کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حوکمی دادگای لاهه: سەرکەوتنێکی ئەخلاقی و سیاسی

170834611

کەریم خان، دادستانی باڵای دادگای تاوانەکانی لاهه، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی گوڵان بەرامبەر بە ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤، خوازیاری دەستگیرکردنی یاسایی نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیری ئیسرائیل، یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل و هەروەها سێ بەرپرسی سەرەکی ڕێکخراوی ئیسلامیی حەماس (یەحیا سنوار و محەممەد زەیف و ئیسماعیل هەنیە بوو). بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی، لە وەڵامی داواکارییەکەی ئەفریقای باشوور دا دەرچووە. ئەم بڕیارە بوێرانەی کە سەرەڕای هەڕەشەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا دراوە، دەبێت لەلایەن باڵاترین بەرپرسانی دادوەری دادگای نێودەوڵەتی لاهەوە پەسەند بکرێت. نەواف سەلام سەرۆکی کۆبوونەوەکە، داوای لە دەوڵەتی ئیسرائیل کرد کەدەستبەجێ هێرشە سەربازییەکەی لە ڕەفەح ڕابگرێت“. ئەرتەش و دەسەڵاتدارانی سیاسی ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردومانی چەند شوێنێکی غەززەیان چڕتر کردەوە و دەستیان کرد بە لێدوان و قسەی نەشیاو بەرامبەر بەو دادگایە، بەشێوەیەک کە تەنانەت ناڕەزایەتی بەشێک لە کاربەدەستانی دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلی لێکەوتەوە. حوکمی دەستگیرکردن بۆ ئەو تاوانبارانە، چەند ڕۆژ دوای ئەو کۆبوونەوەیەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیەندرا کە ڕۆژی هەینی ٢١ی گوڵان، بە ١٤٣ دەنگی بەڵێ، پشتگیری لە داواکەی فەلەستین کرد بۆ ئەندامێتی تەواو لەو ڕێکخراوەدا. بڕیارنامەکەی کۆمەڵەی گشتی، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە کەهاریکار بێت لە بەدواداچوون بۆ ئەم ئەندامێتییە“.

دەوڵەتی ئەمریکا لە دوایین دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ پێداچوونەوە بە پرسی ئەندامێتی فەلەستین، ئەم داوایەی ویتۆ کرد، بەڵام ئەو دەنگە ئەرێنیانەی ئێستا بۆ ئەم گەڵاڵەیە، بە نیشانەی پشتیوانییەکی بەربڵاوی نێودەوڵەتی بۆ قبوڵکردنی ئەندامێتی فەلەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها دژایەتیکردن لەگەڵ دەنگی ویتۆی ئەمریکا دادەنرێت. هاوکات ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا لەوانە ئیسپانیا، کۆماری ئیرلەند و نۆروێژ، لەم دواییانەدا ڕایانگەیاند کە لە ڕۆژی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٤ەوە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بە فەرمی دەناسن. جۆزێپ بورێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی ئیسپانیا ڕایگەیاند کە ئەگەری ئەوە هەیە وڵاتی ئیسلۆنی و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لەم مانگەدا دان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین دا بنێن. لە ساڵی ١٩٨٨ەوە تا ئێستا ١٣٩ وڵات لە کۆی ١٩٣ ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، دانیان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستیندا ناوە. بڕیارنامەکەی ڕۆژی هەینی ئەنجوومەنی گشتی، ڕایگەیاند کەدەوڵەتی فەلەستین بەپێی مادەی چواری مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی بوون بە ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەیە، لەمڕووەوە پێویستە وەک ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیە وەربگیرێت“.

ئەڵبەتە بڕیارەکانی دادگای لاهه بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتەکانی وەک ئیسرائیل و ئیمپریالیزمی ئەمریکا کە ئەم دادگایەیان بە فەرمی نەناسیوە، مەرجی جێبەجێ کردنی نییە، بەڵام بۆ ئەندامەکانی تر، مەرجی پابەندبوون و جێبەجێکردنی هەیە. ئەم بابەتە سەبارەت بە فەرمانی دەستگیرکردنی نەتانیاهۆ و ئەوانی دیکەش هەروا دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر نەتانیاهۆ، یۆئاڤ گاڵانت، یەحیا سنوار، محەممەد زەیف و ئیسماعیل هەنیە، بچنە وڵاتانی ئەندامی ئەو دادگایە، لەوانە بریتانیا، دەبێ پۆلیس بیانگرێت و ڕادەستی دادگای ئەو وڵاتەیان بکاتەوە. لەمڕووەوە ئیمکانی سەفەری ئەو جینایەتکارانە کەمتر دەبێتەوە. بەڵام کاریگەرییە گرنگترەکانی ئەو داواکارییە، ئەخلاقی و سیاسییە. ئێستا کابینەکەی نەتانیاهۆ لە هەموو کاتێک ڕسواترە و پرسی فەلەستین و جینۆسایدی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە غەززە، کە بە هاوکاری ئیمپریالیزمی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت، ناڕەزایەتی بەربڵاوی جەماوەری لە ئاستێکی جیهانیدا بەدوای خۆیدا هێناوە. خودی بایدەن و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەشی، لە ڕووی سیاسییەوە متمانەی خۆیان لەلای بیروڕای ئینساندۆستانی ناوەوە و دەرەوەی ئەمەریکا پتر لە هەمیشە لەدەستداوە. هەروەها ناڕەزایەتی گشتی لە ناوخۆی ئیسرائیلیش لەدژی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پەرەی سەندووە و ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵکی ئیسرائیل خوازیاری کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززەن. ئەم بابەتە تەنانەت لە کەسایەتییە سیاسییە خاوەن ویژدانەکانی وەک گیدئۆن لۆی، نووسەرێکی لەدایکبووی ئیسرائیلیش دا خۆی نیشان داوە. ناوبراو ڕۆژی ٢٣ی ئایار بەرامبەر بە ٣ی جۆزەردان، لە سەردێڕێکی ڕۆژنامەی هائارتزدا نووسیی کە دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە و حوکمەکەی دادگای لاهه دروست و دادپەروەرانەیە.

بڕیارەکەی دادگای تاوانەکانی لاهه لە دۆخێکدا دەرچووە کە ئینساندۆستانی چالاکی ئاشتیخواز و دژە شەڕ لە ئاستی جیهاندا خوازیاری مەحکووم کردنی دەوڵەتی ئیسرائیل، کۆتایی هاتنی دەستبەجێی یارمەتی دارایی و دابینکردنی چەک و چۆڵ لەلایەن دەوڵەتە پشتیوانەکانیان و لەسەروەری هەموویان دەوڵەتەکانی ئەمریکا، ئەڵمان و بریتانیا و هەروەها ئاگربەستی دەستبەجێ و ئاوەدانکردنەوەی غەززە و قەرەبووکردنەوەی لێقەوماوان و قوربانیانی ئەو شەڕەن. کاریگەری خەباتی ئەو ئینساندۆستانە، لە نووسراوە و بەیاننامە و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە شەقامی شارە گەورەکان و بزووتنەوەی خوێندکاریی دژ بە جینۆسایدی ئیسرائیل و ئەمریکا لە غەززە، لە ئەمریکا و ئورووپا و هەروەها لە دەرکردنی حوکمی مێژوویی لەلایەن دادگای لاهه و پەرەسەندنی ئەو وڵاتانەی کە خوازیاری بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستینن، خۆی نیشان داوە. ناڕەزایەتی و نەفرەت بەرامبەر بە کوشتاری دەوڵەتەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، لە نێو کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێراندا تا دێت پەرەدەسێنێ و قووڵتر دەبێتەوە. ئەگەرچی ئەم نەفرەت و ناڕەزایەتییە لە ترسی هاوئاراستە بوون لەگەڵ ڕژیمی جینایەتکاری ئیسلامی و ڕێکخراوی ئیسلامیی حەماس، بە ئاشکرا خۆی دەرنەخستووە، بەڵام ئەم ترس و نیگەرانییە هیچ هۆکارێکی بابەتیی نییە. خەڵکی فەلەستین و بەتایبەت دانیشتووانی غەززە، لە کاردانەوەی خۆیان بەرامبەر بە مەرگی ڕەئیسی جەلاد نیشانیان دا کە ئەوان لەگەڵ حەماس و ڕژیمی ئیسلامی هاو هەڵوێست نین. لە حاڵێکدا کە بەرپرسانی حەماس بەمەبەستی پرسە و سەرەخۆشی، چوون بۆ سەردانی خامنەیی، ڕاپۆرتەکان لە غەززەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە خەڵکی غەززە، کۆماری ئیسلامی و شەخسی ڕەئیسی بە هۆکاری زۆرێک لەو بەڵا و نەهامەتیانە دەزانن کە ئیسرائیل بەسەریدا هێناون.