کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دابەزینی بەردەوامی بەهای لیری تورکییە و داهاتووی تاریکی دەسەڵاتی ئەردۆغان

cfe67d18 1499 4904 9333 c8b9c2ce0208 16x9 1200x676

ڕەوتی دابەزینی بەهای پارەی نەتەوەیی تورکییە هەروا درێژەی هەیە. بەجۆرێک کە لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە هەتا ئێستا پتر لە ٤٠ لەسەد بەهای خۆی لەدەست داوە. لە نوێنترین هەواڵدا ڕۆژی هەینی ٢٦ی مانگی سەرماوەز بە دابەزینی ٨ لەسەدیی لیر، قەیرانی دراوی تورکییە خێراییەکی زیاتری بەخۆی گرت و نرخی هەر دۆلارێک لە ١٥ لیر تێپەڕ بوو.  بە پێی ڕاپۆرتەکان هاوکات دوو جێگری ئابووریی تورکییەش لەسەر کار لابردراون. دابەزینی بەردەوامی لیری تورکییە ژیانی لە ملیۆنان کەس لە خەڵکی تورکییە و لەوانە خەڵکی کوردستان سەخت و دژوار کردووەتەوە.  لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەزاران کەس لە ئیستانبوڵ و ئانکارا لە ناڕەزایەتی بە درێژەی چوونەسەرەوەی ڕێژەی ئاوسان و هاتنەخوارەوەی بەهای پارەی نەتەوەیی تورکییە هاتنە سەر شەقامەکان. ڕەخنەگران و نەیاران، سیاسەتی حیزبی دەسەڵاتدار بە هۆکاری ئەم باروودۆخە دەزانن، بەڵام ئەردۆغان لەسەر درێژەدانی سیاسەتەکانی پێداگری دەکات.

گرینگترین دواهاتی ئەم سیاسەتە ئابوورییە کەم بوونەوەی توانای کڕینی خەڵکی ئاساییە کە داهاتیان بە لیر بەدەست دێنن. لە هەمان حاڵدا نائەمنیی سیاسی و نەخۆشیی کۆرۆنا، سەنعەتی تووریسم واتە گەورەترین بەشی پڕداهاتی ئەم وڵاتەی زەمینگیر کردووە.

چەند ساڵ لەمەوبەر لە حەرەکەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا، تورکییە شەش سفری لە پارەی خۆی سڕییەوە و یەک ملیۆن لیر یەک شەوە بوو بە یەک لیر. بەڵام پانتایی قەیرانی سیاسی و ئابووریی تورکییە بەرینتر لەوە بوو کە بە لابردنی شەش سفر کێشەی دراو و ئابووریی تورکییە چارەسەر بێت. لە ئێستادا بۆ  جارێکی دیکە شایەدی دابەزینی زیاتری بەهای لیری تورکییە لە بەرامبەر دراوە موعتەبەرە جیهانییەکان داین.

لەگەڵ نزیک بوونەوەی کاتی هەڵبژاردنەکانی تورکییە و بەلەبەرچاوگرتنی ئاگاداربوونی ئەردۆغان لە چوونەسەرەوی ناڕەزایەتیی خەڵک دژبە دەسەڵات، ئەردۆغان و وەزیری دەرەوەی بۆ جارێکی دیکە باس لە لەشکرکێشی بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریە دەکەن و لە هەمان حاڵیشدا لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوام دەست دەدەنە تیرۆر و بۆمباران.

بەڵام قەیرانی سیاسی، ئابووری و دیپلۆماتیکی تورکییە ئەوەندە بەهێز و بەرینە کە چیتر لەشکرکێشی بۆسەر کوردستانیش ناتوانێ خەڵکی تورک بۆ پشتیوانی لە ئەردۆغان بێنێتە مەیدان. تاکتیکی ڕژیمی ڕەگەزپەرستی تورکییە بۆ چوونەدەرەوە لە قەیران و سەرکوتی زیاتری خەڵکی کوردستان، چیتر کارایی نەماوە و کارساز نابێت.

قەیرانی بەرینی ئابووری، ماڵی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژێئۆپۆلیتیک و دیپلۆماتیک سەرتاپێی وڵاتی تورکییەی داگرتووە و لەگەڵ هەر قسەوباسێکی ئەردۆغان ڕەوتی دابەزینی لیر خێراییەکی زیاتر بەخۆی دەگرێت، تا جێگایەک کە ڕێبەرانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکییە و بەشێکی زۆر لە خەڵک خوازیاری بێدەنگ بوون و دەم هەڵنەپچڕینی ئەردۆغان بوون!

نزیکەی یەک سەدە شەڕ و داگیرکاری دژبە خەڵکی کوردستان لە تورکییە و لە ناوچەکە، ئیسلامی کردنی هەموو ناوەندەکانی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی ڕاگەیەنە گشتییەکان، زیندانی کردنی هەزاران ڕۆژنامەوان، چالاکی مەدەنی و تەنانەت ئەندامی پارلەمان و شارەدارییەکان، داگیرکردنی نیزامیی بەشێک لە کوردستان لە سووریە و عێراق، شەڕ لە لیبی، و ناردنی جەهادییەکانی هاوپەیمانی ئەردۆغان بۆ ئازەربایجان لە دیفاع لە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئازەربایجان، داگیرکردنی نیزامیی قێبرێس، بەهێز کردنی داعش و باقیی گرووپە جەهادییەکانی ناوچەکە، بەگشتی تورکییەیان هەرچی زیاتر خستووەتە پەراوێزی سیاسی و دیپلۆماتیکەوە.

لە پەنا ئەم قەیران و باروودۆخە نالەبارە ئابوورییەدا ئاستی توندوتیژی لەم وڵاتە بەخێرایی چووەتە سەرێ و ئەمنییەتی هاووڵاتییان زیاتر لە ڕابردوو کەوتووەتە مەترسییەوە. “پارتی کۆماریی گەل” لە ڕاپۆرتێکدا کاریگەرییەکانی توندوتیژی لەسەر ژنان، منداڵان، پەنابەران و لاوان دەداتە بەر لێکۆڵینەوە و دەنووسێت: “لە ماوەی ٩ مانگی ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٢ هەزار و ٥٩٢ توندوتیژیی چەکدارانە لە تورکییە ڕوویان داوە کە لەم ڕووداوانەدا هەزار و ٤٧٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٢ هەزار و ٦٩٣ کەسیش بەهۆیەوە برینداربوون. ئەم ئامارە لەچاو ساڵی ڕابردوو یەکجار چووەتە سەرێ. لە ڕووی پێوەری خۆشبژێویشەوە وڵاتی تورکییە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٣٣ پلە هاتووەتە خوارێ. بەلەبەرچاوگرتنی ئاماری لەسەرێی جەنایاتی تێکەڵ بە توندوتیژی، تێکهەڵچوونی ناوخۆیی، تاوانی ماڵی و سیاسی، ئەم وڵاتە بووەتە یەکێک لەوڵاتە نائەمنەکانی جیهان.

هەموو نیشانەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە لە تورکییە ڕەوتی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەدۆغان خێراییەکی زیاتری بەخۆی گرتووە. بەڵام هەر ئەم نیشانانەش دەرخەری ئەوەن کە ئەردۆغان بۆ مانەوەی لە دەسەڵات، قەیرانی نوێ و لەوانە شەڕ دژبە خەڵکی کوردستان لە سووریە و عێراق زیاتر پەرەپێدەدات.

ملهوڕ و دیکتاتۆرەکان ئەگەر دەستیان دابێتە گەندەڵی ماڵی و سیاسیی بەرینیش، بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات و لەقاو نەدرانی دۆسیەی پڕ لە گەندەڵیی خۆیان و بنەماڵە و نزیکانیان، وڵات بە ئاسانی لەگەڵ قەیرانی گەورەتر بەرەوڕوو دەکەنەوە و دەیخەنە سەر لێواری داڕمان. ئەردۆغانیش ئەگەر بتوانێت و دەرفەتی ئەوەی هەبێت، لەڕێگەی پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی قەیرانە جۆراوجۆرەکانەوە هەمان ڕێگا دەگرێتە بەر.