کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جێگا و شوێنی سیاسی هەڕەشەی فەرماندەکانی سپا لەدژی دەوڵەتی رۆحانی

محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی گشتی سپای پاسدارانی ئێڕان، لەو قسانە دا کە لە زانکۆی ئیمام حسێن ی سەربە سپای پاسداران و لە حوزوری عەلی خامنەیی کردنی، وتی کە پاسدار و بەسیجیەکان نایەڵن ” جەریانە نفوزیەکانی سەربە رۆژئا دزە بکەنە نێو ئەرکانی نیزامی ئیسلامیەوە”. ئەو بەبێ ئەوەی ناوی کەس بێنێ وتی” خاوەنانی بیروباوەری تایبەت لە نێوخۆی وڵاتدا بە پشت بەستن بە بێگانەکان و ئەرزشەکانی شارستانیەتی رۆژئاوایی لە بەرانبەر ئەرزشە دینی و فەرهەنگیە ئەسیلە ئێرانیەکاندا قسە دەکەن.” جەعفەری دواتر هەڕەشەی لە ” خاوەنانی ئەم فکرەیە لەنێو وڵاتدا” کرد و وتی کە سپای پاسداران و بەسیج ئەم کەسانە ” لە گۆڕەپانی سیاسی و فەرهەنگی وڵاتدا تەحەمول ناکەن” و ئەگەر بێت و ئەم کەسانە پێداگری لەسەر هەڵوێستەنیان بکەن ” دوچاری بەڵایەک دەبن کە بەرسەر ئەوانی پێش خۆیاندا هات”.خودی خامنەییش لە سوخەنڕانیەکدا کە رۆژی دوو شەممە ٣ ی مانگی جۆزەردان لە جەمعی نیزامیانی سپا و بەسیجیدا لەم زانکۆیە بەڕێوەیبرد جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەرک و دەوری کلیدی و یەکلا کەرەوەی سپای پاسداران لە پاراستنی نیزامی ئیسلامی کردەوە و وتی کە وڵات لە هەموو بارە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکەیەوە هی سپای پاسدران و بەسیجیەکانە. خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا سپای پاسدارانی بۆ خۆڕاگری لە بەرانبەر ” خەیانتکارانی نێوخۆییدا” بانگهێشت کرد کە بە وتەی ئەو دەیانەوێ نیزامی ئیسلامی ئێران لە بەرانبەر ئامریکادا بە چۆکدا بێنن.719
دیارە کە مخاتبینی ئەم قسانە رۆحانی و کەسانی حکومەتی نزیک لەون. ئەوەی کە سپای پاسداران لە چ کاتێکدا و لەدژی کێ ئەم هەڕەشانەی بەکردەوە دەردێنێ روون نییە. بەڵام نەفسی هەڕەشە لە لایەن فەرماندەی ئۆرگانێکەوە کە خۆی بە پاسدار و خاوەنی سەرەکی دەسەڵات لە ئێران دەزانێ، بە ڕادەی پێویست باڵی ڕەقیبی دەترسێنێ و لانیکەم بۆ ماوەیەک بێدەنگ دەبێت. ڕۆحانی پێیوابوو بە کرانەوەی دەروازەکانی ئابووری ئێران بەرووی رۆژئاوادا، دوای ئیمزا کرانی تەوافوقی هەستەیی، کرانەوەیەکی وەها لە باری ئابووریەوە بەدی دێت کە هێرش بۆسەر پێگەکەی کارێکی هاسان نابێت. لە ڕوانگەی ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاواییەوە، زەمانەتی پایەدار بۆ ئیجرای مادە نووسراو و نە نووسراوەکانی تەوافوقنامەکە، گۆڕانی هاوسەنگی هێزی نێوان باڵە حکومەتیەکان بە قازانجی رۆحانی بووە. بەڵام ئیمتیازاتی چکە چکەی ئابووری رۆژئاوا لە کاتی ئیجرایی بوونی بەرجامەوە تا ئێستا، نەیتوانیوە وەها پێگەیەک بدات بە رۆحانی کە بتوانێ بە باوەڕ بەخۆیی زیاترەوە لە بەرانبەر خامنەیی و هەڕەشەکانی سپای پاسداراندا خۆراگری بکات.
سپای پاسداران و خامنەیی و دارودەستەکەی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانیان، بە شێوەیەک موهەندیسی کرد، تا ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بووە خەڵکی تاران و چەند شاری گەورەی ئێران لە تەوەهومی سەرکەوتن و ئەوەی دەوترێت ” هەڵبژاردن لەنێوان خراپ و خراپتردا” لە چاوەڕوانیدا ڕابگرن. کاتێک کە بە شێوەی کاتی لەم بابەتە دڵنیا بوونەوە، ئەوکات ڕاوێژیان روو بە رۆحانی و کاربەدەستانی حکومەتەکەی بەرە بەرە توندتر کردەوە. تا ئەو جێگایەی کە لەمرۆدا ئەبیستین ئەوان بە ئاشکرا هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ” ئەو بەڵایەیان بەسەر دێنن کە بەسەر ئەوانی پێشویان هێناوە”.

سپای پاسداران کە بە پێی قسەی روونی خامنەیی لەم سوخەنڕانیەی دواییدا، لە هەموو بارێکی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەوە” بە خاوەنی ئەم وڵاتە دەزانێ، ئیستراتیژی خۆی بۆ پاراستنی ڕژیمی ئیسلامی دەباتە پێشێ. باڵی رۆحانی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی و ئەوانی وەک ئەوان کۆمەڵیک ئامرازن کە لەم یان لەو قۆناغدا بۆ هێور کردنەوەی قەیرانە سیاسی، ئابووری و یان دیپلۆماتیکەکان دەتوانن بە کەڵک بن. ئەگەر دەوری خۆیان گێڕا، و ویستیان لە هێڵە سورەکانی سپا بەترازێن، ئەوکات هەروەک جەعفەری وتی” بەڵایەکیان بەسەر دێت کە بەسەر کەسانی پێش ئەوان هات”. بەڵام جەعفەری و خامنەیی هەردوکیان بەباشیی دەزانن کە مەترسی ڕاستەقینە لە لایەن جەماوەری خەڵکی وەگیان هاتوەوەیە لەم ڕژیمە، کە بە هاسانی ناکرێت بەڵایەکیان بەسردا بێنن کە بەسەر ئەوانی پێشویان هێناوە. لەم روەوە تا کاتێکی کە ئەم مەترسیە بوونی هەیە، هێشتا ئەرزش مەسرەفی رۆحانی و کەسانی وەک ئەو تەواو نەبووە و بۆ فریوکاریەکانی دواتر پێویستیان بە بوونیان دەبێت.

تەجروبە نیشانیداوە کە باڵە جۆراو جۆرەکانی ڕژیم ئامانجیان نە تەنیا شەڕی دەسەڵات لە حەوزەکانی بەرژەوەندی شەخسیدا، بەڵکو گرنگتر لەوە ڕزگار کردنی ڕژیمی ئیسلامی لە قەیرانێکی قوڵە کە لەگەڵیدا دەست و یەخەیە. هەرکامە و ڕێگا چارەی خۆی بە کارساز تر دەزانێ و لەم روەوە ئاشکرایە کە شەڕەکانی نێوخۆیان ناتوانێ پاڵپشتێک بێت بۆ دابین بوونی داواکاریەکانی خەڵک.

ئاشکرایە کە هەردوو باڵی سەرەکی ڕژیم چ ئەوانەی کە دەسەڵاتی سەرەکیان لەدەستدایە و چ ئەوانەی کە لە پەڕاوێزدا دەستێکیان لە دەسڵاتدا هەیە، نیگەرانی ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەرین. کاتی کرانەوەی دەروازەکانی ئابووری ئێران بەرەو رۆژئاوا، لە ئاکامدا سیاسەتەکانی دەوڵەتی رۆحانی نەیتوانی ببێتە هۆی کرانەوەی ئابووری و دامرکانەوەی قین و توورەیی خەڵک، کەوایە بۆ هەردوو باڵەکە چ ڕێگایەک بێجگە لە بەکارهێنانی زۆر و سەرکوت دەمێنێتەوە؟

بەڵام بە ئاکام گەیاندنی قین و توڕەیی خەڵک و پوچەڵ کردنەوەی هێزی زۆر و سەرکوت، پێویستیی بە خۆ ئامادە کردن هەیە. دەستەبەر بوونی ئەم ئامادەگیە واتە ڕێکخراو بوونی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ڕێکخراوە سیاسی و چینایەتیەکانی خۆیاندا، یانی پەرەسەندنی بزوتنەوەی ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتی و سەرئەنجام حەرەکەت بەرەو روخاندنی ڕژیمی ئیسلامی.