حکومەتی ئیسلامی ئیتر شتێکی بۆ شاردنەوە نییە. ڕازەکانی ڕژیم رۆژانە لە پەناوپەسیو و تاریخانە دیجاتاڵیەکانەوە دێتەدەر و دەکەوێتەبەر چاو. تازە ترین نمونەی دەست ڕاگەیشتن بە سایتی وەزاڕەتی ئیتلاعاتە. خامنەیی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردودا گەلێک هەڵەی ئیستاتیژیکی گەورەی کردوە. لەم نێوانەدا ڕەنگە گرنگ ترینیان بۆ مانەوەی حکومەتی ئیسلامی، دوور خستەنەوە و فڕیدانی ڕیفۆڕم خوازەکان بووە. ئەو ئیسلاح خوازانەی کە بۆ وەلی فەقیە دەور و نەخشی زەربەگیر و فریودانی جەماوەری خەڵکیان هەبوو. ئێستا کە دەسەڵات یەک دەست بۆتەوە، ئیسلاع خوازە خانەنسین کراوەکان، هێندێکیان زیندانی و یان لە حەسەری خانەگیدان و یان بە ناچاری بەرەو وڵاتانی دیکە کۆچیان کردوە، خامنەیی ئەم سەرپۆشەشی لەدەست داوە و ڕووت لەبەرچاوی خەڵدا ماوەتەوە. ئیتر سیاسەتی مەزڵومنمایانەی” گیانی بێ نرخ و جەستەی عەیبدار” یشی ناگاتە فریای. ئیسلاح خوازەکان وەلا نراون. کۆمەڵێک جاپلوس و گەندەڵ بوونەتە خاوەن دەسەڵات کە بێجگە لە بەڵێ قوربان وێژی، بێجگە لە سەرکوت و وڕێنە کردن هونەر و تواناییەکی دیکەیان نییە.
قەیرانە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، دیپلۆماتیک و ژینگەییەکان رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرینتر دەبنەوە. ناڕەزایەتی بەرین لە نێوخۆ و دەرەوە دەستی ناوەتە بینی ڕژیم و وڵامی حکومەتیش درۆ، سوکایەتی و سەرکوت و جەنایەتە. ڕژیم کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی تاڕادەیەکی زۆر لەدەست داوە. کاربەدەستانی ورد و درشتی حکومەتی باس لە سەرکوتی خەبات و ئاخێز دەکەن، لە حاڵێکدا قوتابخانە، زانکۆکان، شەقام و چەندین ناوەندی کرێکاری لە ناڕەزایەتی و مانگرتندان. خەڵک، بە تایبەت ژنان و لاوان چاوەڕێی پاشەکشەی حکومەت نەبوون و ژمارەیەکی زۆریان بە کردوە سەرپۆشی ئیسلامیان لاداوە. ئاخوندەکان بە جلی ئاخوندیەوە ناتوانن بە هاسانی خۆیان وەدەر بخەن و گەلێک جار مێزەرەکانیان خراوەتە خوارێ. حکومەتێکی کە چل و سێ ساڵ پۆشینی ئیسلامی بەسەر خەڵکدا سەپاند، تێزابی کرد بە دەموچاوی ژناندا، ئێستا ئاخوندەکانی بە جلی ئاخوندیەوە ناتوانن دەرکەون.
لە سیاسەتی دەرەوە دانی درۆن یان پەهباد بە ڕوسیە، ئیتیۆپی، ڕیکخراوە تیرۆریستیە شیعەکان لە عێڕاق، سوریە و لوبنان حکومەتی بەرەو ڕووی تەحریمی جیدی تر کردۆتەوە. رۆژ نییە کە هەواڵی دەرکردنی نوێنەرانی حکومەت لە مەراسم و ناوەندە نێونەتەوەییەکان بڵاو نەبێتەوە. لە نێوخۆی ئێران حکومەت بێجگە لە سەرکوت ئامرازێکی دیکەی بە دەستەوە نییە. ئیعتیبار و شەرعیەتی نییە. بێزراو و بێتوانایە. تەنانەت ناتوانێ ئەمنیەتی خۆی دابین بکات. بەڵگە سڕیەکانی ئاشکرا دەکرێن، تەنانەت سایتە زۆر ئەمنیەتیەکانیشی وەک دامەزراوەی یەتۆمی هاک دەکرێن و زانیاریە مەحرەمانەکانی ئاشکرا و بڵاو دەکرێنەوە.
خەڵک زیاتر لە پێشو هیوادار و خۆش بینن بە ئاڵوگۆڕی سیاسی و روخانی ڕژیم. هێزی سەرکوتگەر زۆریان ماندو و بێ هیوان بوون. حکومەتی ئیسلامی ڕووت بۆتەوە و هەموو خەڵکی دنیا عەیب و عارەکانی ڕژیم دەبینن. ئاسۆی رووداوی مێژوویی روخانی حکومەتی مندا کوژ دەرکەوتوە. ئیتر قسە لە ئیمکانی روخانی ڕژیمی ئیسلامی نییە، باس باسی ئەوەیە کە ئەم ڕژیمە سەدە ناوەڕاستیە تا چەندەی دیکە دەتوانێ لەبەرانبەر ئەم گوشارانەدا خۆی ڕابگرێت.