کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خاڵه‌ گرنگه‌كانی دیفاع لە هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و تێکۆشەرانی بزوتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتیەکان له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا كامانه‌ن؟

بۆ ده‌ستخستنی زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌یه‌كه‌ ئێستا لە کۆمەڵگای ئێراندا ڕوو ئەدات، پێویست ناکات زۆر دوور بکەوینەوە. ڕاستیەکانی پێوەندیدار بەم بارودۆخە بە بەرچاوی هه‌مووانه‌وه‌ ڕوو ده‌ده‌ن. لاپەڕەی رۆژنامەڕێگه‌پێدراوه‌كانی نێوخۆی ئێران هەڵبدەنەوە، چاوێک بە سایتە ڕەسمی و نیوە ڕەسمیەکاندا بگێڕن، هەواڵی هەواڵنێرییە دەوڵەتییەکانی ئیلنا و ئیرنا و ئیسنا و مێهر ببین، تا ئاستی ڕاستەقینەی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاریی و نەداریی و بێکاریی هەست پێبکەن.
داخرانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان سەدان هەزار کرێکاری شارەزای بەبێ هیچ پشتیوانیەک وێڵ کردوە و زۆربەیانی ناچار کردووە کە دەست لە بواری شارەزاییەکەی خۆیان هەڵبگرن و بۆ بەڕێچونی خۆیان و بنەماڵەکانیان ڕوو له‌ کاری سادە و ئاسایی یان شوغڵ و کارێکی کازب بكه‌ن. سه‌ره‌ڕای بێکاریی کرێکارانی شارەزا، ساڵانە به‌ دەیان هەزار ده‌رچووی زانکۆکان و مەدرەسە باڵاکانی وڵاتیش دێنە نێو بازاڕی کارەوە، بەڵام یەکەم بۆ دەرسەدێکی کەمیان کار دەست دەکەوێ و دووهەم ئەو بەشەش کە پۆستی کازب و درۆیینه‌ی ئیداراتی دەوڵەتی ده‌ست ده‌خه‌ن، بڕۆكراسییه‌ بێسه‌وبه‌ره‌ ئیدارییه‌كه‌ قه‌به‌تر و بێ خاسییه‌ت تر ده‌كه‌ن.ژنان وه‌ك نیوەی جەمعیەتی وڵات، ئەگەر ڕێیان نه‌كه‌وتووه‌ مەدرەسە و زانکۆ، زۆربەی هەرە زۆریان لە گۆشەی ماڵدا خەریکی کاری بێ مۆزد و بێ حەقدەستی ماڵەوەن و خوێندەوارەکانیشیان بە هەموو ئاوات و ئاره‌زوویەک کە بۆ کەڵک وەرگرتن لە خوێندن و شارەزایی خۆیان هەیانە، تووشی ئەم چارەنووسە دێن. سەدان هەزار کرێکاری شارەزا و کرێکاری سادە بە قەراردادی یەکمانگە لە کارگه‌ و ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا خەریکی کارن. لەمڕۆدا ئەگەر کەسێک دەستیشی نەگاتە ئامارە ڕێکوپێک کراوەکانیش، له‌ ڕێگه‌ی چاوگێڕانێکی سادە بە کۆڵان و گەڕەک و شەقام و مەیدانی شارەکاندا، ڕێژەی بێکاریی و كاره‌ساته‌كانی دوای ئه‌و هەست پێدەکات.404

سیما و ڕواڵەتی ئه‌و بە سەدان منداڵێكه‌ لە شەقام و شوێنە گشتیەکاندا له‌ جیاتی چوونە مەدرەسە و خوێندن و چێژ وەرگرتن لە قۆناغی شیرینی منداڵانی، بە ڕواڵەتێکی داتەپێو و ڕەنگی زەردەوە، خەریکی دەستفرۆشیی و واكس كردنی کەوش و کاری دیكه‌ی له‌م چه‌شنه‌وه‌ خه‌ریكن یان ده‌نا دەستی سواڵ بۆ لای ئەم و ئەو درێژ دەکەن، له‌به‌ر چاوی كه‌س شاراوه‌ نییه‌.

بەپێی ئامارە ڕەسمیە دەوڵەتییەکان ڕێژەی پەرەسەندنی و گەشەی ئێعتیاد بە ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا سێ هێنده‌ی گەشەی جەمعیەتە و ئەم ڕەقەمەش به‌هۆی قووڵتربوونه‌وه‌ی قەیرانی ئابووریشه‌وه‌، چەند قات زیاتر بووە. چاوێک لە ئاماری خۆکوژیی و ئاماری نه‌خۆشییه‌ دەرونییەکان کە لە بڵاوکراوەکانی وڵاتدا چاپ دەکرێن، بکەن، هه‌تا قوڵایی ئه‌و کارەساته‌ی کە لەم وڵاتەدا لە ئارادایە، جوانتر هەست پێبکەن. کێ هه‌یه‌ ڕواڵەتی بە هەزاران ژنی ئازار چەشتوو کە گوشارەکانی ژیان و لە سەرووشیانەوە ئه‌و گوشارە ئابوورییانه‌ی کە ئەوانی بەرەو لەشفرۆشیی پاڵپێوەناوە و ژمارەشیان ڕۆژ لەگەڵ رۆژ رووی لە زیاد بوونە، نه‌بینێت.

کرێکاران و زۆربەی خەڵکی بێبەش لە بەرانبەر وەها بارودۆخێکدا بێدەنگ و خه‌مسارد نین. ناڕەزایەتی و دەربڕینی ناڕه‌زایه‌تیی بەشێوەی سروشتییه‌كه‌ی لە هەموو گۆشە و قوژبنێکی ئێراندا لە ئارادایە. بەڵام ئەگەر جۆگەلە پڕژو بڵاوەکانی ئەم ناڕەزایەتییانە نابنە ڕووبارێکی خرۆشاو، تاكه‌ هۆکارەکەی سەرچاوەی لە نەبوونی تەشەکۆل و سازمان و ڕێبەرییەکی تۆکمەیە کە بتوانێ یه‌كیان بخات. کۆماری ئیسلامیش کەموکوڕییەکانی ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتییانەی ناسیوە و هیزی خۆی بۆ بەرگرتن لە چارەسەر بوونی ئەم کەمایەسیانە چڕ کردۆتەوە. لەمڕۆدا ئەبینین کە ڕژیم لە بەرانبەر بڵاو بوونەوەی هەواڵی نارەزایەتییە پڕژوبڵاوەکاندا، کاردانەوەیەکی ئەوتۆ نیشان نادات و تەنانەت زۆریش کۆسپ ناخاتە سه‌رڕێی بڵاو بوونەوەیان. بەڵام هەر ئەم ڕژیمە هه‌ر لەگەڵکوو بینی کە حەڕەکەتێکی هەرچەند چکۆلە و سەرەتاییش، لە بواری شکڵ پێدان بە رێكخراو و تەشەکولێکی کرێکاریی و مەدەنیی کە بتوانێ ئەم خەباتە پڕژوبڵاوە پێكه‌وه‌ گرێبدات، و لە بواری ڕیبەری کردنی وشیارانەی ئەم جموجۆڵ و حه‌ڕه‌كه‌تانه‌دا بێت، ده‌سبه‌جێ دێتە مەیدان و ئامرازەکانی سەرکوتی هەمیشەیی خۆی دەخاتە کار.

لە وەها بارودۆخێکدا دیفاع لە هەڵسوراوانی کرێکاریی، چالاکانی بزووتنەوەی ژنان، تێکۆشەرانی بوارە جۆراو جۆرەکانی ئازادییە مەدەنی و دێمۆکڕاتیکەکان، کە زیندانی ئەکرێن، پێوستە لەسەرووی خواست و داواکارییەکاندا بن و ببنە بەشێکی جیانەکراوە لە درووشمی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی و موتالباتیی. پێویستە لە هەڵسوڕاوانی کرێکاریی، چالاکانی بزوتنەوەی ژنان، تێکۆشەرانی بوارە جۆراو جۆرەکانی دیفاع لە مافە مەدەنی و دێمۆکڕاتیکەکان، کە ده‌كه‌ونه‌ به‌ر هێرشی ڕژیم، بەگەرمی و لێبراوانە پشتیوانیی بکرێت. با بنەماڵەکانیان لەبەردەم زیندانەکاندا بەتەنیا نەبن. با له‌ئاست دابین بوونی بەڕێچونیان لە کاتی لەماڵ نەبوونی به‌خێوكه‌ر و نان ئاوه‌ری بنەماڵەکان، خه‌مسار نه‌بین. ئەم بانگ و پرسیارە دەبێ لە هەموو جێگه‌یەک دەنگ بداتەوە کە ئەم تێکۆشەرانە بۆچی دەبرێنە دادگا و زیندانیی دەکرێن؟ بۆچی ئەوان چییان کردووە، بێجگە لە هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکی ئارام و بەدور لە هەموو توندوتیژییەک، بۆ مه‌گه‌ر داوای چییان كردووه‌، بێجگە لە بەهرەمەند بوون لە ژیانێکی شایستەی ئینسان بۆ هاو چێنەکانیان و بۆ خەڵکی ئەم کۆمەڵگه‌یه‌ نەبێ؟