ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٠ی مانگی خه‌رمانان، به سه‌دان خوێندكار شیلیایی له مه‌یدانی “پلازا دێ ئارماس”ی شاری سانتیاگۆ و له ناڕه‌زایه‌تی به سیاسه‌ته نێئۆلیبڕالییه‌كانی سیسته‌می په‌روه‌رده خۆپێشاندانیان كرد.
به پێی ڕاپۆرته‌كان، سه‌دان خوێندكاری شیلیایی به ڕه‌سمی هه‌موو حه‌وتوویه‌ك به داخستنی كلاسه‌كانیان ڕژانه سه‌ر شه‌قام و سیاسه‌ته نێئولیبڕالییه‌كانی ده‌وڵه‌تیان ئیدانه كرد. جێگای ئاماژه‌یه كه “بۆریچ” سه‌رۆككۆماری ئێستای شیلی كه به یارمه‌تی حیزبه چه‌په‌كانی ئه‌و وڵاته به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشت، ته‌نیا توانیویه ئاستی حه‌قده‌سته‌كان بگوڕێت و به‌ڵێنه‌كانی دیكه‌ی بۆ جێبه‌جێ نه‌كراوه. بڕیاره سێ ڕۆژی دیكه یاسای بنه‌ڕه‌تی نوێی ئه‌و وڵاته كه له‌لایه‌ن حیزبه چه‌په‌كانه‌وه ئاماده‌كراوه بخرێته ڕیفراندوومی گشتیه‌وه و ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند بكرێت، به‌دیلی یاسای بنه‌ڕه‌تی ئێستا بكرێت كه میراتی سه‌رده‌می پینۆشه‌یه. له یاسای بنه‌ڕه‌تی نوێ‌دا ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به ئامووزشی كارامه و بێهداشتی بێ به‌رامبه‌ر، خانوو، حقووقی خانه‌نشینی، مافی دامه‌زراندنی ڕێكخراوه، به‌رابه‌ری جینسی، مافی له‌باربردنی كۆرپه‌ڵه و به‌فه‌رمی ناساندنی مافی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی كرێكاران و ده‌یان داخوازی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته له‌به‌رچاو گیراوه.