ١٥ دۆلار بۆسه‌عاتێك كار. ئەوان دەلیل دێننەوە کە ئاوسانی زیاتر لە ساڵەکانی داهاتودا زیاد بوونی حەقدەستەکان پوچەڵ دەکاتەوە.

پێویستە کرێکاران لە ئێران لە هاوچێنەکانیانەوە لە باقی شوێنەکانی دنیا دەرس وەربگرن. کرێکاران لە دوو وڵاتی چین و ئامریکا و زۆر لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری سه‌لماندوویانه‌ کە دەکرێ دەوڵەتەکان ناچار بە زیاد کرانی حەقدەستەکان بکرێن. داواکاری زیاد كرانی حەقدەست داواکاری هه‌موو چینی کرێکاری لە ئێرانه‌. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە لە ئێران لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو چوار جار لەژێر هێڵی هەژاری یە خەبات بۆ زیاد بوونی حەقدەستەکان خاوەنی مەقبوڵیەتێکی کۆمەڵایەتیە. هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکارای کە لە پێوەندی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ جەماوەری کرێکاران، دەبێ قەناعەتیان پێبهێنن کە وادار کردنی دەوڵەت بە زیاد کردنی لانیکەمی حەقدەست لە ڕێگای خەباتی یەکگرتوانەوە ئیمکان پەزیرە. نەتەنیا بەشێکی بەرین لە ڕیزی نێونەتەوەیی کرێکاران، بەڵکوو کرێکارانی شیرکەتە پێترۆشیمی یەکان پێشتریش هاتنه‌دی ئه‌م داخوازه‌یان سه‌لماندووه‌. پێویستە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری بە پێكهێنانی یه‌كێتیی و هاوپشتیی خەباتکارانە لەنێو ڕیزی کرێکاراندا بوار بۆ بەرەوپێش چوونی خەبات لەپێناو زیادكرانی حەقدەستەکان ئامادە بکەن.