کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەباتی موعەلیمان هیوای گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە بەهێز دەکات

eteraz sarasari moaleman 1024x683 1

لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا موعەلیمان بە دەیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە بەرامبەر ئیداراتی ئامووزش و پەروەرش بەڕێوەبردووە. داخوازیی دیاری ئەم قۆناغەیان، بەکردەوە دەرهێنانی “گەڵاڵەی ڕیزبەندیی پیشەکان” بە پێی ٨٠ لەسەدی حقوقی هەیئەتە زانستییەکانی زانکۆکان بوو. موعەلیمانی خانەنشینکراویش بە ئاکسیۆنەکان پەیوەست بوون. ئەوان وێڕای پشتیوانی لە داخوازیی موعەلیمان لەسەر کار، خواستی بردنەسەرەوەی حقوق و هاوسانسازی ئەوانیشیان هێنایە گۆڕێ.

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی موعەلیمانی ئێران لە درێژەی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتیانەدا، بانگهێتشێکی بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی خەباتکارانە لە ڕۆژی شەممە ٣ی مانگی ڕەزبەر دەرکرد. موعەلمیان و خانەنشینکراوانی ئامووزش و پەروەرش لە ٣٥ شاری هەڵکەوتوو لە ١٨ ئۆستان وڵامی ئەرێنیان بەم بانگهێشتە داوە. شۆرا لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکەوە وێڕای دووپات کردنەوەی داخوازیی ڕیزبەندی، تەئکیدی لەسەر هێندێک داخوازیی دیکەی موعەلیمانی لەسەر کار و خانەنشینکراو کرد کە بەکورتی بریتین لە:

بەکردەوە دەرهێنانی کامڵ و بێ هەڵاواردنی “فەوقولعادەی ویژە” بۆ گشت موعەلیمان، دانی حقوقی خانەنشینی، بایەخدانی تایبەت بە خواستی کارنامە سەوزەکان و پێکهێنانی ئەمنییەتی پیشەیی هێزە خەرید خەدەماتییەکان، خوڵقاندنی بەستێنی ئەمن بۆ کردنەوەی مەدرەسەکان لەم باروودۆخە کۆرۆناییەدا، ڕاگرتنی پووڵی و خسووسی کردنی فێرکاری، ڕاگرتنی پەروەندەسازی دژبە چالاکانی پیشەیی، ئازادیی موعەلیمانی بەندکراو و گەڕانەوە سەر کاری موعەلیمانی دەرکراو و دووری کردن لە ئەمنییەتی کردنی ناوەندەکانی فێرکاری.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٣ی مانگی ڕەزبەردا چەندین موعەلیمی چالاک، خەباتی بەردەوامی موعەلیمان و پشتیوانیی کرێکاران و پێشڕەوانی کۆمەڵ لە خواستەکانیان وەبیر هێنایەوە. موعەلیمانی ناڕازی لە ئیسفەهان تێکڕا سروودی ” همراه شو عزیز”یان وتەوە. موعەلمیانی خەباتکار لە باقی کۆوونەوەکاندا درووشمەکانی وەک “موعەلیم وشیارە، لە هەڵاواردن بێزارە”، “گەڵاڵەی ڕیزبەندی مافی ئێمەیە” و “نە تەسلیم نە سازش، ڕیزبەندیی بێ خواهش”یان وتەوە.

شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی پەیمانیی نەوت ڕۆژی شەممە ٣ی ڕەزبەر وێڕای دەربڕینی پشتوانیی کامڵ لە خواست و خەباتی موعەلیمان ڕاگەیەندراوێکی دەرکرد. لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:

“موعەلیمانی ئەمڕۆ دەنگی ناڕەزایەتیی ئێمە کرێکاران و هەموو خەڵکن. خوێندنی بێبەرامبەر بۆ هەموو منداڵان، کەرەستەی پێویست بۆ فێرکاریی ئانلاین لەوانە هێڵی ئینتێرنێت و تەلەفونی هۆشمەندی بێبەرامبەر بۆ هەموو موعەلیمان و خوێندکاران و پێداگری لەسەر پێکهێنانی هەرچی خێراتری باروودۆخی ئەمن بۆ دەستپێکردنی فێرکاری لە مەدرەسەکان، لەوانە واکسیناسیۆنی بێبەرامبەری هەموو موعەلیمان و منداڵانی سەرووی ١٢ ساڵ و دابین کردنی ماسک و ماددەی گەندبڕ کردنی بەخۆڕایی بۆ خوێندکاران و پەیڕەوکردنی مەودادانان و تەرخان کردنی  یەک کورسی بۆ یەک خوێندکار، هەر هەموویان خواستی ڕەوای ئێمە کرێکاران و خەڵکە و ئەم بابەتە پەیوەندی بە گیان و ژیانی منداڵەکانمانەوە هەیە”.

ڕژیم لە جیاتی بایەخدان بە داخوازیی ڕەوا و لانیکەمی موعەلیمان و خانەنشینانی ئیداراتی ئامووزش و پەروەرش و نفووزیان لە ناو کۆمەڵ، بە هەڕەشە و ڕەوانەکردنی هێزی سەرکوت بۆ شوێنی کوبوونەوەکان و دەستبەسەرکردنی وتەبێژی ناوەندی موعەلیمانی ئۆستانی گیلان، عەزیز قاسم زادە، هەوڵی دا موعەلیمانی خەباتکار و خەڵکی داکۆکیکاریان بترسێنێت. ئەم کردەوەیە لەگەڵ ناڕەزایەتیی میدیایی و بەنووسراوەی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوەکانی موعەلیمان و سەندیکاکانی کرێکارانی شیرکەتی واحید و هەفت تەپە بەرەوڕوو بۆوە. ئەم سەندیکایانە نووسییان:

“ڕۆژی یەکشەممە ٤ی مانگی ڕەزبەر، عەزیز قاسم زادە ئەندامی ناوەندی پیشەیی موعەلیمانی گیلان، یەک ڕۆژ پاش کۆبوونەوەی سەرتاسەری موعەلیمان لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا. بەر لە ناوبراویش، ١٥ ژن و پیاو لە چالاکانی موعەلیمان لە شارە جۆراوجۆرەکان بەهۆی چالاکیی پیشەیی و ناڕەزایەتی بە وەزعی ئێستا لەپێناو باشتر کردنی بژێو، دەستبەسەر و زیندانی کران”.

ئەم سەندیکایانە وێڕای نووسینی ناوی چالاکانی دەستبەسەرکراو، لە درێژەدا ڕایانگەیاند:

“سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتۆبوسڕانیی تاران و دەورووبەر و سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە، پەروەندەسازی، دەرکردن، هەڕەشە، ترساندن و دەستبەسەر و زیندانی کردنی موعەلیمان بەتوندی مەحکووم دەکات و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی هەموو حوکمێکی زاڵمانەیە کە دژبە چالاکانی پیشەیی دەردەکرێت و خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجی گشت موعەلیمانی بەندکراو و باقیی بەندکراوانی دیکەین کە لەپێناو بەهرەمەند بوون لە گوزەرانێکی باشتر و ژیانێکی شایستە زیندانی کراون”.

خەباتی کرێکاران، موعەلیمان و خانەنشینکراوان لە شەوەزەنگێکدا کە کۆماری ئیسلامی بە پەرەپێدانی هەژاری، کوشتاری کۆرۆنا و ڕەشبگیری پێکیهێناوە، هاوشێوەی مەشخەڵی درەوشاوەیە. موعەلیمانی خەباتکاری لەسەرکار و خانەنشینکراو، کە خۆیان بەشێک لە چینی کرێکارن، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە پەنا هێنانە بەرەوەی خواستی مەعیشەتی، بە مەحکووم کردنی دەستبەسەر کردن و بە خواستی ئازادیی موعەلیمانی بەندکراو، زیندان و دەزگای قەزایی واتە پایەکانی مانەوەی ڕژیمی دیکتاتۆری ئیسلامییان بردووەتە ژێر پرسیارەوە. موعەلیمانی خەباتکار، بەمجۆرە هیوا بە گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەیان لە ناو کۆمەڵدا بەهێز کردووە و دەیکەن. ئەوان بەشێوەیەکی دیارتر، لە پەنا کرێکارانی وەک سەنعەتی نەوت، شۆفیر واحیدەکان و کرێکارانی هەفت تپە بە هێنانەگۆڕی پێویستیی واکسیناسیۆنی بێبەرامبەر و گشتی، خۆیان وەک پشتیوانانی سڵامەتی توێژە جۆاوجۆرەکانی کۆمەڵ سەلماندووە.

وەها کردەوەیەکی خەباتکارانە دەبێتە هۆی ئەویکە جەماوەری تینووی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، لە خواستی پیشەیی و سیاسیی موعەلیمان زیاتر پشتیوانی بکەن.