کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خاوێن بوونەوەی هەوایەکیش کە هەڵیدەمژین گرێدراوە بە روخانی ڕژیمەوە

سازمانی بێهداشتی جیهانی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا دەستی داوەتە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی شارەکانی دنیا لە ڕوانگەی پیسی هەواکەیانەوە. لەم ڕاپۆرتەدا شارە گەورەکانی ئێران لە زومڕەی پیس ترین شارەکانی دنیا ناسراون. ڕاپۆرتی ساڵانەی سازمانی بێهداشتی جیهانی باسی ئەوە دەکات کە لە ئێستادا شاری زابول لە ئێران، پیس ترین شارە و خەڵکی ئەم شارە ناسالم ترین هەوای مومکین هەڵدەمژن. لە ڕاپۆرتی سازمانی بێهداشتی جیهانیدا هۆکاری سەرەکی پیس بوونی هەوای شارەکانی ئێران، ئیستانداردی لە خوارەوەی ماشێنەکان و سوتەمەنیەکە مەسرەفی دەکن، و پیس بوونی سەرچاوە گرتوو لە کارخانەجاتی پیشەسازی ڕاگەیەندراوە.پیس بوونی هەوا و ئاسەوارەکانی یەکێک لە گەورە ترین گرفتە ژینگەییەکانە لە تاران و گەلێک لە شارە گەورەکانی ئێران. هەوای ناسالم گیرۆدە بوون بە سەرەتانی ڕیە، سەکتە و باقی نەخۆشیە قەلبیەکان و ئاسم و تەنگەنەفەسی بە ڕێژەیەکی جێی سرنج زیاد دەکات. ئامارەکان نیشانی ئەدەن کە لە رۆژەکانی زیاتر پیس بوونی هەوای تاراندا، ژمارەی نەخۆشانی تەنگەنەفەسی تا ٦٠ لەسەد زیاد دەبێت، بە جۆرێک کە پیس بوونی هەوا بە شێوەی مامناوەند بۆتە هۆی کەم بوونەوەی ٥ ساڵ لە تەمەنی تارانیەکان. توێژینەوە ئەنجام دراوەکان لە لایەن شیرکەتی ” کۆنترۆڵی کەیفیەتی هەوا” و وەزاڕەتی بێهداشت و دەرمانی ئێرانەوە باسی ئەوە دەکات کە ڕێژەی پیسکەرەکانی هەوا لە تاران بە شێوەی مامناوەند سێ بەرابەری ئیستانداردی جیهانیە. لەمساڵدا چەندین جار مەدرەسەکانی تاران داخراون و کارناسان لەم رۆژانەدا بەردەوام داوا لە منداڵان، ئەو کەسانەی کە گرفتی قەلبی و هەناسەدانیان هەیە، ژنانی دووگیان و کەسانی بەساڵاچوو دەکەن لەماڵ نەیەنەدەر. تاران شارێک کە بۆتە یەکێک لە گەورە شارەکانی دنیا، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هەناسەدان دەخات و ئاماری مەرگ و میری سەرچاوەگرتو لێیەوە لە بانترین ئاستی ئیستانداردیش تێپەڕێوە.729
بەپێی قسەی ڕەسمی کاربەدەستانی دەوڵەتی لەوانە ” سەرۆکی کوموسیۆنی شارسازی شوڕای شاری تاران”، ساڵانە نزیکەی ٢٨٠٠ تا ٣٠٠٠ شارۆمەندی تارانی بەهۆی پیسی هەواوە گیان لەدەست ئەدەن. مامناوەندی مرگ و میر بەهۆی پیسی هەوا لە تاران ٨ کەس لە رۆژێک دایە.
پیس بوونی هەوا نە تەنیا سڵامەتی ئینسانەکان توشی مەترسی جیدی دەکات بەڵکوو زیانێکی ئابووری زۆریش بەدوای خۆیدا دێنێ کە ڕێژەکەی گەلێک زیاترە لە هەزینەی کارێک بۆ پێشگیری لێکردنی. بەڵام ئایا بەڕاستی پیس بوونی هەوا تا ئەم ئاستە مەترسیدارە کە بتوانێ ساڵانە تەنیا لە شاری تاران زیاتر لە ٣٠٠٠ قوربانی هەبێت و هیوا بە ژیانی ئینسانەکان ٥ ساڵ کەم بکاتەوە، و هیچ ڕێگا چارەیەکیشی نەبێت؟ ئایا لەگەڵ بەرەو پێش چوونی ئەم ئاستە لە تێکنولۆژی کە هەیە ناکرێ ڕێژەی ئالودەگی هەوا بگەیەندرێتە ئاستێک کە ناچار نەبی هەر جار ناجارێک ئاژیری مەترسی لێبدەیت و مەدرەسەکان دابخرێن؟
کۆی ئامار و ئەرقام و نەزەراتی کارناسانە لە پێیوەند لەگەڵ پیس بوونی هەوا و ئاسەوارەکانی بەسەر سڵامەت و تەندروستی کۆمەڵگاوە، دەرخەری ئەوەن کە ئەم ڕژیمە سەرەڕای هەموو ئەو تەرح و گەڵاڵە ڕەنگاو ڕەنگانەی کە تا ئێستا ئیجرای کردون، نە تەنیا نەیتوانیوە لە ڕێژەی ئالودەگی کەم بکاتەوە بەڵکوو سەرمایەیەکی زۆریشی لە گیرفانی خەڵک بە هەدەر داوە. داخرانی جار و بارەی تاران یارمەتیەک بە کەم بوونەوەی پیس بوونی هەوا ناکات، بەڵکو تەنیا یارمەتی ئەوە ئەدات کە بارودۆخەکە لەوەش کە هەیە خراپتر نەبێت.

ئەو ڕاپۆرتانەی لە ڕاگەیەنەرەکانی نێوخۆدا بڵاو کراونەتەوە باسی ئەوە دەکەن کە ٨٨ لەسەدی پیسی هەوای تاران وەسیلەی گواستنەوە و گەیاندن و مەسرەفی بەنزینی نائیستانداردە کە لەنێوخۆی وڵاتدا بەرهەم دێت. مەرەفی سوتەمەنی ماشێنە کۆنەکان سێ بەرابەری ماشێنە تازەکانە و ڕێژەی پیسکەرەکانیان چەندین بەرابەری ئەوانە. بەڵام گەلێک لە ماشێنەکانی بەرهەمی نێوخۆ لەگەڵ ئەوەی کە تازەن بەڵام خاوەنی ئیستانداردی پێویست نین. بەپێی ئامارەکان،٣٠ هەزار تاکسی کۆن لە تاراندا بوونیان هەیە، لە حاڵێکدا کە شەقامەکانی تاران زەرفیەتی دوو ملیۆن ماشێنیان زیاتر نییە، بەڵام سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار وەسیلەی گواستنەوە و گەیاندن لەم شارەدا هاتوچۆ دەکەن. مەسرەفی بەنزینی نا ئیستاندارد یەکێکی تر لە هۆکارەکانی زیاد بوونی ئالودەگی هوایە لە شارە گەورەکانی ئێراندا.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دواکەوتو تر و گەنیو تر لەوەیە کە دابین بوونی سڵامەتی تاک بە تاکی دانیشتوانی کۆمەڵگە و سالم سازی ژینگەی بۆیان لە ئەولەویەتی جیدیدا بێت و بتوانێ بە بەکارهێنانی پلان و بەرنامەی نوێ و بە دوور لە دزی و تاڵانچێتی لەگەڵ بە کردەوە دەرهێنانی گەڵاڵەکان و ڕێکاری دروست و کاریگەر بۆ چارەسەری گرفتی پیسی هەوا هەنگاوێک هەڵێنێتەوە. گرفتی ئالودەگی هەوا، بێ چارەسەر نییە، بەڵام ڕژیمێک کە ژیانی خەڵکی بەلاوە گرنگ نییە، لە بیری ڕێگا چارەشدا نییە بۆ ئەم گرفتە. بەم جۆرە تەنانەت سالم و پاک بوونەوەی هەوایەکیش کە هەڵیدەمژین بەستراوەتەوە بە روخانی ئەم ڕژیمەوە.