سێ مانگ بەسەر بزوتنەوەی گەورە و شکۆداری خەڵکی ئێران لەدژی بەڕبەڕیەت و توندوتیژی مەزهەبی کۆماری ئیسلامی دوای قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی دا تێدەپەڕێت. چەخماخەی ئاخێزی شۆڕشی سەرتاسەری ئێران لە کوردستانەوە لێدرا و خەڵکی کوردستان لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردودا هەروا پێشەنگ و پەیگیری ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە بوون. بەڵام لە هەمانحاڵدا لەم ماوەیەدا کوردستانی شۆڕشگێڕ لەژێر توندترین گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیدا بووە. لە جەریانی ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانە کە لە ئارادایە، تا ئێستا ١٢٠ کەس لە خەڵکی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە کوژراون. لەنێو کوژراوەکاندا ناوی ٥ ژن و هەروەها ١١ منداڵ بەرچاو دەکەوێ کە هەشت کەسیان لەژێر تەمەنی ١٦ ساڵیدا بوون. لەگەڵ ئەوەشدا بە سەدان کەس بریندار و بە هەزاران کەسیش دەستبەسەر کراون. توندوتیژی و سەرکوتی خوێناوی خەڵکی کوردستان بارودۆخێکە کە ٤٣ ساڵە لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا پەیڕەو دەکرێت. ڕژیمی ئیسلامی لە سەرەتای دروست بوونەیەوە، لە کوردستان وەک هێزێکی داگیرکەر جوڵاوەتەوە. خومەینی فەرمانی جیهادی لەدژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و چوار دەیە داگیرکاری نیزامی، گرتن و ئەشکەنجەدان، ئێعدام و تیرۆ، دوای ئەو فەرمانە جەنایەتکارانەی سەرانی حکومەتی ئیسلامی بەشی خەڵکی کوردستان بووە.
خەڵکی کوردستان لە رۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاری حکومەتی ئیسلامیەوە ماهیەتی کۆنەپەرستانەی ئەویان بەدروستی ناسی و لە ڕیفڕاندۆمێکی درۆینەی” ئەرێ یان نا” بۆ کۆماری ئیسلامی، بە بایکۆتی یەکگروانەی ڕیفڕاندۆمەکە وڵامێکی” نا” ی گەوەرەیان بە کۆنەپەرستی ئیسلامی دایەوە.
چوار دەیە خۆڕاگری جەماوەری لە بەرانبەر ڕژیمی ئیسلامیدا، ڕادەی دوژمنایەتی کۆماری ئیسلامیلەگەڵ خەڵکی کوردستانی گەیاندە لوتکە. لەو ماوەیەدا کۆماری ئیسلامی چاوپۆشی لە ئەنجامدانی هیچجەنایەت و پیلانێک لە کوردستان نەکردوە و بەم حاڵەشەوە بەرەو ڕووی شکست و ناکامی بۆتەوە.
بەڵام نەفرەت و توڕەیی ئێستای حاکمیەت لە خەڵکی کوردساتن دوای قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی ئاستێکی بەرینتری بەخۆیەوە گرتوە. ناڕەزایەتی بەرین لە سەقز و لە کوردستان بۆ یەکەم جار ئاوێتەی شەپۆلێکی بەرین لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەراسەری بوو. پیلانی دووبەرەکی نانەوەی حاکمیەت لە ماوەیەکی کورتدا پوچەڵ کرایەوە و خەڵک لە سەرتاسەری ئێران، سەرەڕای هەر جیاوازیەکی زمانی، مەزهەبی، نەتەوەیی، عەقیدەتی و بیروبۆچوون لە بەرانبەر ڕژیمی ئیسلامیدا وێستانەوە.
حاکمانی ئیسلامی و ئیستراتیژیستە نیزامی– ئەمنیەتیەکانی ڕژیم خۆڕاگری کوردستانیان بە هۆکاری ناڕەزایەتی سەرتاسەری زانی. توندوتیژی لە کوردستان گەیشتە ئاستێک کە تەنانەت لە نیزامێکی ئیستبدادی و فاشیستی وەک کۆماری ئیسلامیش چاوەڕوان نەدەکرا. گەمارۆدانی شارەکان، بەرگرتن لە هێنان و بردنی کالا، دامەزراندنی بە دەیان بازگەی پشکنینی نێوان شاری، بەشێکی دیکەیە لە دەستپێکی قۆناغێکی تر لە جەنایەت لە کوردستان.
هێنانی بە دەیان هەزار هێزی نیزامی و ئەمنیەتی تازە بۆ کوردستان، بۆمباران و تۆپبارانی ئەحزابی سیاسی و خەڵکی بێ دیفاع لە هەرێمی کوردستان، هەڕەشە کردن لە ناوەندەکانی پزیشکی و دەرمانی بۆ ناساندنی بریندارەکان و خۆ پاراستن لە دەرمان کردنی بریندارەکان بەشێکی دیکە لە نەخشە و پلانی ڕژیمە لە کوردستان.
٤٣ ساڵ داگیرکاری نیزامی و میلیتاریزە کردنی کوردستان ئیرادەی خەڵکی کوردستانی بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری تێنەشکاند. شەپۆلی نوێی داگیرکاری ڕژیمی ئیسلامی لە کوردستان بە دروشمی کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان وڵامدرایەوە. خەڵکی کوردستان ئەزمونی زیاتر لە چوار دەیە خەبات و خۆڕاگرییان لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا هەیە، و بە خەبات و تێکۆشانی یەکگرتوانەیان بزماری کۆتایی لە تابوتی ئەم نیزامە کۆنەپەرستە مەزهەبیە ئەدەن.