جولای 24, 2021
کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خواستی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین بۆ پێكهێنانی وڵات و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان بكه‌ینه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جیهانی!

خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی فه‌له‌ستین بۆ جارێكی دیكه‌ كه‌وتنه‌ به‌ر په‌لاماری جه‌نایه‌تكارانه‌ی ئه‌رته‌شی ئیسرائیل و دیسان ده‌یان كه‌سیان بووه‌ته‌وه‌ قوریانیی سیاسه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل. واته‌ ده‌وڵه‌تێك كه‌ به‌ پێشكه‌وتووترین كه‌ره‌سته‌ی نیزامی و بۆمبی خۆفناك ناوچه‌كانی شوێنی نیشته‌جێ بوونی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ده‌كاته‌ ئامانج و له‌به‌ر چاوی گشت خه‌ڵكی جیهان ده‌یان مرۆڤی بێدیفاع، له‌وانه‌ ده‌یان منداڵ نوقمی خاك و خوێن ده‌كات.

له‌و نێوه‌دا هێزه‌ كۆنه‌په‌رسته‌ ئیسلامییه‌كانیش به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ باروودۆخی ناله‌باری خه‌ڵكی فه‌له‌ستین ئاگری ئه‌م شه‌ڕه‌ زیاتر ده‌گه‌شێننه‌وه‌ و به‌و ئیمكاناته‌ی كه‌ بۆ نموونه‌ له‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌ریده‌گرن، خه‌ڵكی ئاساییان كردووه‌ته‌ قه‌ڵغانی ئه‌م شه‌ڕه‌.

له‌ په‌نا سیاسه‌تی هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسرائیل، به‌ده‌ر له‌ هه‌ر ده‌وڵه‌تێك كه‌ له‌سه‌ر كار بێت، واته‌ پاكتاوكردنی قه‌ومی و هه‌وڵ بۆ ده‌ركردنی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین له‌ گشت جوگرافیای ناوچه‌كه‌، ئه‌م شه‌ڕنانه‌وه‌یه‌ هاوكات هه‌وڵێكیشه‌ بۆ به‌لاڕێدابردنی سه‌ره‌نجه‌كان له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ ناوخۆكانی ناو كۆمه‌ڵگای ئیسرائیل دژبه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ ڕێبه‌ره‌كه‌ی بێنامین نه‌تانیاهوویه‌. ئه‌منییه‌تی كردنی كه‌ش و هه‌وای گشتیی ئیسرائیل، هاندانی هه‌ستی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و دژه‌فه‌له‌ستینی و به‌هێزكردنی گرووپه‌ توندئاژۆ ئایینیی و ڕاستڕه‌وه‌كان، بووه‌ته‌ تاكتیكی ده‌وڵه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ئیسرائیل تا كێشه‌ی بژێوی، دامه‌زراندن و گه‌نده‌ڵی ده‌وڵه‌ت بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی ته‌وه‌ره‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بێگومان جه‌نایه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل به‌ بێ پشتیوانیی كرده‌وه‌یی و ڕانه‌گه‌یه‌ندراوی زلهێزه‌ جیهانییه‌كان و له‌ سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌ مسۆگه‌ر نابێت. كه‌وابوو ته‌نیا هیوایه‌ك كه‌ بۆ ڕێگری له‌ جه‌نایه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ئیسرائیل و پشتیوانیی ڕاسته‌قینه‌ له‌ خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی فه‌له‌ستین بوونی هه‌یه‌، پشتیوانیی هێز و جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازه‌ له‌ ئاستی جیهانیدا. ئه‌و هێز و جه‌ماوه‌ره‌ی كه‌ ده‌توانن خواستی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین واته‌ پێكهێنانی وڵات و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان بكه‌نه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی جیهانی و له‌م ڕێگه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و پشتیوانانی ناچار بكه‌ن كه‌ ئه‌م مافه‌ ڕه‌وایه‌ به‌ڕه‌سمی بناسن.  بێگومان له‌و نێوه‌دا ده‌ورونه‌خشی خه‌ڵكی ئازادیخوازی ئیسرائیل، كه‌ هیچ قازانجێكیان له‌ زه‌وت كردنی ئه‌م مافه‌ له‌ خه‌ڵكی فه‌له‌ستین پێناگات، چاره‌نووس ساز ده‌بێت.

ڕێكخراوی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، هاوكات له‌گه‌ڵ به‌شداریی چالاكانه‌ی له‌ چالاكییه‌كانی ئێستادا بۆ مه‌حكووم كردنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و هێزه‌ ئیسلامییه‌كان و كۆتایی هێنان به‌م شه‌ڕه‌، به‌ش به‌ حاڵی خۆی هه‌وڵ ده‌دات یارمه‌تیده‌ری پێكهێنانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ریی جیهانی بێت له‌پێناو وه‌دیهاتنی خواستی پێكهێنانی وڵات و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خه‌ڵكی فه‌له‌ستین.

كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران

مه‌ی ٢٠٢١ی زایینی

بابەتی پەیوەندیدار

ڕاگه‌یاندنی كۆتایی پلۆنۆمی نۆهه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌ (ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران)

rezan

پێویستیی پشتیوانیی سه‌رتاسه‌ری له‌ خۆڕاگریی قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵكی خووزستان

rezan

مانگرتنی كرێكارانی په‌یمانیی نه‌وت، گاز و پێترۆشیمییه‌كان، سه‌ركه‌وتن نزیكه‌

rezan

نابێ ڕێگه‌ بدرێت ڕژیمی ئیسلامی خه‌ڵكی مافخوازی خووزستان سه‌ركوت بكات

rezan

كۆماری ئیسلامی و ئێعتیاد له‌ ئێران

rezan

جێخستنی توندوتیژی له‌ناو كۆمه‌ڵگادا

rezan