موقاومه‌ت و خۆڕاگری له به‌ره‌كانی شه‌ڕ له به‌رامبه‌ر ئه‌رته‌شی جه‌نایه‌تكاری توركییه له سنووری نێوان كوردستانی سووریه و توركییه بۆ ٥مین ڕۆژی به‌رده‌وام له چه‌ند میحوه‌ره‌وه، به‌و په‌ڕی بوێریه‌وه هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه. له‌م شه‌ڕه نابه‌رابه‌ره‌دا، بێجگه له‌وه‌یه‌كه ئه‌رته‌شی توركییه پێشكه‌وتووترین چه‌ك و چۆڵی كوشتنی به كۆمه‌ڵ و نوێترین فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی له ئیختیار دایه، هه‌زاران كه‌س له به‌كرێ گیراوانی سه‌ربه گرووپه سووریه‌كان كه ملكه‌چی فه‌رمانی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ن، له‌م شه‌ڕه‌دا به‌كار هێندراون. ئه‌م به‌كرێ گیراوانه له “ئێدله‌ب”ه‌وه له ڕێگه‌ی توركییه‌وه گوازراونه‌ته‌وه به‌ره‌كانی شه‌ڕی ڕۆژاوا. فڕۆكه جه‌نگیه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركییه خه‌ڵكی بێدفاع له شاره‌كان بۆمباران ده‌كه‌ن و ژماره‌ی قوربانیان ڕوو له زیادبوونه. منداڵان و به‌ساڵداچوان زیاترین ڕێژه‌ی قوربانیه‌كانی هێرشی ئاسمانی و ئاگری توپخانه‌ی ئه‌رته‌شی توركییه له‌خۆده‌گرن. هه‌روه‌ها، هه‌تا ئێستا ده‌یان هه‌زار كه‌س ئاواره بوون و له‌م پێوه‌نده‌دا كۆمیسێری باڵای په‌نابه‌ران له ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشبینی كردووه كه ئه‌گه‌ر هێرشی ئاسمانی و تۆپخانه‌یی ئه‌رته‌شی توركییه هه‌روا درێژه‌ی بێت، له ڕۆژانی داهاتوودا نزیك به نیو ملیۆن كه‌س ناچار ده‌بن ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه، پێشڕه‌وی ئه‌رته‌شی توركییه زۆر به خاوی ئه‌نجام ده‌درێت و به پێی ڕاپۆرته‌كان له زۆرێك له ناوچه‌كان، زه‌وی گیر بوون و توانای به‌ره‌و پێش چوونیان نییه.
هاوكات له‌گه‌ڵ جه‌نایه‌ته‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه و موقاومه‌ت له به‌ره‌كانی شه‌ڕ، شاره‌كانی كوردستان و چه‌ندین شاری ئێران، له‌وانه تاران شایه‌دی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی ئازادیخواز له‌دژی هێرشی ئه‌رته‌شی توركییه بۆسه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان بوون. ڕۆژی شه‌ممه ٢٠ی مانگی ڕه‌زبه‌ر خه‌ڵكی خه‌باتكاری تاران، سنه، مه‌ریوان، سه‌رده‌شت، شنۆ، كرماشان، پاوه، سه‌قز، مه‌هاباد، ئیلام، بۆكان، جوانڕۆ، سه‌لاس باوه‌جانی، خۆی و بانه، هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به درووشمی وه‌ك “ڕۆژئاوا ته‌نیا نییه”، مه‌رگ و نه‌مان بۆ ئه‌ردۆغان و “بژی خۆڕاگری ڕۆژئاوا”، نه‌فره‌ت و بێزاریی خۆیان له هێرشی ئه‌رته‌شی توركییه و به‌كرێ گیراوه‌كانی بۆسه‌ر خه‌ڵكی مافخۆازی كوردستانی سووریه، ده‌ربڕی. به پێی ڕاپۆرته‌كان، له چه‌ندین شاری دیكه‌ی ئێران، له ئۆستانه‌كانی لۆرستان، چوار مه‌حاڵ و به‌ختیاری، خۆراسانی شۆمالی، ئه‌لبۆرز، گیلان و مازه‌نده‌رانیش خۆپیشاندانێكی هاوشێوه به‌ڕێوه چووه. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرێت كه له ڕۆژانی داهاتوودا خۆپیشاندان له‌دژی له‌شكركێشی ده‌وڵه‌تی توركییه بۆسه‌ر كوردستانی سووریه له ئێران هه‌روا درێژه‌ی بێت. هه‌روه‌ها ڕۆژی ڕابردووش له چه‌ندین شار و شارۆچكه‌ی كوردستانی عێراق له‌وانه زاخۆ، دهۆك و هه‌ولێر خۆپیشاندانی ناڕه‌زایه‌تی له‌م پێوه‌نده‌دا به‌ڕێوه‌چوو.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه، ڕۆژی شه‌ممه ٢٠ی مانگی ڕه‌زبه‌ر له ئۆرووپا، كانادا و ئۆسترالیا خۆپشاندانێكی به‌رین به مه‌به‌ستی مه‌حكووم كردنی ده‌ستدرێژیی توركییه بۆسه‌ر كوردستانی سووریه به‌ڕێوه‌چوو. شاره‌كانی هێلسینكی له فنلاند، ستۆكهۆڵم و یوتوبۆری له سۆئێد، ئۆسلۆ له نۆڕوێژ، ئامستێردام له هۆله‌ند، بێرلین، فرانكفۆرت و كۆڵن و دوسلدۆرف له ئاڵمان، برووكسێل له بێلژیك، كۆپێنهاگ له دانمارك، پاریس و بارسێلۆنا و له‌نده‌ن و تۆرێنتۆ و سیدنی و چه‌ند شارێكی دیكه، شایه‌دی هاتنه مه‌یدانی به‌ربڵاوی پشتیوانانی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی سته‌ملێكراو و ئازادیخوازی ڕۆژئاوای كوردستان بوون. ئه‌و مارشه گه‌وره سیاسیه بۆیه گرینگ بوو كه ده‌وڵه‌تانی ئۆرووپایی هه‌ڵوێستی سه‌رداخستنیان له به‌رامبه‌ر هێرشی توركیه‌دا گرتووه‌ته به‌ر. سیاسه‌تی ئه‌وان سه‌ره‌ڕای قسه‌وباسی ڕیاكارانه‌یان به‌مه‌به‌ستی فریودانی بیروڕای گشتی، له ڕاستیدا ده‌ستی ئه‌ردۆغانی بۆ هێرش بردنه سه‌ر كوردستانی سووریه ئاواڵه ڕاگرتووه. تایبه‌تمه‌ندی خۆپیشاندانه‌كانی ڕۆژی ڕابردوو، یه‌كیان به‌ربڵاوی و به‌رین بوونی و دووهه‌میش به‌شداری كردنی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له هاووڵاتیانی ئۆرووپایی بوو. له ڕاستیدا ئه‌وه ته‌نیا ته‌بعیدیه‌كان و په‌نابه‌ره سیاسیه‌كان نه‌بوون كه له ناڕه‌زایه‌تیه‌كاندا به‌شداربوون، به‌ڵكوو جه‌ماوه‌رێكی به‌رین له ئازادیخوازان و خه‌ڵكی شه‌ریفی ئه‌م وڵاتانه بوون كه دژبه ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری ئه‌ردۆغان هاتبوونه سه‌ر شه‌قامه‌كان.
نیگه‌رانی خه‌ڵكی ئازادیخوازی جیهان له ده‌ستدرێژی ئه‌رته‌شی توركییه بۆسه‌ر كوردستان، بێ به‌ستێن و هۆكار نییه. ئه‌رته‌شی توركییه له ژێر كونترۆڵی فه‌رمانده‌ی نیزامی و ڕێبه‌رانی سیاسیی شوێنیست، ڕابردوویه‌كی دوور و درێژی له جه‌نایه‌ت و كۆمه‌ڵ كوژی هه‌یه. له‌م ده‌وره‌یه‌دا، شوێنیسمی ئه‌م ئه‌رته‌شه له‌گه‌ڵ ئیسلام گه‌رایی نه‌وعی ئه‌ردۆغان تێكه‌ڵ بووه و پێكهاته‌یه‌كی جه‌نایه‌تكارانه‌تری خوڵقاندووه. كۆمه‌ڵ كوژی ئه‌رمه‌نیه‌كان له ساڵه‌كانی ١٩١٥ و ١٩١٦ كه ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش ئه‌ردۆغان ته‌ئید و پاساوی بۆ ده‌كات، كوشنی كورده عه‌له‌ویه‌كان له لایه‌ن “گورگه بۆره‌كان” و ده‌زگای ئه‌منیه‌تی له “مه‌رعه‌ش” له دێسامبری ١٩٧٨، كۆچ پێكردنی زۆره‌ملی به زیاتر له یه‌ك و نیو ملیۆن ئینسان له چوار هه‌زار گوندی كوردستانی توركییه له ساڵه‌كانی ده‌یه‌ی ٩٠ی زایینی كه به‌هۆیه‌وه هه‌زاران كه‌س گیانیان به‌خت كرد، هێرش بۆسه‌ر عه‌فرین له ژانویه‌ی ٢٠١٨ و كوشتنی سه‌دان كه‌س و ئاواره كردنی به هه‌زاران دانیشتووی ئه‌مشاره و به تاڵان بردنی ماڵ و حاڵیان، هه‌موو ئه‌مانه له كارنامه‌ی خوێنینی ئه‌م ئه‌رته‌شه‌دا تۆمار كراون.
به‌ڵام هێرش بۆسه‌ر ڕۆژئاوا و جه‌نایه‌تێك كه ئه‌رته‌شی توركییه و به‌كرێ گیراوانی له‌و ناوچه‌یه، ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، هیچ له‌و ڕاستیه كه‌م ناكاته‌وه كه ئه‌ردۆغان و حیزبه‌كه‌ی و ده‌وڵه‌ته‌كه‌شی له دۆڕاوانی سه‌ره‌كیی قه‌یرانی سووریه دێنه ئه‌ژمار. ئه‌ردۆغان له سووریه پشتیوانیه‌كی بێده‌ریغی له “داعش و جبهه‌نسره، ئه‌حراری شام و ئه‌رته‌شی ئازاد” كرد و بۆ هێنانه سه‌ركاری حكوومه‌تی ئیسلامی له سووریه، له ئه‌نجام دانی هیچ جه‌نایه‌تێك ده‌ستی نه‌پاراست. له‌دژی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆژاوا و ده‌ستكه‌وته دیمۆكراتیكه‌كانی به هه‌موو توانایه‌كه‌وه پلانگێڕی كرد. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یكه نه‌وتی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعشی به‌رهه‌م هێنا و هه‌نارده‌ی كرد تا هه‌زینه‌ی ماشێنی جه‌نگی یه‌كێك له جه‌نایه‌تكارترین و دواكه‌وتووترین دیارده مێژووییه‌كان له‌م ناوچه‌یه دابین بكات، له هه‌مان كاتیش‌دا، به گه‌مارۆی ئابووری خه‌ڵكی ڕۆژئاوا، ئه‌وانی بۆ دابین كردنی سه‌ره‌كیترین پێداویستیه‌كانی ژیان خسته ژێر گوشار و مه‌نگه‌نه‌وه.
هه‌موو به‌ڵگه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه ئه‌مجاره‌شیان ئه‌ردۆغان تامی تاڵی شكست ده‌چێژێ. به‌و هیوایه‌ی كه ئه‌م شكسته هاوكات بێ له‌گه‌ڵ كورت بوونه‌وه‌ی ده‌ستی ئه‌م ڕژیمه جه‌نایه‌تكار و كۆنه‌په‌رسته له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی توركییه و هه‌موو ناوچه‌كه به گشتی.