کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاریی بەردەوامە

هەفتەی ڕابردوو مانگرتن و کۆبوونەوە کرێکارییەکان بەشێوەی ڕۆژانە بەردەوام بوو. مانگرتن و ناڕەزایی کرێکارانی نەوت، لەوانە خەباتی کرێکارانی فەرمی و کاتی و بەشی چاککردنەوە و پترۆشیمییەکان، لەناو چالاکییە کرێکارییەکانی هەفتەی ڕابردوو دا جێگەیەکی گرنگی بەخۆیەوە بینی. ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢ سەدان کرێکاری خاوەن گرێبەستی کاتیی و کورت ماوەی وەزارەتی نەوت لە چەند ناوەندێکی نەوت کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ئەوان هەروەک پێشووتر دیارییانکردبوو، لە چەند شارێک لەوانە کەنگان، گەچساران، عەسەلویە، ئیلام و ئەهواز، بەشێوەیەکی هاوکات کۆدبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. بەشێک لە داواکارییەکانی کرێکاران بریتی بوون لە: گۆڕینی دۆخەکەیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیارنامەی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ی شۆڕای کارگێڕی و دامەزراندنی پیشەسازی نەوت، جێژنانەی کرێکاریی، کڕینەوەی مۆڵەت بە پێی یاسای کار، حیسابکردنی ئیزافەکاری و پاداشتی بەرهەمهێنان بەپێی هێزە خاوەن گرێبەستە دیاریکراوەکان و پێدانی پاداشتی خوێندن بە منداڵانی کارمندان. هەر لەو ڕۆژەدا کرێکارانی پترۆشیمی ئابادان بەرامبەر بە نەگۆڕینی گرێبەست لە کاتیییەوە بۆ فەرمی، نەدرانی حەقدەستی شەش مانگ، پێدانەچوونەوە بە تەرحی تەبەقەبەندی کار، بڕینی پێدانی بەشێک لە داواکارییەکان و نەدرانی حەقدەستەکانیان لە کاتی خۆیدا، لەبەردەم ئەو ناوەندە لە شاری ئابادان کۆبوونەوە. کرێکارانی بەشی نۆژەنکردنەوەی ئەو پترۆشیمییەش ڕۆژی ١١ی ڕەزبەر بە مانگرتنەکەوە پەیوەست بوون کە بەگوێرەی هەواڵەکان، ڕووداوێکی بێوێنە بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ڕەزبەر، مانگرتنی کرێکارانی گرێبەستی پتروشیمی ڕازیش لە بەندەر ئیمام، بەردەوام بوو و پێی نایە ناو شەشەمین ڕۆژی خۆیەوە. هەروەها کرێکارانی چێشتخانەکەش بەو مانگرتنەوە پەیوەست. داواخوازییەکان بریتین لە پێدانی داواکارییە نەدراوەکان، یەکسانکردنی حەقدەست و مەزایا و بە فەرمیکردنی سەرجەم کرێکارانی وەزارەتی نەوت، هەروەها باشترکردنی حەقدەست و بارودۆخی کاری هاوکارە گرێبەست و فەرمییەکانیان. ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەر، کرێکارانی فەرمی نەوت لە سەکۆ دەریاییەکانی شیرکەتی فەلاتی قاڕەی ئێران و نەوت و گازی پارس، لە دژی سنووردارکردن و کەمکردنەوەی حەقدەستەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی. ناڕەزایەتیی ئەم دەورەیەی کرێکارانی فەرمی نەوت لە هەفتەی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە. ئەوان ڕایانگەیاند کە هەموو دووشەممەیەک بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکانیان. هاوکات لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارانی نەوت، خەبات و ناڕەزایەتی کرێکارانی بەشی چاککردنەوەی هێڵ و ژێربینای تەکنیکیش لە چەند شوێنێک بەردەوام بوو. ئەم کرێکارانە کە زۆربەیان لە لایەن شیرکەتە پەیمانکارییەکانەوە لە ڕێگای ئاسن دامەزراون، داوای ئەمنییەتی پیشەیی، باشترکردنی بارودۆخی کار، جێبەجێکردنی تەرحی تەبەقەبەندی کار و پێدانی حەقدەستە وەدواکەوتووەکانیان و زیادکردنی حەقدەست دەکەن. کرێکاران و کارمەندانی بەشی چاککردنەوەی هێڵ و ژێربینای ڕێگای ئاسنی کرمان لە میحوەری زەرەند، کە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم سێ جار لە بەردەم پارێزگای کرمان کۆبوونەتەوە، دەڵێن کە بەڵێنیان پێدراوە بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان بکەن، بەڵام هیچ هەواڵێک لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە نییە. کرێکاران و کارمەندانی بەشی چاککردنەوەی هێڵ  و ژێربینای تەکنیکی ڕێگای ئاسنی قوم شیرکەتی( فەلەق )کە ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕەزبەر لە ناڕەزایەتی بە دواکەوتنی حەقدەست و نەدرانی داواکارییەکانیان مانیان گرتبوو، ڕۆژی هەینی ٧ی ڕەزبەر جارێکی دیکە لە بەردەم پارێزگای قوم کۆبوونەوە. ئەو کرێکارانە ڕایانگەیاندووە کە تا تەواوی داواکارییەکانیان پێنەدرێت و تەرحی تەبەقەبەندی کار جێبەجێ نەکرێت، دەست لە مانگرتن و ناڕەزایەتی هەڵناگرن.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕەزبەر، کرێکارانی بەشی چاککردنەوەی هێڵ و ژێربینای تەکنیکی ڕێگای ئاسنی لوڕستان و زاگرۆس لە ناڕەزایەتی بە پێنەدانی حەقدەستەکانیان، دەستیان لەکار کێشایەوە.

کرێکارانوکارمەندانیبەشیچاککردنەوەیهێڵوژێربینایتەکنیکیڕێگایئاسنیجنووبیش،لەدژیدواکەوتنیحەقدەستونەدرانیحەقیبیمەلەلایەنپەیمانکارەوە،ناڕەزایەتییاندەربڕی.

هەروەها ناڕەزایەتیی کرێکارانی شیرکەتی ئەلەمنیۆمی ئێرانیش لە حەوتووی ڕابردوودا گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. ڕۆژی شەممە ٨ی ڕەزبەر، کرێکارانی شیرکەتی ئەلەمنیۆمی ئێران، بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کەمی حەقدەست، پێشێلکرانی مافی کرێکاران لە بارودۆخی خراپی ئابووری و بەرزبوونەوەی هەڵاوساندا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیرکەتەکە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، دژی زیادکردنی حەقدەستی کرێکاران بوون. خۆپیشاندەران وێڕای بەرزکردنەوەی دروشم لە دژی ئەوان، ڕایانگەیاند، تا ئەو کاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت، ڕێگری دەکەن لە چوونی بەڕێوەبەری جێبەجێکار بۆ ناو شیرکەتەکە. ڕۆژی شەممە ٨ی ڕەزبەر، کرێکارانی کانگای خەڵوزی تەزرە هەڵکەوتوو لە پارێزگای سمنان دەستیان لەکار کێشایەوە و خوازیاری باشترکردنی بارودۆخی کار و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەک مانگە و ئەمنییەتی پیشەیی بوون. هەزار کرێکاری ئەم کانە هیچ ئەمنییەتێکی پیشەییان نییە و سەرەڕای هەبوونی چەندین ساڵ پێشینەی کار لەو ناوەندە، بەشێکیان هەتا ئێستاش گرێبەستی یەک مانگیان هەیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بارودۆخی کاری کرێکاران گەلێک سەخت و مەترسیدارە. لە دوایین ڕووداوی کارکردن لەم کانەدا کە ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژ ڕوویدا، شەش کرێکار بەهۆی تەقینەوەیەکی سەرچاوەگرتوو لە تەشەنەکردنی گاز، گیانیان لەدەستدا. کرێکاران جگە لە باشترکردنی ئەمنییەتی کار و ئەمنییەتی گیانی، داوای زیادکردنی حەقدەستەکانیشیان دەکەن. لەو خەبات و ناڕەزایەتییانەی هەفتەی ڕابردووی کرێکارانی نەوتدا کە لەسەرەوە ئاماژە بە بەشێکیان کرا، هەندێک نزیکایەتی و یەکگرتووییان لە خۆیان نیشاندا کە ئومێدبەخشە. بەڵام ئەم نزیکایەتی و هاوئاهەنگییە لە نێوان کرێکارانی بەشی چاککردنەوەی هێڵ و ژێربینای تەکنیکی ڕێگای ئاسندا بەرچاونەکەوت. هەر بەشێک لەو کرێکارانە بە شێوەی لێرە و لەوێ، لە ناوەند و شارە جیاوازەکان، بەگژ خاوەنکارەکاندا چوونەوە. پێویستە هەوڵ بدرێت ئەو پرش و بڵاوییە چارەسەر بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

دادخوازیی قەتڵە زنجیرەیییەکان و ڕۆژی خەبات لەدژی سانسۆر

-

خەباتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیاندا

-

کۆیلایەتی مۆدێرن لە سەردەمی سەرمایەداریدا وتەیەک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بنبڕکردنی کۆیلایەتی

-

وەحشیگەریی لە زیندانەکانی ئیسرائیل دا

-

تەنیا بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، کێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر دەبێت

-

وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین

-