نزیکەی ٧ مانگ بەسەر ئاخێزی سەرتاسەری مانگی بەفرانباری ٩٦ کە لەرزەی خستە جەستەی کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێت. ئاشکرا بوو کە ئەو ئاخێزەی هەژارانی شارەکان کە نزیک بە سەد شاری ئێرانی گرتەوە، دیاردەیەکی کتوپڕ و وەک گرمهی هەورە بروسکە لە ئاسمانی بێ هەوردا نەبوو. ئەم ئاخێزە ڕیشەی لە ئاڵوگۆڕە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی سێ، چوار دەیەی ڕابردوی ئێراندا هەبوو. ئەو ئاخێزە ئەگەرچی لە شکڵ و شێوەی هاوئاهەنگ و سەرتاسەری و خورۆشانیدا دوای ١٠ رۆژ هێور بۆوە، بەڵام لە شێوازی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری، خەباتی جەماوەری جۆراو جۆری خەڵک لەدژی بارودۆخی مەجود دا دەرێژی هەیە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری هیرانا نزیک بە ٢٠٠ کەس لە کرێکارانی خانەنشین کراوی کارخانەی کیان تایر لە بەیانی رۆژی سێشەممە ٢٦ ی مانگی پوشپەڕەوە هاوکات لەگەڵ وەعدەی پێدانی قیستی سەنەواتی کاتی کارکردنیان، لە ناڕەزایەتی بە پێڕانەگەیشتنی شیرکەت بە داواکاریەکانیان لەبەردەم وەزاڕەتی سەنعەت، مەعدەن و توجاڕەت دەستیاندایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. لەم رۆژەدا کۆمەڵێکی زۆر لە کرێکارانی شارەداری فەسا لە ئوستانی فارس سەبارەت بە وەرنەگرتنی حقوقەکانیان لەبەردەم بینای شوڕای شار، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەڕێوەبرد. هاوکات و هەر لەم رۆژەدا جەمعیەتێکی تا ڕادەیەک زۆر لە کەسانی ماڵباختەی دامەزراوەی کاسپین لە شارەکانی تاران و ڕەشت دەستیان دایە دربڕینی ناڕەزایەتی. دیسان هەر لەو رۆژەدا کۆبوونەوەیەکی بەرین لە کارمەندانی ئاسایی خانەنشین کراوی بانکە جۆراو جۆرەکان لە سەرتاسەری ئێران هاتن بۆ تاران و لەبەردەم بینای سندوقی خانەنشینی بانکەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان بەرپا کرد. ئەوان ڕایانگەیاند کە لە بارودۆخی خراپی بەڕێچوونی خۆیان وەگیان هاتوون و خوازیاری کەم کردنەوەی هەزینەی بیمەی دەرمانی و تەرخان کرانی بیمەی کافی خاوەن کەیفیەت بۆ خۆیان و کەسانی ژێر سەرپەرستییان بوون. ئەم چەند نمونەیە لە ناڕەزایەتیەکانی رۆژی سێ شيەممە لە ڕاستیدا گۆشەیەکی چکۆلە لە بارودۆخی گشتی ئێرانە.
ئەگەر بەم وێنەوە، مانگرتن و ناڕەزایەتی بەرینی کرێکارانی گوروپی میللی فولادی ئەهواز، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرینی کرێکارانی کارخانەی هپکۆ، ناڕەازایەتی هەزاران کەس لە کرێکارانی پیشەسازی نەیشەکەری حەوت تەپە سەبارەت بە بیلا تەکلیفی پیشەیی، مانگرتنی سەرتاسەری شۆرفیر کامیۆنەکان، خۆپیشاندانی خەڵکی کازرون، خۆپیشاندانی جەماوەری لە ئوستانی ئیسفەهان و دواتر خوزستان بە هۆی کەم ئاوی، ناڕەزایەتی خەڵکی سنە لەدژی نائەمنی جادەکان و هیتری پێوە زیاد بەکەین، دەبینین کە مانگرتنی کرێکاری و مانگرتنی رۆژانەی خەڵکی وەگیان هاتوو بۆتە بەشێک لە واقعیەتی کۆمەڵگای ئێران. سەرانی ڕژیم دەزانن کە پەرەگرتنی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری، سۆنامی بێکاری، بەرز بوونەوەی رۆژانەی نرخی کالا و خزمەتگوزارییەکان و داماوی ناوەندە حکومەتیەکان لە وڵامدانەوە بە داخوازی خەڵک، بواری عەینی درێژەی ئەم ناڕەزایەتیانەی پێكهێناوه. بەڵام ئەوان فریوکارانە هەوڵ ئەدەن کە ئامریکا و پیلانی دوژمنانی دەرەکی بە هۆکاری سەرەکی بارودۆخی شپرزەی ئێستا بناسێنن. سەرانی ڕژیم هەوڵ ئەدەن تا نوکی پەیکانی نەبەردی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگادا لەدژی دوژمنی نێوخۆوە بەرەو دوژمنی دەرەی ئاڕاستە بکەن.
ئەمانە لە حاڵێک دایە، کە هەڵسوڕاوان و تێکۆشەرانی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئێران باش دەزانن، کە ئاسەوارەکانی بهڕێوهچوونی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵییەکان و داسەپاندنی بێ مافیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان لە ماوەی سێ، چوار دەیەی ڕابردودایە کە بەستێنی سەرەکی پەرەگرتنی ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری فەراهەم کردوە. ئۆلگوی ئابووری بازاڕی ئازاد کە لە هەمان ساڵەکانی دوای کۆتایی شەڕەوە بۆ گەشە و پەرەپێدانی ئابووری ئێران گیرابووە بەر و دەوڵەتە جۆراو جۆرەکان لە نیزامی سەرمایەداری ئیسلامیدا لە دەوڵەتی محافزەکاری ڕەفسەنجانیەوە گرتویەتی تا دەوڵەتەکانی خاتەمی ئیسلاح خواز و لە کابینەکانی ئەحمەدی نیژادەوە گرتویەتی تا کابینەی روحانی ئیعتیدال گەرا بەگشتی پێداگریان لەسەر دەکرد، نەیدەتوانی ئاسەوارێکی بێجگە لە داسەپاندنی بێکاری ملیۆنی و هەژاری و فەلاکەتی بێ وێنە بەسەر کرێکاران و زوربەی خەڵکی ئێرانیدا بەشوێنەوە بێت. لە ئاکامی گرتنەبەری ئەم سیاسەتانەدا و نیهادینە بوونی گەندەڵی ماڵی و ئیداری لە پێكهاتهی حکومەتیدا و ئیختلاس و دزی كهڵان، سودی ئەو سەرمایە زۆرانەی لەبەردەست کەمینەی چینی سەرمایەدار و خاوەنانی دەسەڵات و ئاغازادەکان دا کەڵەکە کراوە و کەلێنی نێوان هەژاری و سەروەت بە شێوەیەکی بێ وێنە قوڵتر بۆتەوە. ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری بۆ دەستەبەر بوونی داخوازیە هەنوکەییەکان، گەشەی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان لەدژی بارودۆخی ئێستا و خۆڕاگری ژنان بە بەرینایی ئێران لەدژی یاسا و سیاسەتە دژ بە ژنەکانی نیزامی ئاپاڕتایدی جنسی، کاردانەوەی حەتمی چار هەڵنەگری چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا بەرانبەر بە ئاکامی سیاسەتەكانی ڕژیمی حاکمەوە بووە.
بەم جۆرە تا کاتێک کە بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی ئابووری لەوپەڕی خۆدا بێت و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بێجگە لە توند کردنەوەی سەرکوت وڵامێکی دیکەی بۆ تێپەڕ بوون لەم بارودۆخە کارەسات بارە نییە و لە بارودۆخێکدا کە ئاخێزی مانگی بەفرانبار و درێژەی مانگرتنە کرێکاریەکان و بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان هاوسەنگی هێز و بارودۆخێکی زەینی گونجاوتری بە قازانجی بەرەی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی فەراهەم کردوە، خیابان هەر وا دەتوانێ ببێتە مەیدانی خۆ پیشاندانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ژنانی توڕە لە نیزامی ئاپاڕتایدی ڕەگەزی و وڵامدانەوە بە قەیرانی وێرانگەری ئێستا بێت.