کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جەنایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی دەرخەری دیفاعی درۆینەی زل هێزە رۆژئاواییەکانە لە مافەکانی مرۆڤ

رێكخراوی لێبوردنی نیونەتەوەیی لە بەیانیەیەکدا لە رێکەوتی ٤ی مانگی رەزبەر سەبارەت بە مەرگی “شاهرۆخ زەمانی” سیمای خۆڕاگر و ناسراوی بزوتنەوەی کرێکاری و کومونیستی ئێران لە بەیانیەیەکدا رایگەیاند کە داوای لە کاربەدەستانی حکومەتی ئێران کردوە تا بە خێرایی بارودۆخی بازداشت کردنی نامرۆڤانە لە زۆربەی زیندانەکانی ئێران کە سڵامەتی زیندانیەکانی خستۆتە مەترسیەوە و یان گرفتی پزیشکی ئەوان توندتر دەکاتەوە، بەڕەسی بکەن و کاربەدەستانی ئێران هەروەها دەبێ دڵنیابنەوە کە هەموو ئەو کەسانەی کە گیراون دەستیان بە دەرمان و ئیمکاناتی پزیشکی کافی و لە ئاستی ستانداردە جیهانیەکاندا رادەگات، مافی ئینسانی ئەوان ره‌عایەت بکرێت و بە کەسانێکی کە نیازیان بە دەرمانی تەخەسوسی هەیە مەرەخەسی پزیشکی بدرێت.” رێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هەروەها لە کاردانەوە بە قسەکانی موحسنی ئێژەیی وتەبێژی قوەی قەزاییەی رژیمی ئیسلامی کە رایگەیاندبوو لە پێوەند لەگەڵ “مەرگی” شاهرۆخ زەمانیدا لە زیندان بەناو لێکۆڵینەوە دەکرێت، جەختی کردەوە کە ئەم لێکۆڵینەوانە دەبێ “بێ تەرەفانە و سەربەخۆ” بەڕێوەبچێت و دەبێ مەرگی ئەم هەڵسوڕاوە کرێکاریە ببێتە هۆی ئێقدامێک بۆ بەرەنگار بوونەوەی بارودۆخی وەحشەتناکی زیندانەکان لە ئێران.545

لە لایەکی دیکەوە رۆژی یەکشەممە ٥ی مانگی ڕەزبەر بەرابەر لەگەڵ ٢٧ی سیپتامبر “مەرزیە ئەفخەم” وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوەی رژیم لە ناڕەزایەتی بە قەراری نێونەتەوەیی کە لە لایەن حەفتاهەمین کۆبونەوەی مەجمەعی گشتی سازمانی ملەلەوە لە پێوەند لەگەڵ پێشێل کرانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە لایەن ڕژیمەوە دەرچوە و “بانکی مون” دەبیری کولی ئەم سازمانەی موەزەف بە بەدواداچونی ئیجرا کردنی کردوە، وتی کە ئەم قەرارە لەجێی خۆیدا نییە و بە ئامانجی سیاسی دەرکراوە. لە قەرارەکەی سازمانی ملەل ئاماژە بە هێندێک لایەنی پێشێل کرانی مافە سەرەتاییەکانی ئینسان لە لایەن رژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیەوە کراوە کە “بانکی مون” لە گوزارشەکەیدا بۆ مەجمەعی گشتی سازمانی ملەل جەختی لەسەر کردبوونەوە. لەوانە ژمارەی زۆری ئێعدامەکان، گرتن، زیندانی کردن، ئەزیەت و ئازاری رۆژنامەنووسان و هەڵسوراوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، هەڵاواردنی رەگەزی و قەومی و ئاینی و هەروەها قەدەغە کردنی ئازادی بەیان و قەڵەم و باقی ئازادییە دیموکراتیکەکانی تر. بەپێی ئەم قەرارە بانکی مون دەبێ پەیگیری لاچونی ئەم خاڵە ئاشکرایانەی پێشێل بوونی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە لە ئێران بێت.
ئەوە یەکەم جار نییە کە رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، لێبوردنی نێونەتەوەیی، رێكخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و باقی سازمان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی سەبارەت بە پێشێل کرانی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە قسە دەکەن. پێشێل کردنی مافی شارۆمەندی لە حاکمیەتی رژیمی ئیسلامیدا مێژویەکی بە درێژایی تەمەنی پڕ لە شەرمەزاری ئەم نیزامە هەیە. لەبەر ئەوەی دیکتاتۆڕی و ئیختیناق و پێشێل کردنی مافی ئینسانەکان پایەیەکی سەرەکی درێژەی حاکمیەتی ئەم رژیمەیە. نابێ چاوەڕوان بین جەنایەتەکانی ئەم رژیمە بە دەرکردنی قەرار و قەتعنامە لە لایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە کۆتایی بێت. بۆ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و زلهێزە سەرمایەداریەکانی پشتیوانی، پێبەند بوون بە دیفاع لە مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بەشێک بووە لە بەرژەوەندی ئابووری و مەساڵحی سیاسی و دیپڵۆماتیکی ئەوان. ئەمانە بە ئیمکانات و دەمودەزگا ئیتلاعاتیەکانیان لە هەموو دامەزراوە و ناوەندێک زیاتر ئاگاداری پێشێل بوونی مافە سەرەتایی و ئەوەڵیەکانی خەڵکی وڵاتانی دیکتاتۆڕ لێدراون.
ئەو ئەشکەنجە جەستەیی و رۆحیانەی کە بوونە هۆی مەرگی شاهرۆخ زەمانیەکان لە زیندانەکانی رژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامیدا بەشێک لە کارنامە و کرداری رۆژانەی رژیمی کۆماری ئیسلامی بوون لە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ نەیارانی سیاسی. رژیمی کۆماری ئیسلامی دادگایی کردنی یەک دەقیقەیی و کوشتاری هەزاران زیندانی سیاسی لە دەیەی شەستدا، هێرش بۆسەر کوی دانشگا و کوشتاری خوێندکاران، قەتڵە زنجیرەییەکانی نووسەرانی ئازادیخواز، ئەشکەنجە و کوشتاری زیندانیەکان لە کەهریزەک، ئەسیدپاشی زنجیرەیی بە دەموچاوی ژناندا و مەحکوم کردنی زیندانیانی سیاسی بە ئەشکەنجە و مەرگی بەشێنەیی لە پەروەندەدا هەیە. ڕژیمێک کە بە کارنامەیەکی پڕ لە جەنایەت و سەدان حاڵەت ئێعدام لە ساڵدا بۆتە هێمای یەکێک لە خوێنڕیژترین دیکتاتۆڕەکانی ئەم سەردەمەی دنیا بۆچی لە لایەن سازمانی ملەل و ئەو دەوڵەتانەوە کە بەردی دیفاع لە مافەکانی مرۆڤ لە سینگ ئەدەن ناخرێتە ژێر گوشارەوە؟ راستیەکەی ئەوەیە کە کارنامەی پڕ لە جەنایەتی رژیمی ئیسلامی لە هەمانحاڵدا ئازادیخوازی ناڕاست و دیفاعی درۆینەی سازمانی ملەل و هێزە رۆژئاواییەکان لە مافەکانی مرۆڤیش ئاشکرا دەکات. دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی و سازمانی ملەل لە بەرانبەر ئەم جەنایەتانەدا یان زمانیان ناگەڕێ و یان تەنیا کاتێک دەکەونە بیری کەڵک وەرگرتن لە شگردی پێشێل بوونی مافەکانی مرۆڤ کە بەرژەوەندیەکانیان دەخوازێ. هێزە سەرمایەداریە رۆژئاواییەکان لە شگردی مافەکانی مرۆڤ وەک ئامرازێک بۆ بعامەلە و دان و ستانی دیپلۆماتیک لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەردەگرن، ئەگەر وانییە شکەنجەی سیستماتیک لە زیندانەکان و ئێعدام کردنی بەکۆمەڵ و بە بەرچاوی خەڵکەوە و لەبەردەم منداڵاندا چ جیاوازیەکی لە ناوەرۆکدا لەگەڵ جەنایەتەکانی داعشیەکان لە عێڕاق و سوریەدا هەیە؟ ئەم هێزە سەرمایەداریانە و سازمانی ملەل وەک کلوپی نێونەتەوەیی ئەوان دوای وادار کردنی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بە قەبوڵ کردنی شکست لە قەیرانی هەستەییدا و بەسەرەوە نانی جامی ژەهر، چرای سەوزیان بۆ هەڵکردون کە بۆ بەرگرتن لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و ئەمن کردنی نێوخۆی ئێران بۆ چەوساندنەوە و تاڵانی سەرمایەی جیهانی، دەتوانن دەست بۆ هەموو جەنایەتێک بەرن. تەنیا ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری لەدژی ئەم جەنایەتانەیە کە دەتوانێ بارودۆخەکە بگۆڕێ و تەنانەت سازمانی ملەل وادار بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی جیدی بکات.
بۆ هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و ئینسانە ئازادیخواز و وشیارەکان ئاشکرایە کە بۆ سڕینەوەی ئاسەواری پێشێل بوونی مەوازینی مافە ئینسانیەکان تەنیا دەبێ پشت بە هێزی چینی کرێکاری وشیار و ڕێکخراو، خەڵکی زەحمەتکێش و ئینسانە چەپ و کومونیست و ئازادیخوازەکان ببەسترێت.