ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٧ی مانگی به‌فرانبار و هاوكات له‌گه‌ڵ مه‌راسمی ماته‌مینی چله‌ی “موحسین شكاری” هێزه ئه‌منیه‌كانی ڕژیم شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌یان گه‌مارۆ دا و ڕێگه‌یان نه‌دا خه‌ڵكی ناڕازی به‌شداری تێدا بكه‌ن هاوكات له چه‌ند شاری دیكه لاوانی شۆڕشگێڕ به كۆكتل مۆلۆتۆف هێرشیان كرده سه‌ر ناوه‌نده مه‌زهه‌بیه‌كانی ڕژیم و سووتاندیان.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، هێزه ئه‌منیه‌كانی ڕژیم به ئه‌شكه‌نجه و ئازاره‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناڕازی هه‌ڵسووكه‌وتیان كردووه و ڕێگه‌یان نه‌داوه ئۆتۆمبێله‌كانیان پارك بكه‌ن و تێكهه‌ڵچوون ڕوویداوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تاریكی هه‌وا خه‌ڵكی ناڕازی له گه‌ڕه‌كی “حه‌فت حه‌وز”ی تاران ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دژبه ڕژیمی جه‌نایه‌تكاری كۆماری ئیسلامی و عه‌لی خامنه‌یی دروشمیان به‌رزكرده‌وه و سه‌ركوتگه‌ران به گازی فرمێسكرێژ هێرشیان كرده سه‌ریان و تێكهه‌ڵچوون ڕوویدا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه لاوانی شۆڕشگێڕ له شاری قوم به كۆكتل مۆلۆتۆف هێرشیان كرده سه‌ر ستادی ئیجرایی فه‌رمانی ئیمام و ئاگریان دا و له شاره‌كانی مه‌شهه‌د و یه‌زد بنه‌كه‌كانی به‌سیج سووتێندرا.