کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خۆڕاگری خەڵکی کوردستان لەبەرانبەر فاشیزمی دەوڵەتی تورکیەدا

هێرشی بەرینی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر شارەکانی کوردستانی تورکیە هەروا درێژەی هەیە. لە تازەترین ئەمەلیاتی خۆیاندا شارەکانی سلوپی و جزیرەیان لە ئوستانی شڕناخ لە هەموو لایەکەوە داوەتەبەر هێرش. هەزاران کەس لە هێزە سەرکوتگەرەکانی ئەڕتەش و پۆلیسی دەوڵەتی تورکیە لە چند رۆژی دواییدا بە کەڵک وەرگرتن لە تانک و تۆپ و ماشێنی زرێهی هێرشیان کردۆتەسەر چەندین ناوچەی شارستانی سلۆپی و لە چەند بەشێکی ئەو شارەدا جێگیر بوون و نەخۆشخانەی ئەم شارەیان کردوەتە پادگانی نیزامی. هێزەکانی ئەڕتاش گەڕەکە جۆراو جۆرەکانی شاریان تۆپ باران کردوە کە لە ئاکامدا چەندین کەس بریندار بوون و یان گیانیان لەسەت داوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان نزیکەی سەد کەس لە شارۆمەندانی سلۆپی لە ژێر زەوی یەکێک لە بیناکاندا لە لایەن هێزەکانی دوژمنەوە گەمارۆ دراون. هاوکات لەم چەند رۆژەدا شاری جزیرەش لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشی کراوەتەسەر. هێزە داگیرکەرەکانی ئەڕتەش بە گەمارۆدانی ئەم شارە و ئیجرای حکومەتی نیزامی و قەدەغە کردنی هاتوچۆ و بڕینی هێڵەکانی ئاو و کارەبا و تەلەفون و ئاگر باران کردنی گەڕەکە جۆراو جۆرەکانی شار هەوڵیانداوە کە خەڵک چاترسێن بکەن، بەڵام ڕاپۆرتی شاهیدە عەینیەکان دەرخەری ئەوەیە کە خەڵک سەنگەریان لە گەڕەکە مەسکونیەکاندا دروست کردوە بۆ دیفاع لە شارەکە لەبەرانبەر هێرشی هێزە نیزامی و ئەمنیەتیەکاندا. بەشوێن عەمەلیاتی یەک لە دوای یەکی هێزەکانی ئەڕتەشی تورکیەدا لە شارەکانی سلۆپی و جزیرە، بە هەزاران کەس لە خەڵکی تێکۆشەری دیاربەکر رۆژی هەینی ڕژانەسەر شەقامەکان و لە ناڕەزایەتی بە هێرشی نیزامی ئەڕتەش و هێزە ئەمنیەتیەکان دەستیاندایە خۆپیشاندان. هێزە ئەمنیەتیەکان بە تەقە کردن و هاویشتنی گازی فرمێسک ڕێژ لەگەڵ خەڵک تێکهەڵچون.608

هەروەها لە جەریانی هێرشی نیزامی بۆسەر شارەکانی کربوران و نسیبین ی سەربە ئوستانی ماردین لە ماوەی چەند شەوانە رۆژی ڕابردودا هێزە ئەمنیەتیەکان و ئەڕتەشی تورکیە وێڕای جێگیر بوون لە بەرزاییەکانی زاڵ بەسەر ناوچەکەدا و تەقە کردن لەم شارانە ئەمنیەتی خەڵکیان تێکداوە. لە جەریانی ئەم تەقە کردنانەدا کەسێک کوژراوە و چەند کەسیش بریندار بوون. پێویست بە وەبیر هێنانەوەیە کە لە شارەکانی کربوران و نسیبین حکومەتی نیزامی و یاسای قەدەغە کردنی هاتوچۆ بۆ چەندمین جار لە ماوەی دوو مانگی ڕابردودا درێژ کراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە سەرەڕای هێرشی توپ و تانکەکانی ئەڕتەشی تورکیە بۆسەر شاری سور لە ناوچەی ئامەد، خەڵکی ئەم شارە لە بەرانبەر هێرشی ئەڕتەشدا خۆڕاگری دەکەن. خەڵکی ئەم شارە لە ماوەی دوو، سێ حەفتەی ڕابردودا و لە جەریانی گەمارۆی نیزامیدا ئەم شارە خۆڕاگریەکی مێژوویی لەخۆی نیشانداوە، لە جەریانی ئەم خۆڕاگریەدا زیاتر لە ١٠ کەس بریندار و یان گیانیان لە دەستداوە کە بەهۆی قەدەغە بوونی هاتوچۆوە گواسترانەوەیان بۆ نەخۆشخانە ئیمکان پەزیر نەبووە. خەڵکی دیاربەکر رۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوش بە نیشانەی هاوپشتی و پشتگری کردن لە خۆڕاگری قارەمانانەی خەڵکی شاری سور بەرەو ئەم شارە بە ڕێپێوان ڕۆیشتن.
بەم جۆرە ئەوەی ئەمرۆ لە کردستانی تورکیە لە ئارادایە، شەڕێکی بەتەواو مانایە کە لە لایەن دەوڵەتی فاشیستی تورکیەوە و بە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی ئامریکا و دەوڵەتانی ئوروپایی و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی بەسەر خەڵکی شارەکانی کوردستانیدا سەپاندوە. دەوڵەتی ئاک پارتی بۆ بەرەپێش بردنی ئەم شەڕە دەیان هەزار کەسی لە هێزەکانی ئەڕتەش و پۆلیس و چەندین ستونی زرێهی و هێلیکۆپتێڕی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکانی کوردستان کردوە. لە جەریانی هێرشی ئەڕتەشدا لە چەند مانگ لەوەپێشەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون. هێرشی بەرین بۆسەر شارەکانی کوردستان و ئاگر باران کردنی ناوچە مەسکونیەکان و وێران کردنی ماڵ و حاڵی خەڵک وەبیر هێنەرەوەی جەنایەتەکانی ئەڕتەشی فاشیستی دەوڵەتی تورکیەیە لە ساڵەکانی دەیەی نەوەد دا کە لە ئاکامیدا ٤ هەزار دێهاتی کردستان لە دانیشتوانەکەی چۆڵ کران، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو لە ماڵەکانی خەڵک ئەگر تێبەردران، ٤ ملیۆن کەس لە خەڵکی کوردستان وادار بە کۆچ کردنی ناچاری کران و بە هەزاران کەسیش گیران و زیندانی کران و یان گیانیان لەدەستدا. دەوڵەتی فاشیستی تورکیە ئەمجارە شارەکانی کوردستانی کردۆتە ناوەندی عەمەلیاتی نیزامی خۆی.
دەوڵەتی تورکیە هەرچەند بە بیانوی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ هێزەکانی پ. ک. ک ئەم هێرشە بەرینانە سازمان داوە بەڵام لە ڕاستیدا ناوەندی قودەرەتی بزوتنەوەی جەماوەری لە کوردستانی تورکیە واتە شارەکانی کردوەتە ئامانجی سەرەکی خۆی. دەوڵەتی تورکیە لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا بە تەجروبە بۆی دەرکەوتوە کە هێزی پاڵنەری سەرەکی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان نەک لە کوێستانەکانی قەندیل بەڵکو لە نێو دڵی شارەکانی کوردستاندایە. دەوڵەت بە هێرشی نیزامی بە گەمارۆدانی شارەکان و ئاگر باران کردنی ماڵەکانی خەڵک و دامەزراندنی حکومەتی نیزامی کەوتوەتە ئەو گومانەوە کە بەڵکو بتوانێ مەیدانی سەرەکی قودرەت نمایی ئەم هێزە بەرینە جەماوەریە لەنێو بەرێت.
دەوڵەتی تورکیە لە مەودای نێوان دوو هەڵبژاردنی ٧ ی ژوئێن و ١ ی نوامبردا، بە توند کردنەوەی فەزای سەرکوت و گرتن و زیندانی کردنی ئینسانە ئازادی خوازەکان لە سەرتاسەری تورکیە و تیرۆریزە کردنی فەزای کۆمەڵگا، بە توند کردنەوەی میلیتاریزم لە کوردستان و بۆمب باران کردنی پێگەکانی پ. ک. ک لە خاكی کوردستانی عێڕاقدا و سەرئەنجام بە گەمارۆدانی شارەکانی جزیرە و چەند شاری تر و بەر گوللەدانی خەڵکی ئەم شارانە هەوڵیدا تا بە داسەپاندنی بارودۆخێکی بەتەواوەتی نابەرابەر لە کارزاری هەڵبژاردنی یەکی نوامبردا، بەر بە چوونە پاڕلمانی حیزبی دیموکڕاتیکی گەلان بگرێت. بەڵام دەوڵەتی ئاک پارتی سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی لە دەستەبەر بوونی ئامانجەکەیدا شکستی خوارد. دەوڵەتی ئۆردوغان نەیتوانی بەر بە چوونی ئەم حیزبە بۆ پاڕلمان بگرێت و ئەم ڕوداوە سیاسیە لە ڕوانگەی ڕایگشتیەوە لەنێو تورکیەدا و لە ئاستی ناوچەکەدا وەک سەرکەوتنێک بۆ بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە خەبات لەگەڵ دەوڵەتی تورکیە بەحیساب دێت. دەوڵەتی فاشیستی ئاک پارتی نایەوێ ئەم شکستە تەحەمول بکات و مل بە ئاسەوارەکانی بدات.
دەوڵەتی تورکیە هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە هێرشی بەرینی نیزامی بۆسەر شارەکانی کوردستانی تورکیە لە هیچ هەولێکیش بۆ بەرەنگار بوونەوەی بزوتنەوەی خەڵکی کوردستانی سوریە و شکست پێهێنانی ئەزمونی حکومەتە خۆبەڕیوەبەرە جەماوەریەکان لەم ناوچەیەدا و زەربەدان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی عێڕاق چاوپۆشی نەکردوە. دەوڵەتی تورکیە لە کاتێکەوە کە ئیجازەی بە ئامریکا و هێزەکانی ناتۆ داوە لە پێگەی هەوایی ئنجرلیک لە خاکی ئەم وڵاتەدا بۆ عەمەلیات لە سوریە و عێڕاق کەڵک وەربگرن، لە هەوڵدا بووە کە بە دروست کردنی ناوچەی بۆشایی لە خاکی سوریەدا و حوزور لەم ناوچانەدا بەر بە بەیەکەوە پەیوەست بوونی هەرسێ کانتۆنی کوردستانی سوریە و سەقامگر بوونی حکومەتە خۆبەڕیوەبەرەکانی خەڵک لەم ناوچەەیدا بگرێت. دەوڵەتی تورکیە دوای ئەوەی کە نەیتوانی ناوچەی بۆشایی دروست بکات ئەمجار هەوڵیدا بە حوزوری نیزامی و کرداری شەڕ خوازانە لە شاری جرابلۆس ی سوریە بەر بە تێکەڵ بوونەوەی کانتۆنەکانی کۆبانی و عەفرین بگرێت.
لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورکیە بە ناردنی هێزی نیزامی بۆ کوردستانی عێڕاق بە بیانوی ئاڵوگۆڕی هێز عەلاوەبەر ئامانجی داگیرکارانەی دەیەوێ ئەم ناوچەیە بکاتە شوێنی توند کردنەوەی ڕقابەتەکانی لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. دەوڵەتی تورکیە ئەگەرچی لەژێر گوشاری دژایەتی بەریندا دەڵێ کە هێزەکانی لە ناوچەکە کێشاوەتەوە، بەڵام دەرچونی ئەم هێزانە ڕاست نییە. دەوڵەتی تورکیە زیاتر لە ١٢٠٠ کەس لە هێزەکانی ئەڕتەش و ستونێکی زرێهی لەگەڵ زیاتر لە ٤٠ کامیۆنی گواستنەوەی چەکوچۆڵی لە ٢٥ کیلۆمیتری شاری موسڵ جێگیر کردوە، ئەمانە بێجگە لە هێزێکە کە لە ماوەیەک لەوە پێشەوە لە دەوروبەری هەولیر جێگیر کراون. دەوڵەتی تورکیە لە بارودۆخی قەیراناوی خاوەرمیانە و لە حاڵێکدا کە سوریە بۆتە یەکێک لە کانونە سەرەکیەکانی ئەم قەیرانە و شوێنی ڕقابەتی هێزە جیهانی و ناوچەییەکان بۆ سەرلەنوێ دابەش کردنەوەی ناوچەی ژێر نفوزیان، چاوی بڕێوەتە ئەگەری دابەش بوونی عێڕاق و داگیر کردنی موسڵ. دەوڵەتی تورکیە کە زەمانێک یارمەتی داعشی ئەدا تا موسڵ داگیر بکات، ئێستا کە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە هەموو لایەکەوە کەوتوەتە بەر هێرشی ئیئتیلافی هێزە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکان لە هەوڵدایە کە بە ئاموزشدان و چەکدار کردنی هێزێکی تێکەڵ لە تورکەمەنەکانی عێڕاق و عەرەبە سوننیەکان لە ساندنەوەی موسڵ لە داعش لە ڕاستای ئامانجی درێژ ماوەی تردا دەور ببینێ. سیاسەتی دەوڵەتی ئاک پارتی و ئۆردوغان لە کوردستانی عێڕاق درێژەی مەنتیقی هێرشی خوێناویە بۆسەر شارەکانی کوردستانی تورکیە و گەمارۆ و سەرکوتی خۆڕاگری خەڵکی ئەم شارانە و پیلانە بەردەوامەکانی لەدژی ئەزمەنی حکومەتی خۆبەڕێوەبەر لە کوردستانی سوریە. دەوڵەتی تەرکیە کە لە هیچ هەوڵێک بۆ شکست پێهێنانی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانی تورکیە و بۆ سەرکوتی ئەزمونی کوردستانی سوریە چاوپۆشی ناکات، ناتوانێ دۆست و خەمخۆری خەڵکی کوردستانی عێڕاق بێت. دەوڵەتی تورکیە لە دامەزراندنی پێوەندی باش لەگەڵ حیزبی دیموکراتی کوردستانی عێڕاق و پەرەدان بە تەوەهوم و گومان لەنێو توێژی بێ ئاگای خەڵکی ناوچەکەدا سەبارەت بەم مناسباتە، لە ڕاستای لاواز کردنی بزوتنەوەی خەڵکی کوردستانی تورکیەدا بەهرەبەرداری دەکات. خەڵکی کوردستانی عێڕاق نابێ فریوی ئەم دەغەڵ کاریانەی دەوڵەتی تورکیە و تەوەهوم پەڕاکەنیەکانی ئەحزابی سیاسی دەسەڵاتدار لە کوردستانی عێڕاق بخۆن.
هەر ئەو جۆرەی کە خەڵکی تێکۆشەر و ئازادی خوازی شارەکانی کوردستانی تورکیە بە خۆراگری قارەمانەی خۆیان نیشانداوە کە چاوترسێنی سیاسەتە فاشیستی و میلیتاریستیەکانی دەوڵەتی تورکیە نابن، خەڵکی کوردستانی عێڕاقیش دەبێ بە حوزوری خۆیان لە مەیدانی تێکۆشاندا، ناڕەزایەتی خۆیان لەدژی سیاسەتی داگیرکارانەی دەوڵەتی تورکیە لەدژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانی عێڕاق ڕابگەیەنن و لەسەر هاوپشتی و پشتگیری خۆیان لە بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانی تورکیە و سوریە پێداگری بکەن. دەوڵەتی ئۆردوغان بەم سیاسەتانە نەک هەر ناتوانێ برینی قورسی ناکامیە ئابووری، سیاسی و شکستە ئیستراتیژیە ناوچەییەکانی سارێژ بکاتەوە بڵکو قوڵتریشیان دەکات.