کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەڵک چاوەڕیی ئاکامی کێشەکانی نێوخۆی ڕژیم نابن

 دوای رێككه‌وتنی هەستەیی ناسراو بە بەرجام، نێشانەکانی قەیرانێكی نوێی سیاسی حکومەتی و درێژەی قەیرانی ئابووری بە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیەوە دیارە. لەم رۆژانەی دواییدا ” عیباڕەتی بەرجام دوو” هاتۆتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی کۆماری ئیسلامیەوە و لە لایەن دەوڵەت و لایەنگرانیەوە کەڵکی لێوەردەگیرێت. ئه‌م ڕه‌سته‌یه‌ کە دەست پێکردنەوەی کێشەکانی روو لە زیاد بوونی نێوخۆی رژیم سەبارەت بە سیاسەتی ئابووری و پێوەندی نێوده‌وڵه‌تی لە قۆناغی دوای بەجامدا مانا دەکاتەوە.رۆژی ١٤ ی مانگی ڕێبەندانی ڕابردو، لە مەڕاسمی رۆژی ” فەنئاوەری فەزاییدا”، حەسەن رۆحانی دوای ئەژماردنی ئەو زیانانەی کە لە ئاکامی گەمارۆکاندا توشی ئابووری ئێران بوو، وە هەروەها ئەو هەوڵانەی دەوڵەتەکەی بۆ دەست ڕاگەیشتن بە ریك كه‌وتنی به‌رجام، وتی:” ئێمە لە بەرجامی یەک پەڕینەوە و ئه‌مرۆكه‌ دەبێ بەرجامی دوو دەست پێبکەین” ئەم وتەیە نیشانی ئەدات کە چەمکی بەرجام دوو، وه‌كو رێگاچاره‌یه‌ك بۆ قەیرانی ئابووری ڕژیم ناوه‌وه‌ی وڵات چاوی لێده‌كرێت. هەروەها رۆحانی لە پەیامە نەورۆزیەکەیدا جارێکی تر مەفهومی بەرجام دووی لە پێوەند لەگەڵ پێویستی ڕزگار کردنی ڕژیم لە دژواریە ئابووریەکاندا بەکارهێنا.683

بەڵام خامنەیی لە سوخەنرانی خۆیدا بە بۆنەی یەکەم رۆژی ساڵی نوێوە لە مەشهەد وڵامێکی توندی بەم ئاراستە گرتنەی دەوڵەت دایەوە. ئەو وتی:” کەسانێک ئەڵێن هەر بەوجۆرەی کە ریككه‌وتنی هەستەیی ناوی بەرجامی یەکی بەخۆیەوە گرت، وتووێژ لەگەڵ ئامریکا سەبارەت بە بابەتەکانی تر و لە بواری تردا دەتوانێ بەرجامی ٢ و ٣ و ٤ بن، تا بەم وتووێژانه‌، خەڵک ئاسودە تر بژین و کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بێت.” خامنەیی بۆچونه‌ی بە” مەترسیدار” وەسف کرد و ووتی ئه‌و ئاراسته‌یه‌ دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێران، لە ڕێگای نزیک بوونەوە لە ئامریکا، پشتیوانی لە ( بە وتەی ئەو) خەڵکی مەزلومی موسڵمان ولا بنێت.
کێشمە کێشی نێوان دوو رێباز لە حاکمیەتی ئیسلامیدا کە ئەمرۆ زیاتر بە مەسەلەی ئابووریەوە گرێدراوە، شتێکی نوێ نییە و لە هەموو ماوەی دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاقدا بەردەوام شاهیدی ئەم کێشمە کێشانە بووین.
لەگەڵ دەرکەوتنی حەسەن رۆحانی لە شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ١٣٩٢ دا، وە بەشوێن ئەودا رێككه‌وتن لەگەڵ رۆژئاوا بە ڕێبەریی ئامریکا جارێکی تر بوارەکانی دەرکەوتنی ئەم ناکۆکیانە چالاک تر بوونەوە. رێككه‌وتنی هەستەیی لە ڕوانگەی خامنەیی و سپای پاسدارانەوە، هەم پێویست بوو هەم پاشەکشەیەکی ئاشکرا بوو لە سیاسەتەکانی ئەم باڵەی رژیمدا. بەڵام لە هەمان سەرەتاوە ئاشکرا بوو کە هاوسەنگی ڕاستەقینەی نێوان هەردوو باڵەکە به‌ شێوه‌یه‌ك نییه‌ کە سپا و خامنەیی بەشوێن پاشەکشە کردن لە بەرجامدا، مل به پاشه‌كشه‌ی تریش بده‌ن. بە پێچەوانەی ئەوەی لە مەیدانی وتووێژە هەستەییەکاندا روویدا کە ناچار بوون بەکردەوە یەکگرتوانە بجوڵێنەوە، لەگەڵ لاچونی تەحریمەکان، قسە لە سود و سەرمایەیه‌ وە سیاسەتە ئابووریەکان دەبوو ئەم نیازە دابین بکه‌ن. بەم هۆیەوە، ئابووری بوو بە مەیدانی گەلێک کێشمە کێشی جیدی لە رژیمی کۆماری ئیسلامیدا و لەنێوان دەسەڵاتی مافیای ئابووریدا.
لە مەیدانی سیاسەتە ئابووریەکاندا بە پێچەوانەی وتووێژی هەستەیی ، مه‌یدانی ئاستی مانۆڕی حەسەن رۆحانی گەلێک بەرتەسکە، بۆ نمونه‌ لایەحەی بەرنامەی پێنج ساڵەی شەشەمیش کە دەبوو له‌ درێژه‌ ماوه‌دا سەنەدی ڕێنمایی سیاسەتە ئابووریەکانی ئێران ، بەهۆی دەژایەتی مەجلیسی نۆیەمەوە گه‌راندرایه‌وهە بۆ دەوڵەت. بەڵام گرفتی سیاسەتی ئابووری دەوڵەتی رۆحانی تەنیا لە دژایەتی ناوەندەکانی دەسەڵات لە ئێراندا نییە بەڵکو لە ڕاستیدا لە حاڵێکدا کە دەوڵەتەکەی لە کۆتایی ٤ ساڵەی خۆی نزیک دەبێتەوە، ئێران یەکێک لە خراپترین ڕکودە ئابووریەکانی مێژووی سەردەمی خۆی ته‌جروبه‌ ده‌كات. خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵە و بە دابەزینی نرخی نەوتیش بەتاڵتر بووە، نیزامی بانکی وڵات لە قەیرانێکی بێ وێنەدا پەلەقاژەیەتی، گەندەڵی به‌ ئه‌وپه‌ری خۆی گه‌یشتووه‌، بێکاری رووی لە زیاد بوونە و بەشێکی زۆر لە یەکە پیشەسازیەکانی وڵاتیش، کە هێشتا بەسەر پێوەن، بە زەرفیەتی ژێر پەنجا لەسەدەوە کاردەکەن.
ئەگەرچی سیاسەتی رۆحانی زیاتر لەگەڵ نیازەکانی بۆرژوازی ئێراندا وەک چینێک هاوتەریبە و هەروەها زۆرتر هاوسانە لەگەڵ کار کردی سەرمایەی جیهانی بەڵام لە بەرانبەر ئەهرومە سەرەکیەکانی دەسەڵات لەنێوخۆی حاکمیەتدا، ویلایەتی فەقیە و سپای پاسداران و بونگا و بونیادە گەورە ئابووریەکانی سەربەوانە بێ ده‌سه‌ڵاته‌. ڕاگەیاندنی ئابووری مقاومەتی لە لایەن خامنەییەوە شتێک نییە بێجگە لە پێداگری لەسەر درێژەی کۆنترۆڵ کردنی ئابووری ئێران لە ئاستی کەڵانیدا، لە لایەن ئەو ناوەندانەوە.
٣٧ ساڵ حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە کە نە بەرجامی دوو و نە ئابووری مقاومەتی کە تا ئێستا لە شکڵ و شیوەی جیاوازدا هاتونه‌ته‌ گۆڕێ، نەیانتوانیوە و ناتوانن گرێیەک لەو هەزاران گرێیەی ژیانی خەڵک بکەنەوە، شەڕ و کێشەی دوو ئاڵترناتیو لە نێوخۆی رژیمدا، لە پلەی یەکەمدا شەڕێکە بۆ زەمانەت کردنی درێژەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی و هەروەها کێشەیەکە بۆ زیاتر تاڵان کردنی سەروەتی گشتی و بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. جه‌ماوه‌ری خەڵک نابێ چاوەڕیی کێشمە کێشەکانی نێوخۆی ڕژیم بن. بۆ ڕزگار بوون لە دەست ئەم ڕژیمە و هەموو موسیبەتەکانی دەبێ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك خۆیان قۆڵی لێ هەڵماڵن.