کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جەنایەتێکی دیکە دژبە کوردانی نیشتەجێی پاریس

رۆژی هەینی ٢ ی مانگی بەفرانبار، بەرابەر لەگەڵ ٢٣ ی دسامبری ٢٠٢٢، سپی پێستێکی فەڕانسەوی چەکدار خۆی کرد بە نێو ناوەندی شورای دیموکراتیکی کورد دا، ناسراو بە ناوەندی فەرهەنگی ئەحمەد کایا، لە پاریس. نووسیویانە کەسێكی جه‌نایەتکاری تەمەن ٦٩ ساڵ بە ناوی ویلیام مهمتە. گۆیا ناوبراو ئاگاداری بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ژنانی کورد بووە کە لە کاتی ڕوودانی جەنایەتەکەدا دەبوو لە ئارادا بێت، بەڵام کۆنفڕانسەکە کاتژمێر و نیوێک وەدوا کەوتبوو. ئەو لەگەڵ چوونەژوورەوە، بە تەقەکردن روو بە ئامانجی دیاریکراو دەبێتە هۆی کوژرانی ٣ تێکۆشەر و ژمارەیەکی دیکەش بریندار دەکات. ناوبراو دواتر بەرەوڕووی موشتەریە کوردەکانی چیشتخانە و ئاڕایشگایەکی کوردان کە ڕووبەڕووی ناوەندەکە بوون تەقە دەکات و دەبێتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەش. قاتڵ بەر لە بەڕیوەبردنی جەنایەتی تر لەلایەن ئاڕایشگەرەکەوە دەستبەسەر و تەسلیمی پۆلیسی دەکرێت.

قاتڵ، کە بەر لە هێرش بۆسەر پەنابەران و دەستکردن بە تەقە به‌هۆی ئەنجامدانی قەتڵ لە زینداندا بووە، بەم دواییانە ئازاد کرابوو. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕووداوەکە بە هەزاران کەس لە شەقامەکانی دەوروبەری ناوەندەکە کۆبوونەوە. پۆلیس پلاکاردی یەکێک لە ناڕازیەکان دەدڕێنێ کە بە تورکی لەسەری نووسرا بوو:” قاتڵی سەرەکی تورکیەیە.” کرداری نەشیاوی پۆلیس دەبێتە هۆی تێکهەڵچوون لەگەڵ ناڕازیان. رۆژەکانی دواتریش چەند خۆپیشاندان لە شوێنێ ڕووداوەکە، لە مەیدانی کۆماری پاریس و چەند شارێکی تری فەڕانسە بەڕێوەچووە و چەند جار تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ڕوویداوە.

کاربەدەستانی دەوڵەتی فەڕانسە بەبێ ئەوەی کە چاوەڕێی ڕاپۆرتی پۆلیس بن، هێرشەکەیان مەحکومکرد و ئەویان تەنیا بە ڕووداوێکی ڕەگەزپەرستانە ناوبرد. بڵاوکراوەکانی خەتی ڕەسمی فەڕانسەش هەر ئەم سازەیان کۆک کردەوە. بەڵام لەوێوە کە بکوژ بە شێوەی دیاریکراو ڕوو بەمیر پەروەر، هونەرمەندی ناسراو وئامینە کارایەکێک لە ڕێبەرانی ناسراوی بزوتنەوەی ژنان کورد تەقەی کردوە و بۆتە هۆی گیانبەختكردنیان، پرسیارگەلی جیدی لەم بارەیەوە هاتونەتە گۆڕێ. لەوێوە کە ئەم کەسانە هەردوکیان لە تێکۆشەرانی چالاکی دژی دیکتاتۆڕی ئەردوغان بوون، ئەنگوستی ئاماژەی تاوان بەرەو ڕووی سازمانی جاسوسی تورکیەمیت، حیزبی دەسەڵاتدار و خودی ئەردوغان لە ئەنجامدانی ئەم جەنایەتەدایە. حیزبی کومونیستی فەڕانسە لە ڕاگەیاندنێکدا رۆژی ٢٣ ی دسامبر نووسی:” چەند خاڵێک لەم کوشتنانەدا دەریدەخەن کە ئەو کارە بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجام دراوە، نەک لەدژی کەسانی خاریجی بەڵکو بە شێوەی دیاریکراو و ئاگاهانە ڕاستەخۆ ناوەندی شورای دیموکراتیکی کوردەکانی کردۆتە نیشانە.”

ڕاستیەکەی ئەوەیە لە بارودۆخی ئیستادا دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی کردارە تیرۆریستیەکانی دەوڵەتی تورکیە زیاتر پەردەپۆشی دەکەن. وادیارە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی بێجگە لە هەبوونی بەرژەوەندی ئابووری بەرین لەگەڵ تورکیە بەرژەوەندی گرنگی دیکەشیان لەگەڵیدا هەیە. ئەوان زۆر پێویستیان بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیەیە وەک ئەندامی سازمانی ئاتلانتیکی شومالی( ناتۆ)، لە بارودۆخی شەڕی ڕوسیە و ئۆکڕاین.

هێرشی پیلانگێڕانە بۆسەر ناوەندی فەرهەنگی ئەحمەد کایا لە سەرودەمی دەیەمین ساڵیادی هێرشێکی دیکەی تیرۆریستی دایە بۆسەر ناوەندێک هەر لە نیزک ئەو ناوچەیە. دە ساڵ لەوپێش، رۆژی نۆی ژانویەی ٢٠١٣، تیرۆریستێک بەناوی عومەر گۆنه‌ز،سەکینە جانسز،لەیلا سۆیله‌مه‌زوفیدان دۆغانی بە دەسترێژی گوللە کوشت. جانسز، یەکێک لە بونیانگوزارانی حیزبی کرێکارانی کوردستان( پ.ک.ک) بوو. ئەویان وەک بونیاتنەری ژنولۆژی و یەکێک لە پەرەپێدەرانی دروشمیژن، ژیان، ئازادیدەناسی.

لە توێژینەوە سەرەتاییەکاندا ئەوکات دەرکەوت کە بکوژ کەسێکی نفوزی سازمانی جاسوسی تورکیە بووە. قوەی قەزاییەی فەڕانسە کە لە ڕووداوی هاوشێوەدا، وەک هێرشی داعشیەکان بۆسەر بڵاوکراوەی تەنزئامێزیشارلی ئه‌بدولە رۆژی ٧ ی ژانویەی ساڵی ٢٠١٥ لە پاریس زۆر بە خێرایی جۆڵابۆوە، سەبارەت بەم کردەوەیە دوای دەساڵ هێشتا ئاکامی تەحقیقاتەکە بڵاو نەکراوەتەوە و دادگا پێک نەهاتوە. تیرۆریستی قاتڵ دوای ٣ ساڵ لە زینداندا بەڕواڵەت توشی سەرەتان هات و مرد. نووسیویانە کە دەوڵەتی فەڕانسە، لەژێر ناوی بابەتی دیفاعی و ئەمنیەتیدا بەری بە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی قوەی قەزاییە گرتوە.

ڕاستیەکی ڕوون و ئاشکرا ئەوەیە کە، ئەوەی بواری کۆمەڵایەتی بۆ ئەم جۆرە کردەوە تیرۆستیانە لەدژی کرێکاران و کۆچبەران فەراهەم کردوە تەبلیغاتی ئەحزابی فاشیست و دەستە ڕاستیە لەدژی ئەم خەڵکە.

ئەو جەنایەتەی بەڕێوەچووە لەدژی تێکۆشەرانی کورد لە پاریس کە تێکراری جەنایەتە هاوشیێوەکانی دیکەی ئەم شارەیە، لە لایەن ڕای گشتی فەڕانسەوە بە توندی مەحکوم کراوە، لەگەڵ ئەو مەحکوم کردنانەشدا خەڵک خوازیاری دۆزینەوەی سەرچاوەی سەرەکی ئەم جەنایەتە و ئاشکرا کردنی ڕێکخەران و کەسانی پشتی پەردەن.

بابەتی پەیوەندیدار

وەحدەت و شۆڕشی ئازادی خوازانەی ئێران

-

بەرەی ڕاست،دروشمی یەکێتی لەقسەدا و دووبەرەکی لەکردەوەدا

-

زیندان وقارەمانەکانی

-

جودایی خوازی بیانویەک بۆ سەرکوت و پێشێل کرانی مافەکانی خەڵکی کوردستان

-

سپای پاسداران هێزێکی تیرۆریستیە

-

چەند ملیۆن کۆچبەری ئێرانی فاکتۆڕێکی جیدی و کاریگەر بۆ بەهێز کردنی خەباتی نێوخی وڵات

-