کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خەباتی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیاندا

download 30

کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٩٢ ڕۆژی ٣ی دسامبر بەرامبەر لەگەڵ ١٢ی سەرماوەزی وەک ڕۆژی جیهانیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دیاریکرد. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی، لانیکەم یەک ملیارد و ٣٠٠ ملیۆن کەس واتە ١٦%ی دانیشتوانی جیهان خاوەن پێداویستی تایبەتن. ئەم ڕێژەیە لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا تاڕادەیەک زیاترە. کەمئەندامبوون دابەش دەکرێت بەسەر بواری جەستەیی، دەروونی یان زێهنی دا و ئەوان بە شێوەی زگماکی یان بەهۆی ڕووداوێکەوە تووشی کەم ئەندامی دەبن. شەڕ و ڕووداوەکانی کار بەرچاوترین هۆکارن بۆ کەمئەندامبوون. بۆ نموونە ئەو کەمئەندامانەی کە بەهۆی جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە کە زۆربەیان منداڵن و هەروەها ئەوانەی بەهۆی دەستدرێژیەکانی دەوڵەتی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین کەمئەندام بوون و ویژدانی وەخەبەر هاتووی خەڵکی وشیار و ئاشتیخواز و دژە شەڕ لە جیهاندا ئازار دەدات. بەشێوەیەکی گشتی کەمئەندامان لە هەموو وڵاتەکانی جیهان کە سەرجەمیان لەلایەن خاوەن سەرمایە و دەوڵتەکانیانەوە بەڕێوەدەبرێن، لە زومرەی بێمافیترین و ئازارچێشتووترین هاووڵاتیانن. لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و لە هەر شوێنێک ڕاستە توندڕەوەکانی وەک کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتدارن، ڕەنج و بێ مافییەکانی کەمئەندامان تاقەت پروکێن ترە.

بە پێی ئامارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی، تەنیا نزیکەی یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی وڵات وەک خاوەنی جۆرێک لە کەمئەندامی ناسراون. لەبەرامبەردا بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی سەربەخۆیکەمپەین بۆ بەدواداچوونی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانناسراو بەکەمپەینی کەمئەندامانکە ساڵی ١٣٩٥ دامەزراوە، ئەم ژمارەیە ٨ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسن کە لەوانەش ٨٣٠ هەزار کەسیان ڕێژەی کەمئەندامییەکەیان زۆرە. لەو ڕووەوە کە ڕژیم بە پێی سیاسەتێکی دژە مرۆیی پشکنینی بۆماوەیی پەیوەست بە کۆرپەلەی قەدەغە کردووە، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگا لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زیاتری کەمئەندامی زگماکی دەبێتەوە. ئەگەرچی ئاماریکەمپەینی کەمئەندامانئامارێکی دروستە و لەگەڵ ئاماری جیهانیدا یەکدەگرێتەوە، بەڵام ڕژیم تەنیا ژمارەی ئەو کەمئەندامانەی بە فەرمی ناسیوە و ڕاگەیاندووە کە لەلایەن ڕێکخراوی بێهزیستییەوە یارمەتییەکی کەمیان پێدەدرێت. بەپێی زانیارییەکانیکەمپەینی کەمئەندامان، ڕێکخراوی بێهزیستی مانگانە تەنیا ٧٥٠ هەزار تمەن دەدات بە کەسانێکی کە ڕێژەی کەمئەندامییەکەیان زۆرە، کە ئەو بڕە بە هیچ گۆشەیەکی ژیانیان ڕاناگات. ماوەی چەند ساڵێکە هەزینەی کەمئەندامان بە شێوەیەکی تایبەتی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا دیاری ناکرێت و لە زومرەی بودجەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دادەنرێت. هەربۆیە، ڕێکخراوە سەربەخۆکانی داکۆکیکاری مافی کەمئەندامان، زۆر بە ئەستەم دەتوانن بزانن کە لە کاتی خەرجکردنی بودجەی کەمئەندامانی جەستەیی و دەروونیدا تا چ ڕادەیەک گەندەڵی و بەهەدەردان لەو بەشەدا ڕوو دەدات. بۆ نموونە هەڵسووڕاوانیکەمپەینی کەمئەندامانبە پشت بەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بۆیان دەرکەوت کە بەرپرسێکی بێهزیستی لە یەکێک لە پارێزگان ئەو پووڵ و یارمەتییانەی لە لایەن خێرخوازانەوە بەو ناوەندە دراوە و تەنانەت زەوییەکانی کەمئەندامانیشی خواردووە. سەرەڕای ئاشکرا کردنی ئەو زانیارییانە لەلایەن ئەو کەمپەینەوە، کەسی تاوانبار لە شوێنێکی دیکە پۆستێکی باڵاتری پێسپێردراوە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە ئەوانەی ئەو دزی و گەندەڵییەیان لەقاو داوە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەگەڵ پەروەندەسازی و تەنانەت دەستبەسەر بوونیش بەرەوڕوو بوونەتەوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەڵسووڕاوان دەستبەرداری هەوڵەکانیان نەبوون بۆ ڕێگریکردن لە دزین و بەتاڵان بردنی موڵک و ئیمکاناتی کەمئەندامان.

هەژاری و بێبەشی کەمئەندامان لە جیهاندا و بە تایبەتی لە ئێران گەلێک بەرچاوە. کەمئەندامان جگە لە ژیانی هەژارانە، بەهۆی نەگونجاوبوونی شەقامەکان، فەرمانگە، دەرمانخانە، قوتابخانە، کتێبخانە، یاریگا، دوکان و بازاڕەکان، نەبوونی ئامرازی هاتوچۆی گونجاو، وڵام نەدانەوە بە خواست و پێداویستییە پزیشکی و تەندروستییەکانیان، دەستڕانەگەیشتن بە کار و پەروەردە وکات بەسەربردن و وەرزشی پێویست، کەمبوونی ناوەندەکانی چاودێری کەمئەندامان و هیترلەگەڵ ئازار و مەینەتییەکی زۆر بەرەوڕوون. لە بەشێک لەو ناوەندانەش کە هەن، گەلێک هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە گەندەڵی و هەڵسوکەوتی خراپ و پێدانی خۆراکی ماوە بەسەرچوو و شتی لەو چەشنە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆتەوە. ڕژیم خۆی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک لەو ئەرکانە دەبوێرێت، کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا و بە کردەوە ئەو ئەرکانەی خستۆتە سەر شانی بنەماڵەکان، خێرخوازان، چالاکانی مافی کەمئەندامان و ڕێکخراوە سەربەخۆکان. بەدرێژایی تەواوی ئەو ساڵانە نوێنەرانی مەجلیس کۆمەڵێک یاسایان بە ڕواڵەت لە بەرژەوەندی کەمئەنداماندا دەرکردووە بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەهرەمەندبوون لە بودجە و هاوکارییەکانی، بەڵام تەنیا چەند یاسایەکی کەمیان ئەویش لەژێر فشاری خەباتی کەمئەندامان و هەڵسووڕاوانی ئەو بوارەدا بە کردووە دەرهاتووە. بەرپرسانی باڵای بێهزیستی ساڵانە لە ڕۆژی جیهانی کەمئەنداماندا کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی پڕ هەزینە بەڕێوە دەبەن. هەندێکیان بە هەڵکەوت سەردانی ئەو ناوەندە چاودێریانە دەکەن و وێنە و وردەکارییەکانی لە میدیا فەرمییەکاندا بڵاودەکرێنەوە. ساڵانێکی زۆرە ئەم شانۆگەرییانە لەلایەن ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کەمئەندامانەوە بایکۆت دەکرێن. وای لێهاتووە کە ئیتر ئەمساڵ تەنانەت ڕێکخراوە دەستکردەکانی ڕژیمیش ئەو شانۆگەرییەیان بایکۆت کرد. چالاکوانانی مافی کەمئەندامان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانیان ساڵانێکی زۆرە بەشێوەیەکی کاریگەر و ڕێکخراو لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانیاندا خەبات دەکەن. ڕێکخراوە سەربەخۆکان بە کەڵک وەرگرتن لەم کەش و هەوا خەباتکارانەیە، توانیویانە زیاتر خۆیان ڕێکبخەن و تاڕادەیەک گەندەڵییەکان کەم بکەنەوە و هەندێک ئیمکاناتی دارایی و هتدبەدەست بهێنن. خەباتکارانی دابینکردنی مافی کەمئەندامان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانیان هەوڵیانداوە لەگەڵ ڕێکخراوە خەباتکارەکانی دیکە و بەتایبەت ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان پەیوەندی بگرن و سوود لە هاوکارییەکانی ئەوانیش وەربگرن. هەڵسووڕاوانی وشیار و ڕادیکاڵی دابینکردنی مافی کەمئەندامان، باش دەزانن کە تەنیا بە نەمانی کۆماری ئیسلامی و هاتنەسەرکاری حکوومەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، دەکرێت ئاڵوگۆڕێکی جددی لە بارودۆخیاندا پێکبێت.