ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٨ی مانگی سه‌رماوه‌ز، چه‌ندین سه‌ندیكا و ئیتحادییه‌ی كرێكاری له شاری ئیستانبوول، له ناڕه‌زایه‌تی به باروودۆخی خراپی مه‌عیشه‌ت خۆپێشاندانیان كرد.
به‌شداربووان له‌و خۆپێشاندانه ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له ئاست دابه‌زینی به‌های لیر و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی پێداویستیه‌كانی ژیان، هه‌روه‌ها به‌رز بوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هه‌ژاری ده‌ربڕی و خوازیاری ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان بوون. جێی ئاماژه‌یه كه له چه‌ند مانگی ڕابردوودا به‌های لیری توركی به‌رانبه‌ر به دۆلاری ئه‌مریكی به‌رده‌وام له دابه‌زیندا بووه و مه‌عیشه‌تی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته به هۆی گرانی و هه‌ڵاوسانه‌وه كه‌وتووه‌ته ژێر گۆشاره‌وه.