کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حکومەتی ئیسلامی ئێران و پەرەسەندنی کارەساتی هاوسەرگیری منداڵان

child marriage

نوێترین ئامارێکی کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، باس لە هاوسەرگیری ٩٧٥٣ کچی تەمەن ١٠ بۆ ١٤ ساڵە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دەکات. ئەم ژمارەیە لەچاو ئاماری وەرزیی دوو ساڵی رابردوو، بەرزترین ئاماری وەرزیی هاوسەرگیری کچانی تەمەن ١٠ بۆ ١٤ ساڵە. بەپێی ئەم ئامارە هاوسەرگیری منداڵان لەمساڵدا ٣٢ لەسەد لەچاو ساڵانی رابردوو لەم مەودای زەمەنییەدا زیادی کردووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو ئامارە تەنیا ئەو هاوسەرگیرییە ڕەسمییانە لەخۆ دەگرێت کە لە ڕێکخراوی تۆماری مەدەنیدا تۆمار کراون. لەڕاستیدا زۆریەک لە هاوسەرگیری منداڵان لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێن، لەو ڕووەوە ئاماری ڕاستەقینە گەلێک لەوە زۆرتر و کارەساتەکە دڵتەزێنترە. ئێران پاش وڵاتی گینە لە ئافریقا کە لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری ١٢ ساڵە، بە لانیکەمی تەمەنی ١٣ ساڵ بۆ هاوسەرگیری، پلەی دووهەمی لە ئاستی جیهاندا هەیە.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئیسلامی، منداڵان لاوازترین توێژی کۆمەڵگان. ملیۆنان منداڵ لەم وڵاتەدا دەرفەت و ئیمکانی ئەوەیان نییە کە دونیای منداڵیی خۆیان ببینن. منداڵانی کار،  منداڵانی بێ سەرپەرشت، ئەو منداڵانەی کە ڕەوانەی مەیدانەکانی شەڕ و بە مین چێندراو دەکەن،  منداڵانی زیندانی، منداڵانی گیرۆدەبووی ماددەی هۆشبەر و ئەوانەی کە تووشی تووندوتیژی دەبن و هەروەها ئەو منداڵانەی کە لە تەمەنی منداڵیدا دەبنە دایک، باوک یا تەنانەت تەڵاق دەدرێن، لە زومرەی ئەو ئەو جۆرە منداڵانەن.

هاوسەرگیری منداڵان بەپێچەوانەی مافی کەسیی و ئینسانیی منداڵانە و نە تەنیا مناڵیی ئەوان لەناو دەبات، بەڵکوو داهاتووشیان لەگەڵ گەلێک کێشە و گرفتی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوو دەکاتەوە. لە ئاکامی خەباتێکی دوور و درێژی کە لە پێناو باشتر بوونی بارودۆخ و مافی منداڵ لە ئاستی جیهاندا بەڕێوەچوو، سەرئەنجام ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پەسەندکردنی”رێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ” لە ساڵی ١٣٦٨دا سەرجەم کەسانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵانی وەک منداڵ بە فەرمی ناساند. کۆمیتەی مافی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە دەوڵەتەکان دەکات کە ئەگەر تەمەنی یاسایی پێناسەکراو لە وڵاتەکانیاندا کەمتر لە ١٨ ساڵە، بۆ ١٨ ساڵ بەرزی بکەنەوە. بەپێی ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان، هەر چەشنە هاوسەرگیرییەکی کەمتر لەو تەمەنە قەدەغەیە و ئەو دەوڵەتانەی کە ئەو ڕێککەوتننامەیان واژۆ کردووە، دەبێ پابەند بن بە ڕەچاوکردنی ئەو یاسایە.

ئەگەرچی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ساڵی ١٣٧٣ پەیماننامەی مافی منداڵانی بە شێوەیەکی مەرجدار واژۆ کرد، بەڵام زۆریەک لە بڕگەکانی بەهۆکاری ناتەبایی لەگەڵ شەریعەتی ئیسلام بە ئاشکرا پێشێل دەکات. ماددەی ١٠٤١ی هاوسەرگیری هەندێک مەرجی داناوە بۆ ئەوەی پێوەرەکانی شەریعەت پەیڕەو بکرێت، کە بەپێی ئەو مەرجانە، بە ئیزنی سەرپەرشتیار و دادگا، کچ و کوڕ دەتوانن پێش لەوەی تەمەنیان بگاتە ١٣ و ١٥ ساڵ هاوسەرگیری بکەن. یاسای تاکی کۆماری ئیسلامیش تا ساڵی ١٣٧٩ لەسەر ئەم بنەمایە نووسرابۆوە. واتە سەرپەرشتیار کە پیاوە، دەیتوانی کچ لە تەمەنی ٩ ساڵیدا بدات بە شوو و لە تەمەنی ١٥ ساڵیشدا ژن بۆ کوڕەکەی بێنێت. پاش خەباتێکی دوور و درێژ لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە، دواجار هێزی دادوەری کۆماری ئیسلامی لەساڵی ١٣٧٩دا قەبووڵی کرد که لانیکەمی تەمەنی ١٣ ساڵی بۆ هاوسەرگیری کچان بێنێتە ناو یاساکانییەوە. بەڵام وەکوو هەمیشە بەپاساوی شەرعی ئەم مادەیە لە کردەوەدا ڕەچاو نەکرا.

هاوسەرگیری پێشوەختە، بەتایبەت بۆ کچان کە کات بەسەربردنی منداڵی و دەرفەتی زێڕینی پەروەردە و گەشەکردنی بەهرە و گەشەکردنی جەستەیی و هزری و شکڵگرتنی کەسایەتییان لێ زەوت دەکرێت، جگە لەوەی تووشی ئاڵۆزی دەروونی و جەستەیی دەبن، کاریگەریی خراپ و لێکەوتەی نەرێنیش لە خێزان و کۆمەڵگا بەجێدەهێڵێت. بوکێکی منداڵ بەهۆی تەحەمولی کاری هەتا هەتایی ناوماڵ و سنوورداربوونی گرنگیدان بە دەرفەتەکانی مناڵیی خۆی، دەسەڵات و توانایی بڕیاردان لەدەست دەدات. ئەو کچانە بەهۆی دووگیانبوونیان لە تەمەنی منداڵیدا و هەروەها نەبوونی شارەزایی و پەروەردەی جنسی، تووشی مردنی پێشوەختە دەبن، بەشێوەیەکی کە ڕێژەی مردن و گیان لەدەستدانیان پێنج هێندەی کچانی تەمەن بیست ساڵە.

هاوسەرگیری پێشوەختەی منداڵان یەکێک لە دیاردە مەترسیدارەکانی تووندوتیژی دژ بە منداڵانە و دەبێ وەک ئەزیەت و ئازاری منداڵ و بە کۆیلەکردنی ئەم گەنجانە و تاوانێکی تاوانکاریی هەژمار بکرێت. ئەو داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەی کە هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییەکان بەستێنی پەرەسەندنی هاوسەرگیری منداڵانی پێشوەختە خۆش دەکات و هەروەها ئەو شەرع و نەریت و یاسایانەی کە ئیزن بەمجۆرە هاوسەرگیرییە دەدات و بەرهەمی دەهێننەوە، دەبێت بنبڕ بکرێت.   پێویستە شەریعەت و ئەو یاسادانەرانەی کە شەرعیەت بە ئەنجامدانی ئەم تاوانە دەدەن، ڕادەستی دادگا بکرێن و سزا بدرێن. پێویستە تەحەدای ئەو کولتوور و نەریتە کۆن و دواکەوتووانە و ئەو دایک و باوکانەش بکرێت کە کچە کەم تەمەنەکانیان ناچار دەکەن هاوسەرگیری لەگەڵ پیاواندا بکەن. ئەوانە کە بەزۆری بەهۆی هەژارییەوە ئەم کارە دەکەن، پێویستە ئاگاداری لێکەوتە زیانبەخشە لەڕادەبەدەرەکانی کارەکانیان بن. بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەک کە منداڵان بتوانن لە ئارامی و ئاسایشدا گەشە بکەن، ئیمکانی گەشەی بەهرە و تواناییەکانی منداڵان دابین ببێت، هەژاری و ئالوودەبوون بە مادەی هۆشبەر و هەژاری کلتوری لە دژی بەرژەوەندی و مافی منداڵان بەکار نەهێنرێت و ڕێگری لە هاوسەرگیری منداڵان بکرێت، دەبێ لەدەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بین.