کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەڵک بە هێزی خۆیان وڵامی کەلێنی دەسەڵات ئەدەنەوە

IMG 20230425 003855 482

لە درێژەی ژاراویکردنی زنجیرەیی قوتابخانەکان لە ٦ مانگی ڕابردودا، ئەمجارە قوتابیان لە ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی سنە بە گازی شیمیایی ژاراوی کران. هەر ئەو جۆرەی کە پێشتریش وتبوومان، ڕژیم بەم کردارەی تۆڵە لە کچان و ژنان و لە ڕاستیدا لە سەرجەم کۆمەڵگەی ناڕازی ئێران کە ئاپاڕتایدی جنسیەتی و هەڵاواردنی نیهادینە کراو لە دژی ژنان لەوە زیاتر تەحەمول نەکردوە و ناکەن دەکاتەوە. ڕژیمی برینداری ئیسلامی بە ژاراویکردنی قوتابخانەکان بە ئاشکرایی بە ژنان و خەڵک ئەڵێ یان مل کەچی سیاسەتە کۆنەپەرستانەکان بن و یان ئەمنیەتی گیانیتان نابێت. ئەم ڕژیمە کە ناتوانێ سەدان هەزار و تەنانەت چەندین ملیۆن نەیاری سیاسی خۆی زیندانی بکات، لە ترسی سەرهەڵدانی  ناڕەزایەتی خیابانی لەوانە پەنای بردۆتە بەر هێرشی تیرۆریستی شیمیایی دژبە کچان و ژنان و هەموو کۆمەڵگە، تا بە تەواوی چاوترسێنیان بکات.

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ژاراویکردنی قوتابخانەکان و بێدەنگی ماناداری حاکمیەت لە بەرانبەر ئەم جانەیەتەدا، شۆڕای هاوئاهەنگی تەشەکولە سینفیەکانی فەرهەنگیان بە بڵاوکردنەوەی بەیانیە خوازیاریپێکهێنانی کۆمیتەی جەماوەری بۆ پارێزگاریکردن لە قوتبیانی قوتباخانەکان لە بەرانبەر هێرشی شیمیایی و دروستکردنی زنجیرەی ئینسانی لە دەوری مەدرەسەکانبووە. لە بەشێک لەو بەیانیەدا هاتوە:

  شەش مانگ بەسەر جەنایەتی هێرش شیمیایی بەردەوام بۆسەر قوتابخانەی زیاتر کچانەی وڵاتدا تێدەپەڕێت. وێڕای کاردانەوەی جاروبارەی کاربەدەستان، ئەم هێرشانە چەندین جار لەلایەن خەڵک، کەس وکاری قوتابیان، مامۆستایان و ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە مەحکوم کراوە و بەگشتی خوازیاری دەستبەسەرکردنی ئامران و بکەرانی ئەم زنجیرە جەنایەتەن. لە حاڵێکدا شاهیدی درێژەی ئەم جانایەتانەین کە گومانی ڕێکخراو بوون و پشتیوانی ئامانجداری حکومەتی زیاتر لە هەر هۆکارێکی تر ئاشکرایە. ڕەدکردنەوە و پاساودانی بەرپرسانی بێ کیفایەت، خۆڵ دەکەنە چاوی ڕاستیەوە. فەرماندەی هێزی ئینتیزامی وڵات بێ توانا و دەستەوەستانە لە دابینکردنی ئەمنیەتی منداڵانی ئەم وڵاتە. بەڵام لە هەمان حاڵدا سەرنجی خۆی زیاتر خستۆتەسەر هەڕەشە کردن لە ژنانی ئازادیخواز؛ ئەو ژنانەی کە بۆ هەڵبژاردنی ئازادانەی جۆری پۆشینی خۆیان لە بەرانبەر گوشار و سەرکوتی نایاساییدا خۆڕاگری دەکەن.”

لە بەشێکی دیکەی بەیانیەکەدا هاتوە:” لەم بارودۆخەدا شۆڕای هاوئاهەنگی تەشەکولە سینفیەکانی فەرهەنگیانی ئێران بە ئەرکی خۆیانی دەزانن بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان، مامۆستایان و کارمەندانی شەریف و زەحمەتکێشی قوتابخانەکان لە هەموو ئیمکانات و زەرفیەتە زانستیەکانی کەڵک وەربگرێت. پێشنیار دەکرێت قوتابیان، بنەماڵەکانیان و مامۆستایانی دڵسۆز، دەست لەنێو دەستی یەکتر، قوڵی لێ هەڵماڵن و کۆمیتەی پارێزگاری لە قوتابیان و قوتابخانەکانی گەڕەک ڕێکبخەن. ئەگەر ئامران و بکەرانی ئەم جەنایەتە کارەساتبارە نەناسرێن، محاکەمە و دادگایی و سزا ندرێن، مامۆستایان ناچارن بۆ پاراستنی گیانی قوتابیان، کلاسەکانی دەرس لەسەر شەقامەکان بەڕێوەبەرن و داواش لە کۆمیتەکانی پاراستنی جەماوەری و والدین دەکات زنجیرەی ئینسانی بە دەوری قوتابیاندا بکێشن.”

  بەیانیەکە لە کۆتاییدا دەڵێ:” شۆڕای هاوئاهەنگی تەشەکولە سینفیەکانی فەرهەنگیانی ئێران ئەگەر بێت و هێرشە شیمیاییەکان بە خێرایی ڕانەگیرێت و ئامران و بکەرانی ئەم جەنایەتە مەترسیدارە سزای دادوەرانەی قەزایی نەدرێن لە گشت پوتانسیەلەکانی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوە کەڵک وەرده‌گرێت. شۆڕای هاوئاهەنگی ڕیکخراوە سینفیەکانی فەرهەنگیانی ئێران، بە نوێنەرایەتی لە مامۆستایان، سەبارەت بە سیناریۆی ژاراویکردنی قوتابیان بێدەنگ نابێت و لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم کارەساتە نامرۆڤانەیە لە حەفتەکانی داهاتودا لەگەڵ مامۆستایانی سەرتاسەری وڵات، لەسەر شەقامەکان وڵامێکی گونجاو بەم ئەفکارە هەڵە و کۆنەپەرستانەیەی دەمارگرژەکان ئەداتەوە.”

ڕاستی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە گەڕانەوە بۆ قۆناغی بەر لە شۆڕشی ژینا خەیاڵێکی خاوە و بارودۆخەکە بۆ بەر لەم شۆڕشەی لە ئارادایە ناگەڕێتەوە. پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهیناندا، ناڕەزایەتی خانەنشینان، مامۆستایان و باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵ بەشێکی جیانەکراوەن لەم ئاڕاستەیەی کە سێبەری شۆڕشی هەروا بەسەر فەزای سیاسی ئێراندا ڕاگرتوە. لەم ڕوەوە ڕوون و ئاشکرایە کە جەنایەتی ژاراویکردنی قوتابخانەکان لە پاڵ باقی جەنایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیدا کۆمەڵگا چاوترسێن ناکات. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئەوە دەچێت کە لە درێژە و کامڵ بوونی خۆیدا، جارێک و بۆ هەمیشە کۆتایی بە هەژاری و بێ بەشی و بێ مافی و کۆیلەتی ئینسانەکان بێنێ. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە پەنابردنە بەر ئەم جۆرە جەنایەتانە بۆ ترساندنی خەڵک، بە ئاشکرایی لاوازی و بێ توانایی خۆی لە بەرانبەر ژنان و کچان، لاوان و خەڵکی ئازادیخوازدا کە سەنگەرە فەتح کراوەکانی خۆیان ڕادەست ناکەنەوە، دەخاتە بەرچاو. لە بەرانبەر ئەم لاوازییە ئاشکرایەدا، لەبەرانبەر ئەم کردەوە جەنایەتکارانەدا، هەر ئەو جۆرەی کە لە بەیانیەکەدا هاتوە، خەڵک بە پێکهێنانی ڕێکخراوەکانی سەربەخۆ یان لە شوێنی کار و ژیانیان داکۆکی لە خۆیان دەکەن.

بەهێز بوونی دەسەڵاتی خەڵک لە ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە کار و ژیانەوە بەرهەمی سروشتی درێژەی ناڕەزایەتی و خەباتێکە کە لەمڕۆدا سێبەری پڕڕەنگی دەسەڵاتدارانی توشی وەحشەت کردووە، بۆیە بەم شێوەیە دەست بۆ ئەنجامدانی هەر جەنایەتێک ئەبەن. بە دەست پێکردنی مانگرتنی کرێکاری، بە پەرە ئەستاندنی ناڕەزایەتیەکان دژبە بارودۆخی بەڕێوچوون و دژبە داسەپاندنی حیجابی ئیجباری، ژماردنی پێچەوانە بۆ ڕزگاری یەکجاری لە دەست باندە مافیایی و گەندەڵە ئیسلامیەکان دەستی پێکردوە و دەستپێکی کۆتای هاتنی ئەم حکومەتە مەزهەبی و جەنایەتکارە لە ئاسۆی سیاسیدا دەرکەوتوە.