کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دابەزینی به‌های دراوی ڕسمیی، هێرشێکی دیكه‌یه‌ بۆسەر ئاستی بەڕێچوونی زۆرینه‌ی خەڵکی ئێران

لە ماوەی ئەم ڕۆژانەی دواییدا به‌های دراوی ئێران لە بەرانبەر دراوه‌ دەرەکییەکاندا بە شێوەیەکی کتوپڕ دابەزیوە و به‌های ڕەسمیی یەک دۆلاری ئامریکایی هه‌تا ٤ هەزار تمەن بەرز بووه‌تەوە. ڕوحانی لە جەریانی تەبلیغاتی هەڵبژاردنیدا و لە حاڵێکدا کە به‌های یەک دۆلار گەیشتبووە ٢٥٥٠ تمەن، باسی لە ناکارامه‌بوونی دەوڵەتی ئەوکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی به‌های دراو دەکرد. ئەو لەو کاتەدا به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دەدا کە گۆیا بە کارامه‌یی و بە شێوەیەکی زانستییانه‌ ڕێژه‌ی یه‌كسانكردنی دراو دادەشکێنێ و سەقامگیری دەکات. به‌ڵام ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ٣ ساڵ و نیو بەسەر ئەو کاتەدا و ساڵێکیش دوای ڕێككه‌وتنی هەستەیی کە بڕیاروابوو گەشەی ئابووریی بەشوێندا بێت، به‌های دراو نەک هەر دانەبەزیوە و سەقامگیر نەبووە بەڵکوو گەیشتووەتە ٤ هەزار تمەن لە بەرانبەر دۆلارێکدا.دەوڵەتی ڕوحانی لە قۆناغی دوایی و لە سەروبه‌ندی ڕێككه‌وتنی هەستەییدا دەیوت کە بە هاتنەوەی پارە بلۆک کراوەکان بۆ نێو وڵات، دراوی ڕەسمیی ئێران مەوقه‌عییەتێکی پایەدارتری دەبێت، بەڵام وادیارە لە حاڵێکدا کە بەرجام خێرێکی بەشوێنەوە نەبووە، دەوڵەت بەرەوڕووی كورتهێنانی بودجەیەکی زۆر بۆتەوە، پارە بلۆک کراوەکانیش نەگەیشتوونەتە دەست ڕژیم. لە ئامریکاشەوە پەیامی ناخۆش و ناسازگار لەم بوارەدا دەگاتە گوێ. لە وه‌ها بارودۆخێکدا دابەزینی بایه‌خی دراوی ئێران بۆ دەوڵەتی ڕوحانی خاسییەتێكی دیكه‌ی عه‌مه‌لیشی هەیە. ڕوحانی باش دەزانێ کە بە دەوڵەتێکی لەباری ئابوورییەوە وەرشکستبووش ناکرێ بچیتە نێو ململانێی هەڵبژاردنەکان و به‌مجۆره‌ خەڵکیشی بۆ ڕاناكێشرێته‌ پای سندووقەکانی دەنگدان. لەمڕووەوە به‌نیازه‌ كه‌ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەزینەکانی ئێستا و كورتهێنانی بودجەی دەوڵەت لە گیرفانی مۆزدبگیرانی کۆمەڵگه‌ دابین بکات.864

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دابەزینی به‌های دراوی ڕەسمیی لە ئێران بە هەر هۆكارێكیش بێت، بەرهەمی ڕەوتە غەیرە قابیلی کۆنتڕۆڵەکان لە ئابوورییەکی قەیرانلێدراو بێت یان سیاسەتێکی وشیارانه‌ و به‌ئانقه‌ست، لە هەر حاڵدا ئه‌وه کرێکاران و حقوق بگیرانی ئاسایین كه‌ ده‌بێ هه‌زینه‌كانی بده‌ن. ئاشکرایە لە حاڵێکدا کە ڕێژەی هەقدەستەکان ئه‌گه‌ر لە باشترین حاڵەتیدا بە سەقامگیریی بمێنێتەوە، بەکارهێنه‌رانی کالا ئەساسییە پێویسته‌كان ناچارن بۆ هەمان بڕه‌ مەسرەفی ڕۆژانە، پووڵ و پارەیەکی زیاتر بدەن.

لە جیهانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا، زۆرجار دەوڵەتان له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا به‌های پووڵی ڕەسمیی وڵاتەکەیان، وەک سیاسەتێکی داڕێژراو و ئاگاهانە کەمێک دادەبەزێنن هه‌تا کڕیارانی دەرەکیی بۆ کڕینی کالا بەئەرزی هەرزانتر هان بدرێن و لە ئاکامیدا هەناردەکردن زیاد بکات و بەرهەمی نێوخۆیی گەشە بەخۆیەوە ببینێ. بەڵام وه‌ها دابەزینێكی خێرا و كتوپڕی به‌های دراوی ڕەسمیی لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، دەرئەنجامێکی لەم چه‌شنه‌ی نابێت. لەبەر ئەوەیكه‌ له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا ئابووریی ئێران له‌ بنه‌ماوه‌ پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە و نەوتیش بە به‌ها نێونەتەوەییەکان مامەڵە دەکرێت. له‌ پله‌ی دووهه‌میشدا هەناردەی غەیرە نەوتیی ئێران بە بەراورد لەگەڵ هەناردەکردنی نەوتدا کەمە و دەستەبەرکردنی داهاتی دراو لەم ڕێگایەوە، ناتوانێ ببێتە ئامانجی وەها سیاسەتێک. لەگەڵ ئەوەدا وەها سیاسەتێک بەر لەوەیکە ببێتە هۆی پەرەسەندنی بەرهەمی ناوخۆیی، دەبێتە هۆی بێ ئێعتیباریی هه‌رچی زیاتری دراوی ڕەسمیی. کەواتە ده‌بێ له‌ جیگه‌یه‌كی دیكه‌دا به‌شوێن ئامانجی وەها سیاسەتێکه‌وه‌ بین و ئەویش شتێک نییە بێجگەلە دابینکردنی كورتهێنانی بوودجه‌ لە گیرفانی خەڵک نه‌بێ. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دەوڵەتی ڕوحانی، سەرەڕای تەبلیغاتێکی بێ بنەما کە لە بواری دەستکەوتە ئابوورییەکانیدا دەرخواردی خەڵکی دەدات، بەکردەوە لە بنبەستێکی ئابووریدا گیری خواردووە و بە سیاسەتی ئەمڕۆ بە سبەیکردن، ئابووریی ئێران بەڕێوە دەبات.

لە حاڵێکدا کە کاربەدەستانی دەوڵەتی ڕوحانی بە باشیی دەزانن کە چ نەفرەتێک لە ڕژیم لە دڵی خەڵکی ئەم وڵاتەدا په‌نگی خواردووه‌تەوە، لەحاڵێکدا کە کرێکارانی ئێران هەموو ڕۆژێک لە نەبەردی چینایەتیی لەگەڵ سەرمایەداراندا بەرەوڕوون، ئەگەر گرتنەبه‌ری وەها سیاسەتێک بەواتای بنبەستی ئابووریی نەبێت، چۆن دەکرێ گومان بکرێت کە دەوڵەتی ڕوحانی لەم بارودۆخەدا دەست بۆ وەها ریسکێک بەرێت.

بەڵام لە هەمانحاڵدا ئەوەیکە لە پێوەند لەگەڵ بنبەستی ئابووریی دەوڵەتی ڕوحانیدا جێگای بیرلێکردنەوەیە، بەهرەبەرداریی باڵی خامه‌نەیی و سپای پاسدارانە لە مەوقه‌عیەتێک کە دەوڵەتی ڕوحانی تێی کەوتووە. ڕۆژنامەکان و دەزگا تەبلیغاتییەکانی سەربەم باڵە، بەردەوام باس لە ناکامیی و لە ئاماری درۆیینەی دەوڵەتی ڕوحانی دەکەن. ئەم باڵە لەگەڵ ئەوەشدا كه‌ دەزانێ خۆشی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم قەیران و بارودۆخه‌ شپرزه‌ ئابوورییە، موعجزەیەکی پێ ناكرێت، بەڵام لە هەوڵی ئامادەکردنی کۆمەڵگه‌دایە بۆ خۆشباوەڕییەکی تازه‌تر. ئەوان له‌ڕێگه‌ی خستنه‌به‌رچاوی چەند گۆشەیەک لە ناکامییەکانی دەوڵەتی ڕوحانییه‌وه‌، به‌نیازن وابنوێنن کە گۆیا ڕێگه‌چارەی دەربازبوون لە قەیرانی ئابووریی، له‌دەست ئەواندایه‌. کارناسانی ئەم باڵە باس لە پێویستیی بەدەوڵەتیکردنی زیاتری ئابووریی دەکەن و جاریواشه‌ كه‌ کرێکارانیش بۆ دژایەتیکردنی خسوسی سازییەکان هان دەدەن. سپای پاسداران وەک مێحوەری بەدەوڵەتیکردنەکان، بە زۆرەملێ هەر ڕۆژە و حەوزەیەکی نوێ لە ئابووریی ئێران دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە. ناوەندەکانی نەیاری سەر بە ڕژیمیش، کۆنتڕۆڵی بۆنگا وەرشکسته‌بووەکانی کەرتی تایبەت وەئەستۆ دەگرن.

لە وه‌ها بارودۆخێکدا ئەوەیکە بە تایبەت کرێکاران پێویسته‌ باش بیزانن، ئەو راستیەیە کە له‌ به‌یان و سیمای هیچکام لە باڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا، ڕێگه‌چارەیەک به‌دیناكرێت کە ببێتە هۆی باشتربوونی ژیانی ماددییاندا. بۆنگا دەوڵەتییەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سپای پاسداران، له‌ڕێگه‌ی دامەزراندنی ئینزیباتێکی پادگانییه‌وه‌، سه‌ختترین کۆنتڕۆڵیان خستووه‌تەسەر هەموو جۆرە جوڵەیەکی کرێکاریی. ئاستی هەقدەستەکان لە دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا بەهیچ شێوەیەک بانتر نییە لە ئاستی هەقدەسته‌كان لە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتدا. تەنانەت یاسای کاری کۆماری ئیسلامیش لە دامەزراوەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سپای پاسداراندا ڕەچاو ناکرێت. ئەگەر به‌هۆی خسوسی سازییەکانه‌وه‌ كرێكاران كه‌ هیچ پشتیوانییەکیش شك نابه‌ن، بەرەو کۆیلەبوونی سەرمایەدارانی چاوچنۆک دەبات، بەدەوڵەتیکردنەکانیش زه‌بر و زه‌نگێكی زیاتر بەسەر فەزای ناڕەزایەتی و خەباتی کرێکاراندا دەسەپێنێ.

چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشی ئەم کۆمەڵگه‌یە بۆ ڕزگاربوونیان لە بارودۆخی دژواری ژیان، ناتوانن پشت بە هیچ شتێک ببه‌ستن، بێجگەلە هێزی خەباتی وشیارانە و ڕێكخراویان نه‌بێ.