کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەڵکی سوورییە هەروا لە ئاگری شەڕدا دەسووتێن

دوای شکستهێنانی ئاگربەستێکی چەند ڕۆژە لە سوورییە و بێ ئاکام مانەوەی وتووێژی نائاسایی نێوان ئامریکا و ڕووسییە و هه‌روه‌ها وەزیرانی ده‌ره‌وه‌ی دەوڵەتانی ئەندامی بەئیستلاح گرووپی نێونەتەوەیی ” پشتیوانانی سوورییە” لە نیۆیۆڕک بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئاگربەست، دەورێکی تازەی شەڕ و تێکهەڵچوونه‌كان دەستی پێکردووه‌تەوە. بە دوای شکستی ئاگربەستدا، بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری حەڵەب کەوتووه‌تە ژێر قورسترین ئاگری بۆمبارانی ئاسمانیی هیزه‌كانی به‌شار ئه‌سه‌د. بەپێی هه‌ندێک ڕاپۆرت لە درێژەی بۆمبارانەکانی ڕۆژی پێنجشەممەدا، پێش نیوەرۆی هەینی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری حەڵەب لانیکەم ٦٠ جار بۆمباران کراوە. بە وتەی شایه‌تحاڵان ئەم بەشە لە شار بە تەواویی وێران بووە و بە سەدان کەسی تر لە خەڵکی ئاسایی گیانیان لەدەست داوە یاخود بریندار بوون. لە لایەکی دیکەوە لە بارودۆخێکدا کە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی شەڕلێدراو و ئاوارە لە پارێزگای حەڵەب پێویستییان بە یارمەتیی نێونەتەوەیی خێرا هەیە، ناردنی یارمەتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و سەلیبی سووری نێوده‌وڵه‌تیی، بەهۆی بارودۆخی جەنگییەوە ڕاگیراوە. وه‌ك دیاره‌، ئاگربه‌ستی کاتیی نەک هه‌ر ڕەوتی وتووێژەکانی به‌ره‌وپێش نه‌بردووه‌، بەڵکوو گوڕ و تینی زیاتریشی داوەتە دێوەزمەی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە.
درێژە و پەرەسەندنی ئەم شەڕ و خوێن ڕشتنە، بەرهەمی چاره‌ هەڵنەگری توندبوونەوەی ململانێی لایەنە دەرگیرەکانە، بۆ دەستەبەر کردنی باڵاده‌ستیی لە مەیدانەکانی شەڕدا، هه‌تا بتوانن لەسەر مێزی وتووێژه‌كان مەرجەکانیان بسەپێنن. دەوڵەتی سوورییە کە هەروا خاوەنی پشتیوانیی نیزامیی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی ڕووسییە، ڕژیمی ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانە،له ‌ڕێگه‌ی زیاتر کردنی هێرشە ئاسمانییەکان و عەمەلییاتی زەمینیی لە هەوڵدایە تا ناوچەی زیاتری ژێر دەسەڵاتی هێزە نەیارەکان کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. لەمڕووەوە هێرشەکانی بۆ سەر بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری حەڵەب کە لە ڕابردوودا ناوەندێکی گەورەی بازرگانیی و پیشەسازی سوورییە بووە، چڕ کردووه‌تەوە. دەوڵەتی سوورییە و هاوپەیمانەکانی لەسەر ئەم باوه‌ڕه‌ن کە تەنها له‌ڕێگه‌ی بەرەوپێشچوون لە مەیدانی شەڕ و زاڵ بوون لە ڕەوتی وتووێژەکاندایە کە دەکرێ مانەوەی بەشار ئەسەد لەسه‌ر كورسی دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی زەمانەت بکرێت.دەوڵەتی سوورییە کە به‌دوای دەستپێکردنی دەستوەردانی نیزامیی دەوڵەتی رووسییە، جێگه‌ و شوێنی لە مەیدانەکانی شەڕدا بە شێوەیەکی ڕێژەیی باشتر بووە، دەیهەوێ لە توانایی و زەرفییەتی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسییە بۆ بەهێزکردنی پێگەکانی، ئەوپەڕی بەهرەبەرداریی بکات.810

لە لایەکی دیکەوە ئامریکا به‌دوای ئه‌وه‌یه‌ کە لە چەند بەشێکی سوورییەدا ناوچەی دژەفڕین ڕابگەیەنێت و لەم ڕێگه‌یەوە مەیدانی مانۆڕ و عەمەلیاتی هێزی ئاسمانیی سوورییە و فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسییە بەرتەسک بکاتەوە. لە ماوەی ئەم ڕۆژانەی دواییدا، “جان کێریی” چەندین جار ڕایگەیاندووە کە :” بەرەوپێشچوونی ڕه‌وتی ئاشتیی، تەنها کاتێک دەتوانێ جێی باوەڕ بێت کە هەر كام لە لایەنەکانی شەڕ کە خاوەنی چەکوچۆڵی ئاسمانین، ئەو چەکانە بەکار نەهێنن…”. دەوڵەتی تورکییەش بەردەوام خوازیاری دروست کردنی ناوچەی دژەفڕین و درووستبوونی ناوچەی بۆشایی بووە، هه‌تا وەک پێگەیەک بۆ هێرشکردنەسەر بزووتنەوەی کوردستانی سوورییە و تووشی شکست کردنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی خەڵکی ئەم ناوچەیە کەڵک وەربگرێت. دەوڵەتی ئاڵمان کە لە کاتی تووندبوونەوەی قەیرانی پەنابەراندا سیاسەتێکی چالاکانەتری به‌رامبه‌ر به‌ قەیرانی سوریە گرتووه‌تەپێش، بە ئامانجی هێورکردنەوەی قەیرانی پەنابەریی زۆر لایەنگری دروستبوونی ناوچەی دژە فڕینە لە سوریە و هەوڵیشی بۆ ده‌ەدات. ئەم هەوڵانەش لە بارودۆخێکدایە کە دەوڵەتی ڕووسییە لەم هاوسەنگیی هێزه‌ی ئێستادا بە هاسانی ڕازی نابێت بە دروستبوونی ناوچەی دژە فڕین و هاوکات حەسەن ڕووحانیش وتوویەتی کە ” ناوچەی دژە فڕین بە قازانجی ئەو تێرۆریستانەیە کە بێجگەلە فڕۆکەی جەنگیی خاوەنی هەموو ئیمکاناتێکن.”

ئەم کێشمەکێش و ململانێیانه‌ بۆ دەستەبەر کردنی پێگەی بانتر لە مەیدانەکانی شەڕ کە هەر ساتێکی بە قیمەتی وێرانیی زیاتر و کوشتار و ئاوارەبوونی خەڵکی بێدیفاعی سوورییە تەواو دەبێت، ماهییەتی درۆیینەی ئاشتیخوازیی دەوڵەتانی ناسراو بە گوروپی نێونەتەوەیی بە ئیستلاح ” پشتیوانانی سوورییە” بەڕوونیی نیشان ده‌دات. ئەم هێزە کۆنەپەرستانە، لەژێرناوی ئاشتیخوازیی بۆ خەڵکی سوورییە، بەشوێن بەرژەوەندی سەرمایەدارانەی خۆیانەوەن.

توندبوونەوەی ئەم کێشمەکێشانە دەریدەخات کە ڕووسیە و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی بەشار ئەسەد وەک ڕژیمی ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان، بە هاسانیی ڕازی نابن بە لادانی ڕژیمەکەی. لە لایەکی دیکەشەوە حکومەتەکانی عەڕەبستانی سعودیی، قەتەر و تورکییە ده‌ست له‌ پشتیوانیکردنی خۆیان لە ڕەوتەکانی وەک داعش، ئەڕتەشی ئازادی سوورییە و تاقمه‌كانی وەک جەیشۆلفه‌تح و قاعیدە و باقی تاقم و ده‌سته‌ ئیسلامییەکان دەست هه‌ڵناگرن. ئامریکاش کە لاواز بوونی ڕێبەرییەکەی بە تایبەت دوای لەشکرکێشیی بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق بۆ هەمووان دەرکەوتووە، ناتوانێ بۆ دروستکردنی نەزمی جێی سه‌رنجی خۆی، هیچ سیاسەتێک تەنانەت بە هاوپەیمانە ئێستراتێژیکەکانی خۆشی لە ناوچەکەدا دیکتە بکات.

لەم بارودۆخه‌ی ئێستادا هیوادار بوون بە نەخشە و پلانی هێزە ئه‌مپڕیالیستییه‌كان و حکومەتە کۆنەپەرستەكانی ناوچەكه‌ بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە وێرانگەرە بێسەمەرە. بێگومان کورت كرانه‌وه‌ی دەستی هەموو هێزە ده‌رگیر و تێوه‌گلاوه‌كان لەم قەیرانە، مەرجی پێویستە بۆ دامەزراندنی بارودۆخێک کە تێیدا خەڵک بتوانن بیرێک لە خۆیان بکەنەوە و چارەنووسی سیاسیی خۆشیانی تێدا دیاریی بکەن.

لەم بارودۆخەدا ڕزگار بوونی خەڵک لە چنگ شەڕ و ماڵوێرانی و سەرکوت، ڕێگه‌چارەی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیش ده‌خوازێ. هه‌ر لەم ڕووەوە، ڕێگه‌ی دەربازبوون لەم بارودۆخە،چالاك بوون و گێڕانی دەور و نەقشە لە لایەن ئینسانە تێکۆشەره‌كان و ئازادیخوازان و هێزە پێشکەوتن خوازەکانی سەرجەم ناوچەکه‌ و هه‌روه‌ها پشتیوانییه‌كی ئەنترناسیۆنالیستییە لە خەڵکی سوورییە. لە وه‌ها بارودۆخێكدا بەهێزكردن و پتەوکردنی پێوەندیی و هاوپشتیی خەڵکی کوردستانی سوورییە لەگەڵ خەڵکی باقی ناوچەکانی ئه‌م وڵاته‌،‌ کە بە ئێعتبار و پاڵپشتی ئەزموونی حكوومه‌تێكی خۆبەڕێوەبەر، بۆ خەڵکی ناوچەکەش بوونەتە جێگه‌ی هیوا و ئومێد، ورەبەخشن بۆ خەڵکی سەرتاسەری سوورییه‌. ئەم پێویستییانە دەخوازن کە خەڵکی ئازادیخواز و هێزە پێشڕەو و تێکۆشەرەکان لە وڵاتانی ناوچەکە و سەرتاسەری جیهانیش، بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی سوورییە، هێزە دەرگیر و تێوه‌گلاوه‌كان لەم قەیرانە،بۆ كۆتایی هێنان به‌م جه‌نگ و ماڵوێرانییه‌، بخەنە ژێر گوشار.

بابەتی پەیوەندیدار

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah