ڕۆژی دووشه‌ممه ١٥ی مانگی ڕه‌شه‌مه، ١٠ هه‌زار شارۆمه‌ندی یۆنانی له ناڕه‌زایه‌تی به كاره‌ساتی پێكدادانی دوو قه‌تار كه بووه هۆی گیانی له‌ده‌ستدانی ٥٧ كه‌س، له شاری ئاتن خۆپێشاندانیان كرد و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پۆلیس تێكهه‌ڵچوون.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، ئێواره‌ی ڕۆژی ٢٨ی فێوریه دوو قه‌تار له سه‌ر هێڵی ئاسنی ئاتن بۆ “تسالۆنیك” شاخ به شاخ بوون و به‌هۆیه‌وه ٥٧ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و به ده‌یان كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. پاش ڕووداوه‌كه خه‌ڵكی ناڕازی بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ خۆپێشاندانیان كرد و ڕۆژی ڕابردووش ده هه‌زار شارۆمه‌ندی یۆنانی دژبه ناكارامه‌یی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت به دروشمی “گیانی ئینسان بۆ به‌رپرسان هیچ بایه‌خێكی نییه” له شاری ئاتن كۆبوونه‌وه و له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پۆلیس تێكهه‌ڵچوون. به‌وته‌ی پۆلیسی یۆنان، سه‌رۆكی ویزگه‌ی “لاریسا” ده‌ستبه‌سه‌ر و پاش دادگایی كردن ڕه‌وانه‌ی زیندان كراوه.