کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خوێندکاران لەدژی خوسوسی سازی و نئۆلیبڕالیزمی ئابووری

 

شەوی دووشەممە ٩ی سەرماوەز خوێندکارانی کوی دانشگای تاران لەدژی خوسوسی سازی و بەکالایی کردنی ئاموزش لە لەیەن دەوڵەتەوە ناڕەزایەتیان ده‌ربڕی. خوێندکاران لە جەلەسەیەک دا کە بەسەر ژمارەیەک لە بەرپرسانی زانکۆیاندا سەپاندبوو، لەدژی کرداری بەرپرسان و بوونی گیروگرفتی زۆری سینفی بەتوندی ناڕەزایەتیان دەربڕی. یەکێک لەو خاڵانەی کە لەم جەلەسەیەدا هاتەگۆڕێ، کەیفیەتی خراپی خۆراکی سلف ی زانکۆ، بارودۆخی ئەسەفناک و بەرتەسک کردنەوەی خێرایی ئینترنێت، زیاد کردنی هەزینەی خابگاکان و زانکۆ و پێداویستیە بێهداشتی و دەرمانی و داواکاری هاوشێوە بوو. ئەوان داواکاری دامەزراندنی دەرمانگا لە کوی دانشگا و هەڵوەشاندنەوەی دانی زەویەکانی کوی دانشگا بوون بە پەردیسی دانشکەدەی فەننی.خوێندکارە ناڕازییەکان بە هەڵگرتنی کۆمەڵێک پلاکارد بە دروشمی وەک راگرتنی هەڕەشە لەسەر هەڵسوڕاوانی خوێندکاری و گوشار بۆسەریان و راگرتنی بەکاڵایی کردنی ئاموزش، قین و توڕەیی خۆیان سەبارەت بە نابەسامانیەکان و بە قەولی خۆیان “داری هەڕاج دان لە ئەموالی زانکۆ” نیشاندا.یەکێک لەو خاڵانەی کە خوێندکارەکان بەتوندی لێی توڕە بوون بانگ کردنی ٧ خوێندکار لەوانە یەکێک لە ئەندامانی شوڕای سینفی، بۆ کومیتەی ئینزیباتی بوو. دوای جەلەسەکە خوێندکارانی کوی زانکۆ نامەیەکی کراوەیان روو بە ناوەندە بەرپرسەکان ئامادە کرد و لەم نامەیەدا سەبارەت بە رەوتی خوسوسی سازی ئاموزشی عالی ناڕەزایەتیان دەربڕی و داواکاری راگیرانی بوون.599
خوێندکارانی ناڕازی لە نامەیەکدا کە روو له‌ بەرپرسان نووسرا، ناڕەزایەتی خۆیان بە خوسوسی سازیەکان لە زانکۆکاندا و بە کالایی بوونی ئاموزش پەیگیری کرد. ئەوان نووسیان دوای چەندین مانگ پەیگیری و ناڕەزایەتی بەردەوام و هەڵبەت چەندین مانگ تەحەمول کردنی هەڕەشە و گوشار لە ئێستادا بڕیاریان داوە راستەوخۆ و بە شێوەی ئاشکرا لەگەڵ خەڵک و بەرپرسان قسەبکەن. ئەوان لە بەشێک لە نامەکەیاندا نووسیویانە:” ئێمە خوێندکارین و هۆشدار ئەدەینە هەموو ئەو کەسانەی کە راستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆ لەم بارودۆخە ئەسەفبارەدا دەخیل بوون، ئەم رەوتەی ئێستا زاڵە بەسەر ئابووری وڵاتدا واتە هاوسەنگ کردنی ساختاری و خوسوسی سازی هەوسارپچڕاو کە دەرکەوتەکەی لە دانیشگادا بە شێوەی سپاردن بەدەرەوە و کردنەوەی پێی شیرکەتە پەیمانکاریەکاندا دەیبینین، تەنیا و تەنیا یەک ئاکامی لێدەکەوێتەوە و ئەویش هەڵاواردنی کارەساتبارە لە ئیمکانی بەهرەمەند بوون لە مافی ئاموزشی بەخۆڕایی و ئاسەوارە خراپە سەرچاوە گرتوەکان لێیەوە.”ئەوان بە تەشخیسی دروست لە ئاکامی پرۆسەی خوسوسی سازی و بە کالایی کردنی ئاموزش، هۆشداریان داوە کە ئاکامی بە سەرئەنجام گەیشتنی ئەم پرۆسەیە تایبەت بوونەوەی ئاموزش بە منداڵانی رانت خۆران، دزانی حاکم و خاوەنانی سەروەت و سەرمایە بووە و منداڵانی سەربە بنەماڵە کرێکاری و زەحمەتکێشان لە ئاموزشی بەخۆڕایی و یارمەتیە دەوڵەتیەکان، کە مافی سەلمێندراوی ئەوانە، بێبەش دەکرێن.خوێندکارەکان لە نامەکەیاندا نووسیویانە خوسوسی سازی لە زانکۆکاندا و بە کالایی کردنی ئاموزش بەرەوڕووی خۆڕاگری توند دەبێتەوە. ئەوان نووسیویانە: “هەموو ئەوەی کە لە ئێمەتان سەندۆتەوە دەبێ بەبێ شەرت و مەرج بۆمان بگێڕنەوە و ئەو تەشەکول و شوڕا خوێندکاریانەی کە بە رەئی و بۆچوونی ئێمە شکڵ دەگرن تەنیا دەبێ ئەو ناوەندانە بن کە بۆ ئێمە و چارەنووسمان بڕیار ئەدەن.” خوێندکارانی ناڕازی لە کۆتاییدا ئاماژەیان بە گرنگ ترین مەسایلی بەشەری ئەمرۆیی واتە ژینگە کردوە و نووسیویانە ئیجازە نادەن بەرپرسان سەرچاوە سروشتیەکان، کە مافی نەوەکانی داهاتووشە، هەڕاج بکەن و ریشەی دارە بەتەمەنەکانی ئەمیر ئاباد وەک دارچنارەکانی وەلیعەسەر و سەرچاوە ئاویەکانی دەریاچەی ورمێ وشک بکەن. ئەوان جەختیان کردەوە: “زانکۆ مڵکی تایبەتی کەس نییە و دەبێ بۆ هەمووان بمێنێتەوە.”حەسەن رۆحانی لە تەبلیغاتی هەڵبژاردندا کۆمەڵێک بەڵێنی بە کرێکاران، ژنان و کەمینەکان لە راستای دەستەبەر بوونی ماف و داواکاریەکانیان دا کە بەگشتی پووچ دەرچوون. لەگەڵ ئەوەدا ئەو بەڵێنی بە سەرمایەدارانی کەرتی تایبه‌ت دا کە ئابووری سەنعەتی، کەشاوەرزی و خزمەتگوزاری تا ئاخرین ئاستی مومکین دەنێتە بەردەستیان. ئەو ئەم وەعدانەی بەکرداری کردووە و کابینەکەی، بە تەئیدی کاربەدەستانی ئەڕشەدی حکومەتی لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە خەریکی جێبەجێ کردنی ئەم کارانە بووە. سیاسەتە خوسوسی سازیەکان لە زانکۆکاندا و بەکالایی کردنی ئاموزش بەشێک لە هەمان وەعدەیە کە تا ئێستا دەوڵەت جورئەتی بە کردەوە دەرهاتنی بە تەواوەتیانی نەبوو. بەڵام ئێستا کە جامە ژەهری تەسلیم بوون لە بەرانبەر ئیمپڕیالیزمی ئامریکادا خوراوەتەوە. لە سایەی هەرچی زیاتر ئەمنیەتی کردنی کۆمەڵگەدا لە لایەن پۆلیس و سپای پاسدارانەوە دەوڵەت بە ئەنجامگەیاندنی بە مومکین زانیوە.
خوێندکارانی تێکۆشەر بە هەوڵی ئەم دواییە لە راستیدا یەکێک لە سیاسەتە پایەییەکانی رژیمیان توشی کێشە و گرفت کردوە کە ویستی سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراو و باقی ناوەندە ماڵی و دەوڵەتە بۆرژواییەکانە. خوێندکاران لە نامەکەیاندا بە دروستی ئاماژەیان کردوە کە لە خەباتی خۆیاندا پێوەندیان بە خەڵکەوە کردوە و نەتەنیا داکۆکی لە نەوەی ئەمرۆ، بەڵکوو لە بەرژەوەندی بەرە و نەسلەکانی داهاتوش دەکەن.
رێگایەک کە خوێندکاران گرتویانەتەبەر، ساڵانێکە لە لایەن خەباتی جیهانی خوێندکاران و قوتابیانەوە گیراوەتەبەر. ئەم خەباتە کە یەکێک لە بەرچاوترینیان لە وڵاتی شیلی، لە ئارادا بووە، گەلێک دەرس و ئەزمونی بەنرخی بۆ خەباتی ئێستای خوێندکاران پێیە. خوێندکاران لە شیلی بەبێ تەوەهوم بە هیچ کام لە ئۆرگانە حکومەتیەکان و قانونەکانی مەوجود، خەبات لەدژی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی بانکی جیهانی و سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراویان بردۆتە پێشێ. ئەوان وێڕای ئەوەیکە داواکاری سەرەکی خۆیان سەبارەت بە خۆڕایی بوونی ئاموزشی خستە سەرووی هەموو داواکاریەکانی دیکەوە لەگەڵ بزوتنەوەی چینی کرێکار لە پێوەندی بەردەوامدا بوون و دیفاعی شێلگیرانەشیان لە داواکاری کرێکاران کردووە. ئەوان لە خەباتی بێ رارایی خۆیاندا لە هەموو وەسایلی پێوەندی گشتی و بەتایبەت تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، خۆپیشاندانی خیابانی، مانگرتن، داگیر کردنی زانکۆ و مەجلیسی سێنا، بڵاو کردنەوەی نووسراوە، ئەنجامدانی وتووێژ، پێوەندی بەردەوام لەگەڵ تەشکیلاتی کرێکاری، مافی مرۆڤی و سازمانی ژنان و لاوان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکان و هیتر کەڵکیان وەرگرتووە. ئەوان بەمجۆرە سەرجەم سیستمی جیهانی سەرمایەداری و حکومەتە نێوخۆییەکانیان دایەبەر رەخنەی بێ ئەمان و لەهەر کوێیەک کە پێویست بوو لەگەڵ پۆلیسی وەحشی تێکهەڵچوون. ئەوان لە پرۆسەی خەباتی بەردەوامی خۆیاندا رێکخستنی خۆیان پەرەپێدا و سەرئەنجام کۆنفیدڕاسیۆنی خوێندکارانیان پێکهێنا. ئاکامی ئەم خەباتە ئیلهابەخشە دەستەبەر کردنی پشتیوانی فەعالی ٨٠ لەسەدی جەمعیەتی شیلی بوو لە داواکاری خوێندکاران و وەرگرتنی تەعەهودی ئەکید لە دەوڵەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم خوسوسی سازییەکان و بەخۆڕایی کردنی ئاموزش لە سەرەتای ساڵی ئاموزشی ٢٠١٦ وە.
بزوتنەوەی “ماڕشی یەک ملیۆن خوێندکار” لە ئامریکاش بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی خوێندکارانی ئامریکا و دنیا و لەسەرویانەوە شیلی ئەو داواکاریانەیان هێنایە گۆڕێ کە سێ داواکاری لە سەرویانەوەیە: “بە خۆڕایی کردنی ئاموزش، بەخشینی یەک تریلیۆن و ٢٠٠ ملیارد دۆلار وامی خوێندکاری و بە قانونی کردنی لانیکەمی حەقدەستی ١٥ دۆلاری لە کاتژمێرێکدا بۆ ١٠٠ ملیۆن هێزی کار لە ئامریکاە. ئەم حەرەکەتە گەورە خوێنکاریەش دەتوانێ گەلێک دەرسی بەنرخی بۆ خوێندکارانی تێکۆشەر لە ئێراندا تێدا بێت.