دوای به‌ڕێوه‌چوونی چه‌ندین دانیشتنی فۆرماڵ له نێوان نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ت، خاوهنكاران و به‌ناو نوێنه‌رانی كرێكاران، سه‌ره‌نجام ده ڕۆژ به‌ر له كۆتایی ساڵ “شۆرای باڵای كار” لانیكهمی حه‌قده‌ستی ساڵی ١٤٠١ی كرێكارانی دیاری كرد. “شۆرای باڵای كار” لانیكهمی حه‌قده‌ستی ساڵی داهاتووی ٤ ملیۆن و ١٨٠ هه‌زار تمه‌ن له مانگدا ڕاگه‌یاند. به‌مجۆره حه‌قدستی چوار به‌رابه‌ر ژێر هێڵی هه‌ژاری به‌ڕه‌سمی به‌یاسا ده‌رهات.
ئه‌وه‌ش له حاڵێك دایه كه ٦ ڕێكخراوی سه‌ربه‌خۆی كرێكاری ١٧ی مانگی به‌فرانباری ١٤٠٠ له به‌یانییه‌یه‌كدا به‌له‌به‌رچاوگرتنی سه‌به‌دی بژێو و به‌سه‌ره‌نجدان به تهوهرۆمی هه‌وسارپساوی ئێستا، كه نیشانه‌یه‌ك له ڕاوه‌ستان یان كه‌مبوونه‌وه‌ی تێدا نابیندرێت، ڕایانگه‌یاند كه لانیكهمی حه‌قده‌ستی ساڵی ١٤٠١ نابێ له ١٦ ملیۆن تمه‌ن له مانگدا كه‌متر بێت.
ڕواڵه‌تی مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه كه سێ لایه‌نی نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌ت، نوێنه‌رانی خاوهنكاران و “گرووپی كرێكاری” گۆیا ده‌رباره‌ی حه‌قده‌ست بڕیار ده‌ده‌ن. كرێكاران به‌باشی ده‌زانن كه ئه‌مه به‌شی فۆرماڵی مه‌سه‌له‌كه‌یه و له ڕاستیدا لانیكهمی حه‌قده‌ستی دیاریكراو بۆ كرێكاران له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م دانیشتنانه‌دا دیاری ده‌كرێت و له ڕۆژانی كۆتایی ساڵدا ڕایده‌گه‌یه‌نن. هه‌موو ساڵێش وه‌ك هه‌میشه ڕاگه‌یاندنی بڕیاری نیهایی تا ده‌قیقه‌ی نه‌وه‌د كێش ده‌ده‌ن، تا وای نیشان بده‌ن كه گۆیا بڕیاری ده‌ركراو به‌رهه‌می ڕاوێژ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد بووه. له‌ڕاستیدا نه “شۆرای باڵای كار” ناوه‌ندی دیاریكردنی حه‌قده‌ستی كرێكارانه و نه كه‌سانێك كه له‌ژێرناوی “گرووپی كرێكاری”دا به‌شداری ئه‌م كۆبوونهوانهن نوێنه‌رانی كرێكارانن. ده‌وڵه‌ت و خاوهنكاران به‌شێوه‌ی یه‌كلایه‌نه و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌دارانی ده‌وڵه‌تی و خسووسی چه‌ندین مانگ به‌رله به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كانی شۆرای باڵای كار، حه‌قده‌ستی كرێكاران دیاری ده‌كه‌ن.
له‌و نێوه‌دا خانه كاریگه‌رییه‌كان كه ڕۆڵی نوێنه‌رانی كرێكارانیان له‌م شانۆ گاڵتهجاڕانهیهدا وه‌ئه‌ستۆیه، فریوكارانه چۆرتكه ده‌خه‌ن كه گۆیا له په‌نا ئه‌م ڕه‌قه‌مه‌وه ٨٥٠ هه‌زار تمه‌ن بۆنی كرێكاری، ٦٥٠ هه‌زار تمه‌ن حه‌قی مه‌سكه‌ن و ٢١٠ هه‌زار تمه‌ن سه‌نه‌واتی مانگانه‌ی كرێكاران ده‌درێت و به‌مجۆره له‌ئاست ئاكامی كاری خۆیان له شۆرای باڵای كار ڕه‌زایه‌ت ده‌رده‌بڕن. به‌ڵام ئه‌مه فریوكارییهكی ئاشكرایه. بۆنی كرێكاری و خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر ته‌نیا به‌شێكی كه‌م له حه‌قده‌ستی داگیركراوی كرێكارانه كه له جیات ئه‌وه‌یكه بخرێته بنه‌مای لانیكهمی حه‌قده‌سته‌وه، وه‌ك به‌خشش پێیان ده‌درێته‌وه.
له كاردانه‌وه به لانیكهمی حه‌قده‌ستی دیاریكراوی شۆرای باڵای كار، ٤ ڕێكخراوی خانه‌نشینكراوان له‌ڕێگه‌ی به‌یانییه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌وه ڕایانگه‌یاند كه له خه‌بات دژبه لانیكهمی حه‌قده‌ست ده‌ست هه‌ڵناگرین. له‌م به‌یانییه‌یه‌دا هاتووه: “لانیكهمی په‌سندكراو نه‌ته‌نیا به‌شی دابینكردنی پێداویستییه گشتییه‌كان ناكات به‌ڵكوو هه‌زینه سه‌رسووڕهێنه‌ره‌كانی ته‌ندرووستی و ده‌رمان، كرێی كه‌مه‌رشكێنی سه‌رپه‌نا، هه‌زینه‌ی گواستنه‌وه و په‌یوه‌ندی و باقیی پێداویستییه‌كانی ڕۆژ له‌خۆناگرێت. به‌یانییه‌كه له كۆتاییدا ئیزافه‌ی كردووه كه ئێمه كرێكاران و هه‌موو زه‌حمه‌تكێشانی به‌ركه‌وتووی لانیكهمی حه‌قده‌ست و گشت كرێكارانێك كه زاڵمانه ئه‌م یاسایه نایانگرێته‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك، دیاریكردنی وه‌ها حه‌قده‌ستێكی سه‌رشۆڕانه له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی سه‌رمایه‌داران و خاوه‌نكارانه‌وه قه‌بووڵ ناكه‌ین و دژبه‌م باروودۆخه كۆیلهئاسایه ده‌ست له خه‌باتی یه‌كگرتووانه و لێبڕاوانه‌ی خۆمان هه‌ڵناگرین.”
نه‌به‌ردی نێوان كرێكاران و سه‌رمایه‌داران له‌سه‌ر چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی حه‌قده‌ست نه‌به‌ردێكی چینایه‌تییه كه به درێژایی ته‌مه‌نی سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌نێوان ئه‌م دوو چینه‌دا له‌ئارادا بووه. هه‌رگیز سه‌رمایه‌داران حه‌قدستی كامڵیان به كرێكاران نه‌داوه و نایده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه قازانجی ئه‌وان هه‌مان حه‌قده‌ستی نه‌دراو به كرێكارانه. به‌ڵام كرێكاران ئیمكانی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه به خه‌باتی ڕێكخراو سههمێكی زیاتر له به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌شێوه‌ی حه‌قده‌ست له خاوهنكاران وه‌ربگرن.
به‌ڵام له‌ڕاستیدا هه‌ر ئه‌م لانیكهمی حهقدهستهش به‌شێكی به‌رین له چینی كرێكار ناگرێته‌وه. له ئێستادا پترله ٨٥ له‌سه‌دی كرێكاران له ئێران له‌وانه كرێكارانی ناو كارگه چكۆله‌كان، كرێكارانێك كه له ڕێگه‌ی شیركه‌ته‌كانی په‌یمانكارییه‌وه به‌كار ده‌گیرێن، كرێكارانی خاوه‌ن گرێبه‌ستی كاتی و كرێكارانی بیناسازی و زۆرێك له كرێكارانی شیركه‌تی، له وه‌رگرتنی لانیكهمی حه‌قده‌ست بێبه‌رین و خاوهنكاران ئه‌م لانیكهمهش ناده‌ن.
به‌ڵام ڕاگه‌یاندنی لانیكهمی حه‌قده‌ستی دیاریكراو كۆتایی ماجه‌را نییه. نه‌فسی وه‌ها ده‌ستدرێژییه‌ك بۆسه‌ر بژێوی چینی كرێكار به‌مانای درێژه‌ی خه‌باتی سه‌رسه‌ختانه‌ی هه‌تا ئێستایه. بۆ ناچاركردنی ده‌وڵه‌ت و سه‌رمایه‌داران به پاشه‌كشه، به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و باروودۆخه دژواره‌ی كه به‌سه‌ر چینی كرێكاردا سه‌پاندوویانه، ڕێگایه‌ك بێجگه‌له خه‌بات و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له كارخانه و كارگه و شوێنی ژیان و سه‌رتاسه‌ری كردنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌باته له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌نددانی هه‌موو تۆڕه كرێكارییه‌كان بوونی نییه. ته‌نیا به مانگرتنی كرێكاری له كارگه و كارخانه و هه‌وڵ بۆ سه‌رتاسه‌ری كردنی ئه‌م خه‌باته‌یه كه وه‌ها ئامانجێك دیته دی. پێویسته خه‌وی سه‌قامگیری و قازانجدهربوونی بۆنگا و ناوه‌نده‌كانی سه‌رمایه‌داری به‌قیمه‌تی داسه‌پاندنی ژیانێكی كۆیلهئاسا به‌سه‌ر چینی كرێكار، له چاویان بڕهوێت. نابێ ڕێگه بدرێت كه ڕژیم ئه‌م ده‌ستدرێژییه ئاشكرایه بۆسه‌ر ژیان و بژێوی كرێكاران له‌سه‌ر تێپه‌ڕێنێت و هه‌زینه‌ی ماجه‌راجووییه نیزامییه‌كانی خۆی له ناوچه‌كه له‌ڕێگه‌ی توندكردنه‌وه‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكاران و ڕفاندنی نانی سفره‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌وه دابین بكات.
حه‌قده‌ستی گونجاو له‌گه‌ڵ دابینكردنی ژیانێكی ئینسانی، خواستێكی سه‌ره‌كیی چینی كرێكاری ئێرانه. زه‌مانه‌تی وه‌دیهاتنی ئه‌م خواسته له گروی خه‌باتی یه‌كپارچه و یه‌كگرتووانه و سه‌رتاسه‌ری دایه. ئه‌وه خه‌باتی یه‌كگرتووانه و سه‌رتاسه‌ریی كرێكارانه كه چینی سه‌رمایه‌دار و ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر كار و ژنان و بژێوی كرێكاران ناچار به پاشه‌كشه ده‌كات و كه‌شوهه‌وای خه‌بات دژبه باروودۆخی ئێستا له گشت كۆمه‌ڵگه‌دا به‌هێز ده‌كات.