کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جەنایەت لە سێبەری بێدەنگیدا

لە حاڵێکدا کە خەڵکی دنیا چاویان بڕێوەتە روداوی پڕ ئازار و کارەساتباری ناوچە شەڕ لێدرواەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەوانە سوریە، عەێڕاق و یەمەن، دەوڵەتی ئیسرایل لە سێبەری بێدەنگی ڕاگەیەنەرە جیهانیەکان و ناوەندە نێونەتەوەییەکاندا هەروا خەریکە درێژە بە ئەزیەت و ئازار و کوشتاری خەڵکی فەلەستین ئەدات. لە ماوەی چانە ساڵی ڕابردودا دەوڵەتی ئیسرایل بارودۆخی قەیراناوی ناوچە شەڕ لێدراوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی وەک دەرفەتێکی گونجاو بینیوە تا سیاسەتە ڕەگەز پرستانە و کرداری دژی ئینسانی خۆی لەدژی خەڵکی فەلەستین تێدا درێژە پێبدات. پەرەدان بە شارەک سازی لە ناوچە داگیرکراوەکان، گرتن و زیندانی کردنی هەزاران فەلەستینی لەسەر بنەمای تاوانی ناڕاست و کوشتاری سەدان هەزار کەسی تر، بەشێک لە دواهاتەکانی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی دەوڵەتی ئیسرایل بوون تەنیا لە پێنج مانگی ڕابردودا. بەپێی ئاماری بڵاو کراوە لە لایەن دامەزراوەی توێژینەوەی ” گلوبالیس”ەوە، کە دامەزراوەیەکی پێوەندیدار بە رێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كانه‌، لە ئێستادا زیاتر لە ٥٨٠ هەزار ئیسرایلی بە شێوەی نایاسایی لە ناوچە داگیر کراوەکان و لەو شارۆچکانەدا کە دوای کۆچی زۆره‌ملێ فەلەستینیەکان دروست کراون دەژین. بەپێی ئەم ئامارە لە دەستپێکی شەپۆلی نوێی خۆپیشاندانی فه‌له‌ستینییه‌كان لە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابدوەوە تا ئێستا، کە بە ئینتیفازەی سێ ناسراوە، ٢٣١ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە کە ٤٨ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵیەوە بووە و ١٠٢ کەسیشیان لە شوێنە گشتیەکاندا لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ئیسرایلەوە تەقەیان لێکراوە.658

یەکێك لە ئاخرین قوربانیانی ئەم شێوەیە لە کوشتاری خەڵکی فەلەستین، کە بە ئێعدامی خیابانی ناسراوە، لە رۆژی ١٤ فیوریەی ٢٠١٦ دا رویدا. لەم رۆژەدا هێزە ئەمیەتیەکانی دەوڵەتی ئیسرایل کچێکی تەمەن ١٤ ساڵیان بەناوی ” یاسەمین ڕەشاد الزرو”لە شاری الخەلیل لە لێوارەی رۆژئاوا، کە لە حاڵی تێپەڕین لە بازگەیەک بوو، دایەبەر گوللە. ئەڕتەشی ئیسرایل لە ڕاگەیاندراوێکدا ئیدیعای کرد کە ئەم کچە ١٤ ساڵانە له‌كاتێكدا كه‌ دەیویست بە چەقۆ هێرش بکاتەسەر سەربازانی ئیسرایلی دراوەتەبەر گوللە. بەڵام شاهیدانی عەینی و ڕاگەیەنرە فەلەستنیەکان ئەم ئیدیعایەیان ڕەد کردەوە و ڕایانگەیاند کە سەربازانی ئیسرایلی بەبێ هۆ ئەم کچەیان داوتەبەر گوللە. وێنەیەکی ویدۆیی کە دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کرایەوە، کچێکی گەنج پیشانئەدات کە لە حاڵێک خوێنی لەبەر ئەڕوات کەوتەوەتە سەر زەوی. ئەم کچە هەمان یاسەمینە بووە و وێنەکان چەند ساتێک دوای بەرگوللە درانی تۆمار کراوە. بەپێی ئەم وێنانە سەربازانی ئیسرایلی نایەڵن خەڵک بچن بۆ یارمەتیدانی ئەم کچە. لەم وێنانەدا هەروەها دەبیندرێت کە چلۆن سەربازانی ئیسرایلی هێرش دەکەنە سەر کەسێکی کەمئەندام کە بەسەر ” ویلچێر”ێکەوە دەیەوێ یارمەتی ئەو کچە بریندارە بدات و ئەویش ئەدەن بە زەویدا. دوای ئەم روداوە شەش فەلەستینی تریش بە هەمان شێوە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ئیسرایلەوە کوژراون.
له‌ راستیدا لە لایەکەوە گەمارۆی ئابووری، پەیڕەوکردنی توندوتیژی لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانەوە لەدژی لاوان، پەرەسەندنی شارەک سازی لە ناوچە داگیری کراوەکان و درێژەی سیاسەتی تەبعیز ئامێزی دەوڵەتی ئیسرایل لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، خەڵکی فەلەستینی خستەوەتە بارۆدۆخێکی گەلێک دژوارەوە. لە لایەکی ترەوە ڕاگەیەنەرە جیهانیەکان، دەوڵەت و ناوەندە نێونەتەوەییەکان بە بێدەنگ بوونیان، بە کردەوە دەستی دەوڵەتی ئیسرایلیان بۆ درێژەدان بەم جەنایەتانە، کراوە هێشتۆتەوە. یەکێک لە ئاسەوارەکانی ئەم بارودۆخە، زیاد بوونی نفوزی هێزە ئیسلامیەکانە لە فەلەستین. ئەم هێزانە پەرە بە تەفرەقە مەزهەبیەکان ئەدەن و بەر بە گەشە کردنی هێزی پێشڕەو لەنێو کۆمەڵگای فەلەستیندا دەگرن. ئەوان بەکردەوە به‌ ئاراسته‌ی سیاسەتی نیژاد پەرستانە و ئاژاوە گێڕانەی دەوڵەتی ئیسرایلدا دەجوڵێنەوە. ئەوان لە هەمانحاڵدا بونەتە ئامرازی دەستی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و لەوانە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، کە دەیانەوێ خەباتی ڕەوای خەڵکی فەلەستین بکەنە ئامرازێک لە خزمەت بەرەو پێش بردنی کێشمەکێش و ڕقابەتەکانیان.
لە ئاوا بارودۆخێکدایە کە پشتیوانی هێزە ئازادیخواز، چەپ و ئینساندۆستەکان لە کۆمەڵگای جیهانی لە خەڵکی زۆرلێکراوی فەلەستین زیاتر لەهەر کاتێکی تر گرینگ تره‌. ئاوا پشتیوانیەک پێویستە تا رێگا نه‌دات خەباتی ڕەوای خەڵکی فەلەستین ببێ بە ئامرازێک بۆ تەفرەقە نانەوە و ئاژاوەگێڕی و ڕقابەتی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە و لە هەمانحاڵدا نەهێڵێت ئەم خەباتە ڕەوایە بکەوێتە ژێر سێبەری بارودۆخی قەیراناوی و جەنگیی باقی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوه‌راست. لەم نێوانەدا پشتیوانی هێزە ئازادیخواز، چەپ و ئینسادۆستەکان لە کۆمەڵگای ئیسرایلدا لە خەڵکی زۆرلێکراوی فەلەستین بە نۆبەی خۆی دەتوانێ دەستی دەوڵەتی ئەم وڵاتە لە جەنایەت لەدژی خەڵکی فەلەستین کورت بکاتەوە و یەکێتی و هاوپشتی نێوان خەڵکی ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەبی ئیسرایل و فەلەستین پتەو تر بکات. ئاوا پشتیوانیەکی هەمەلایەنە دەتوانێ بێدەنگیەک کە لە سایەیدا دەوڵەتی ئیسرایل خەریکە درێژە بە کوشتنی خەڵکی فەلەستین ئەدات، بشکێنێ.