کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
جیهانهه‌واڵه‌کان

خۆپێشاندانی نیو ملیۆن كرێكار دژ به‌ ڕیازه‌تی ئابووری له‌ ئیتالیا

خۆپێشاندانی نیو ملیۆن كرێكار دژ به‌ ڕیازه‌تی ئابووری له‌ ئیتالیا

ڕۆژی هه‌ینی ٢٩ی سه‌رماوه‌زی ١٤٠٣، نیو ملیۆن كرێكاری ئیتالیایی به‌ دوای بانگه‌وازی چه‌ند یه‌كێتی كرێكاری، له‌ شاری ڕۆم ڕژانه سه‌ر شه‌قام و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ سیاسیه‌تی ڕیازه‌تی ئابووری ده‌وڵه‌ت نیشان دا.

كرێكارانی به‌شدار له‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ خوازیاری گۆڕانی یاسای بودجه‌ی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاستگه‌رای ئه‌و وڵات بوون. ناڕازیان كه‌ له‌ به‌شی ده‌وڵه‌تی و كه‌رتی تایبه‌ت دا چالاكن به‌ وتنه‌وه‌ی  دروشم دژایه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ نابه‌رابه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ربڕی. به‌ پێی زانیارییه‌كان، بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٥ی ئیتالیا به‌ پێی بڕیاری ناتۆ دابین كراوه‌ و ده‌وڵه‌تی جۆرجیا مێلۆنی دوو ملیارد یۆرۆی به‌ بودجه‌ی نیزامی ئه‌و وڵاته ئیزافه‌ كردووه‌. ئه‌وه‌ له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ بودجه‌ی بهداشتی گشتی، په‌ره‌رده‌، هاتووچۆ و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان ته‌نیا ٥٪ چووه‌ته‌ سه‌ره‌وه‌. هاوكات ڕێژه‌ی حه‌قده‌ستی كرێكاران ته‌نیا ٦٪ زیادی كردووه‌ له‌ حاڵێكدا نرخی پێداویستیه‌كان ١٦ له‌ سه‌د گران بووه‌. هه‌روه‌ها ته‌نیا ٣٪ به‌ حه‌قده‌ستی خانه‌نشینكراوان ئیزافه‌ كراوه‌ كه‌ وڵامده‌ره‌وه‌ی تێچووی مه‌عیشه‌تیان نییه‌.