کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  حاکمانی ئیسلامی لە کاریکاتۆریش ئەترسن!

2023 01 07 10 31 08 290

  حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان لە پەیوەندیەکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستان، بڵاوبوونەوەی کاریکاتۆرەکانی خامنەیی لە بڵاوکراوەی شارلی ئیبدوی بەسوکایەتی بە پیرۆزیەکانناوبرد و وتی:” وڵاتانی ئیسلامی نابێ ئیزن بدەن وڵاتانی رۆژئاوایی سوکایەتی بە پیرۆزیەکان بخەنە دەستوری کارەوە. هەروەها ڕژیم سەفیری فەڕانسەی لە تاران بانگ کرد و سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەم کاریکاتۆرانە ناڕەزایەتی دەربڕی. هاوکات دەفتەری ڕۆژهەڵاتناسیی فەڕانسە لە تاران لە پێوەندی لەگەڵ ئەم کردارەدا داخرا.

کۆماری ئیسلامی کە شانازی بە چەکە جەنگیەکانی لەوانە پەهباد، موشەک و بەرەوپێشچوونەکانی لە بواری ئەتۆمیدا دەکات، بە هەبوونی یەک ملیۆن ئاخوند و ڕەنگە بەم ئەندازەیەش پاسدار، بەسیجی، پۆلیس، هێزی ئەمنیەتی و بەکرێگیراوانی لیباس شەخسی، ئێستا لەبەر بڵاوبوونەوەی ژمارەیەک کاریکاتۆری خامنەیی وەحشەت کەوتۆتە گیانی.

حکومەتێک کە لەگەڵ ئازادی بەیاندا دوژمنایەتیەکی نەخۆشانەی هەیە، رۆژنامە و بڵاوکراوە مەجازی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی فلتێر کردوە و بەکارهێنەرانی زیندانی، ئەشکەنجە و تەنانەت ئێعدام دەکات، کاری گەیشتووەتە جێگایەک کە ئازادی بەیان و ئازادی ڕاگەیاندن لە ئوروپاش تەحەمول ناکات.

کاریکاتۆرەکانی شارلی ئیبدو بە جوانیەکی هونەرمەندانەوە جەنایەت، ڕیاکاری، ئیقتیداری درۆینە، دەمارگرژی و بەڕبەڕیەتی حاکمانی ئیسلامی کردۆتە نیشانە، ئەم کاریکاتۆرانە پیرۆزی درۆینە و پشتبەستو بە سەره‌نێزەی ئاخوندەکان تێکدەشکێنێ. ئەم کاریکاتۆرانە دەورونەخشی ژنان لە تێکشکاندنی ئیقتیداری درۆینەی خامنەیی و نیزامی ئیسلامی نیشان ئەدات. دەریدەخات کە چلۆن ژنان و لاوان حاکمانی ئیسلامیان بە شێوەیەکی داماوانە خستۆتە وەحشەت و نیگەرانیەوە

لەحاڵێکدا کە چوار مانگە دروشمی مردن بۆ دیكتاتۆڕ، ئێمە حکومەتی ئیسلامیمان ناوێ لە سەرجەم شارە گەورە و بچوکەکانی ئێراندا بە بانگی بەرز دەوترێتەوە، بنێرەکانی خامنەیی و خومەینی دەسوتێندرێن و وێنەکانی خومەینی و خامنەیی لە کلاسەکانی دەرس دادەگیڕین و دەخرێنە ژێر پێوە، کێشانەوەی کاریکاتۆری خامنەیی لەلایەن بڵاوکراوەیەکی تەنزپەردازەوە، ئەویش لە فەڕانسە بە سوکایەتی بە پیرۆزیە نەتەوەیی و ئیسلامیەکان لەقەڵەم ئەدرێت، بەرەورووی وەها کاردانەوەیەکی هیستریک دەبێتەوه‌، و ناوەندێکی فەرهەنگی دادەخرێت، سەفیری فەڕانسە لە تاران بانگ دەکرێت و هەڕەشەی تیرۆر و کاردانەوەی لێ دەکەن! کاردانەوەش نەک کێشانەوەی کاریکاتۆری یەکێک لە سەرانی حکومەتی و کلیسایی فەڕانسە، بەڵکو تیرۆرکردنی کاریکاتۆریستەکان و گرتنی دوو تابیعیەتیەکان لە ئێرانە.

ئاخەندەکان و دەزگای مەزهەب لە شۆڕشی مەشروتەوە تا بە ئەمرۆ لەگەڵ ئازادی، لەگەڵ بڵاوکراوەی تەنزپەرداز و گاڵتەئامێزدا کێشەیان هەبووە. حاکمانی ئیسلامی کە بە گشتی گۆڤار و نەشریە جیدی و سەربەخۆکانیان لە نێوخۆی ئێراندا داخستوە، ئێستا چەقۆ لە گۆڤاری شارلی ئیبدو دەسون. چەند ساڵ لەوەپێش چەند کاتیکاتۆریستی ئەم گۆڤارە لە لایەن دەمارگرژێکی بونیادگەرای ئیسلامیەوە، تیرۆرکران و ئێستا وەزیری دەروەی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ئاشکرا خوازیاری بەرگرتن بە ئازادی بەیانە لە فەڕانسە و هەڕەشەی کوشتن و تیرۆر لە کاریکاتۆریستەکان دەکات.

بێگومان حکومەتی کۆنەپەرست و دەژی ئازادی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ سانسۆڕ و بێ مافی بەسەر خەڵکی هاوچەرخی دنیادا بسەپێنێ. ئەوەی ڕوو ئەدات بە تەواوەتی پێچەوانەی خواستەکانی ڕژیمی ئیسلامی دەبێت. دیسان بڵاوکردنەوەی کاریکاتۆرەکان لە بڵاوکراوەکانی ناوچەکە و دنیادا بە شێوەیەکی ملیۆنی بەڕێوە دەچێت.

ئازادی بەیان و ڕاگەیاندنی ئازاد، بەردی بناغەی ئازادی کۆمەڵگایە و دوور نییە ئەو رۆژه‌ی کە هونەرمەندان و کاریکاتۆریستەکانی نێو ئێرانیش ژیان لە کۆنەپەرستان بکەن بە کابووسێکی بێ کۆتایی. تێپەڕبووە ئەو قۆناغەی کە خومەینی جەنایەتکار فەتوای کوشتنی بۆ سەلمان ڕوشدی دەر دەکرد و حکومەتە ڕۆژئاواییەکان بە هۆکاری بەرژەوەندیە ئابووریەکانیان بێدەنگیەکی زەلیل و زەبونانەیان هەڵدەبژارد. ئێستا رۆژنامەنووسان، نووسەران، هونەرمەندان، ڕووناکبیران و بەشی پێشکەوتوی کۆمەڵ لە بەرانبەر بەڕبەڕیەتی ئیسلامیدا خۆڕاگری دەکەن و حکومەتە ئوروپاییەکانیش ناچارن مل بۆ گوشاری گشتی خەڵکی ئێران و ئازادی خوازانی دنیا کەچ بکەن.