لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی منداڵان و لە گەرمەی ساڵیادی ڕاپەڕینی ناڕەزایەتی خەزەڵوەری ٩٨دا یادی گیانبەختکردووانی ڕاپەڕین و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” بە شێوەی جۆراوجۆر، لەوانە بە بڵاوکردنەوەی تراکت لە ناو شارەکان و کۆبوونەوە لەسەر هەندێک لە گڵکۆی ئەو ئازیزانە، بەرز ڕاگیرا. لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ڕابردوو و خەزەڵوەری ٩٨، لە دەقێکی هاوبەشدا بە هاشتاگی “ئابان بەردەوامە“، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسیان کە ئێمە، ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازی ئەو ئازیزانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەلوە کوژراون، ڕایدەگەیەنن تا دوا هەناسە، ڕێبازی ئابان درێژە پێدەدەین. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە لە ژێر ناوی “کۆماری ئیسلامی بێباکانە بەردەوامە لە کوشتنی منداڵان“. لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە منداڵان بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن مەئموورانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون بۆ ئەوەی کۆمەڵگا زیاتر تووشی چاوترسێن بکات. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە لە زیندانەکان و دەرەوەی زیندان خەریکی منداڵ کوشتن بووە. ئەم ڕژیمە لە نێوان ساڵانی ١٣٦٠ بۆ ١٣٦٧ زیاتر لە ١٢٦ کچ و کوڕی تەمەن ١٨ ساڵ و کەمتر لە ١٨ ساڵی لەسێدارە داوە کە بە ئازارترینیان بەریتی بوو لە لەسێدارەدانی مۆنا مەحموود نەژاد تەمەن ١٧ ساڵ. ناوبراو تەنیا لەبەر ئەوەی لە ژێر هەڕەشە و ئەشکەنجەدا ئامادە نەبوو دەستبەرداری بەهایی بوونەکەی بێت، لە سێدارە درا. بەپێی وتەی شایەتحاڵان و ئەو بەڵگەنامانەی کە بەردەستن، لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٦٧دا دەیان منداڵی خوار ١٨ ساڵ کە زۆربەیان کچ بوون، لە سێدارە دران. لەو ساڵانەدا ژمارەیەک منداڵی ئەفغانیش لەلایەن جینایەتکارانی ڕژیمەوە کوژران یان لە زیندانەکاندا لە سێدارە دەدران. مەئموورانی ڕژیم لە کاتی ڕاپەڕینەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا لە ڕووداوی خستە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“دا بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان. بۆ نموونە تا ئێستا ناو و وردەکاریی ٧٤ منداڵ کە لە شۆڕشی ژینادا گیانیان لەدەستداوە تۆمار کراوە، کە کەم تەمەن ترینیان کیان پیر فەلەکی تەمەن نۆ ساڵ بوو. کوشتنی هاووڵاتییان لە کۆماری ئیسلامیدا و بە تایبەت کوشتنی منداڵان، ناڕەزایەتییەکی زۆری لێ کەوتۆتەوە. دروشمی “مەرگ بۆ حکوومەتی منداڵکوژ” یەکێکە لە دروشمەکانی خەڵک لەدژی حکوومەت لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کوشتنی منداڵان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا. خۆپیشاندەران لە شەقام و گەڕەکەکاندا بە دروشمی “حکوومەتی منداڵکوژمان ناوێت، پاشگری ناوی شەرمەزارکەری منداڵکوژیان بە سەر بەرپرسان و دەست و پێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسیدا سەپاند. لەو پێوەندییەدا حیزب و ڕێکخراوە چەپ و دێموکراتەکان، دادخوازان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ناوەوە و دەرەوە، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و چالاکانی کۆمەڵایەتی، بە بەشداریکردن لە ئاکسیۆنەکان و دانی پەیام و خوڵقاندنی بەرهەمی هونەری، بڵاوکردنەوەی بەیانییە و چالاکیی لەم چەشنە، بەرامبەر بە جینایەتی ترسناکی بەرپرسە ورد و درشتەکانی کۆماری ئیسلامی لەدژی منداڵان، ناڕەزایەتییان دەربڕی. زۆربەی ناڕازییان ڕووخانی کۆماری ئیسلامییان بە تەنیا ڕێگای کۆتایی هێنان بە منداڵکوژیی لە ئێران زانی.
کۆماری ئیسلامی لە ڕووی منداڵکوژییەوە، هاوتای حکوومەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلە. ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشە تاوانکارییەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر غەززە، هەتا ئێستا لانیکەم ١١ هەزار و ٥٠٠ کەسی کوشتووە کە زیاتر لە چوار هەزار و ٧٠٠ کەسیان منداڵ بوون. منداڵان لە ناو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکدا جێگەیەکی تایبەتیان هەیە، چونکە بەردەوامیی نەوە و ژیان بەستراوەتەوە بە بوونی ئەوانەوە. لەمڕووەوە نەفرەت و بێزاری لەو دەسەڵات و سیاسەتانەی کە گیانی منداڵان دەکەنە قوربانی لە پێناو مانەوەیاندا، گەیشتووەتە لوتکە. ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە دەستدرێژیکردنە سەر گیانی منداڵان و ژەهراویکردنی سەدان قوتابخانەی کچان لە سەرانسەری ئێران، چاوترسێن کردنی تەواوی کۆمەڵگایە. بەڵام ئەم سیاسەتە جینایەتکارانەیە ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتووەتەوە. پێکهاتنی بزووتنەوەی” دایکانی دادخواز” یەکێکە لە هێماکانی شکستی ئەم سیاسەتە. نموونەی دیاری ئەم ورە بەرزییە لە لێدوانی دایکانی منداڵانی گیانبەختکردوو، لەوانە “ماه مونیر مەولایی ڕاد” دایکی خەباتکاری کیان پیرفلەک دا بەڕوونی دەردەکەوێت. ئارزوو حوسێنی، دایکی هومەن عەبدوڵڵاهی، یەکێک لە منداڵانی گیانبەختکردووی شۆڕشی ژینا، لە ڕێوڕەسمی یادی کوڕەکەیدا، ڕوو بە دەسەڵاتدارانی ڕژیم وتی: تا کاتێک دیل و کۆیلە بین، ئێوە تەنیا زنجیر و کۆت و بەندمان بۆ دروست دەکەن، خاکتان بەسەر ئێمە تەنانەت ئەگەر بشمرین، تەنیا کۆیلایەتی لەدەست دەدەین.” دڵنیا بن تەنانەت دوای مردنیش ڕێگە نادەین خاکەکەمان داگیر بکەن و وەک داڵاش گۆشتمان بخۆن.” ئێستا بزووتنەوەی دادخوازی لە ئێران بووەتە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری و توانایی ئەوەی هەیە کە هاوشانی بزووتنەوەکانی دیکە، ڕۆڵێکی بەرجەستە لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا بگێڕێت.