لە به‌رواری ٢٨ی مانگی سەرماوەز و له ئه‌نجامی هێرشی داعش بۆسەر قەڵایەک لە شاری “ئه‌لكه‌ره‌ك” لە باشووری ئۆردۆن، ٩ کەس گیانیان له‌ده‌ستدا و لانیکەم ٣٠ کەسی دیكه‌ش بریندار بوون. لە ئێوارەی ڕۆژی ٢٩ی مانگی سەرماوەز و له ئه‌نجامی هێرشێکی تیرۆریستی‌دا بۆسەر بازاڕێکی کریسمەس لە بێرلین، ١٢ کەس گیانیان له‌ده‌ستدا و نزیکەی ٥٠ کەسیش بریندار بوون. لە به‌رواری ٣٠ مانگی سەرماوەزدا، دوو تەقینەوە لەبەردەم نووسینگه‌ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە هه‌رێمی كوردستان ئەنجامدرا کە ٧ کوژراو و ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە. هێرشە ئاسمانییەکانی تورکییە لە ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆسەر شاری ئه‌لباب لە باکووری سوورییە، بوونه‌تەهۆی گیانله‌ده‌ستدانی لانیکەم ٨٨ کەسی غەیرە نیزامیی و لەوانە ژمارەیەک منداڵ. ڕۆژی ٢ ی مانگی بەفرانبار، ڕاگەیەندرا کە لە ماوەی ٥ ساڵی شەڕ لە سورییەدا، ٣٢٠ هەزار کەس گیانیان له‌ده‌ستداوه، کە ٩٠ هەزار کەسیان غەیرە نیزامیی و ١٦ هەزار کەسیشیان منداڵ بوون. ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە به‌رواری ٢ ی مانگی بەفرانباردا ڕایگەیاندا کە ٥ هەزار کۆچبەر لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦وە هه‌تا ئێستا لە دەریای مەدیتەرانەدا بە هیوای گەیشتن بە کەناراوەکانی ئۆرۆپا، گیانیان لەدەستداوە. لە به‌رواری ٤ی مانگی بەفرانباردا و بەهۆی هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی عەڕەبستانی سعودییەوە، ٧ منداڵ و ٢ ژن لە یەمه‌ن گیانیان له‌ده‌ستدا.
لە ماوه‌ی هەفتەی ڕابردوودا و لە دووتوێی هەموو ئەم هەواڵە دڵتەزێنانەدا کە وێژدانی هەر مرۆڤێك ئازار دەدات و خەمێکی گەورە دەخاتە دەروونیەوە، تەنها یەک هەواڵیان مێدیای جیهانیی داگیر کرد و هه‌ر هه‌مووی ئه‌مانه و به‌شێكی زۆری دیكه له لایه‌ن ئه‌م ڕاگه‌یه‌نه‌رانه‌وه په‌ڕاوێز خران. ئەم هەواڵەش، ڕووداوەکەی بێرلین بوو. سەرانی وڵاتانی جیهان، گەلێک پەیامی هاوخەمییان بۆ ڕاوێژكاری سه‌ره‌كیی ئاڵمان هه‌نارد. پۆلیسی ئیتالیا به‌هۆی كوشتنی لاوێکی ته‌به‌عه‌ی ئه‌م وڵاته له یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری “میلان” کە ناوی “ئەنیس ڕەمزی”یه و به‌گومانلێکراوی ڕووداوە تیرۆریستییەکەی بێرلین داده‌ندرا، نازناوی قارەمانی پێبەخشرا و ئه‌مه‌ش مانشێتی لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکانی پێ ته‌رخان درا. به‌دوای ئه‌م ڕووداوه‌دا، شەپۆلێکی نوێ لە ڕاسیسم و دژایەتیکردنی پەنابەران، فەزای جیهانی ڕۆژئاوا، بەتایبەت وڵاتی ئاڵمانی داگرت. باس لە خیانەت بە وڵاتێک دەکرێت کە به‌ئیستلاح زۆر “سەخاوەتمەندانە” سنوورەکانی بۆ وەرگرتنی پەنابەران واڵا کردبوو. مێرکێل ڕاوێژكاری سه‌ره‌كیی ئاڵمانیش ڕایگەیاند کە دەستووری بە وەزیرانی ناوخۆ و دادگوستەریی، ڕێكخراوی ئاسایش و ڕاوێژکاره تایبەته‌كانی داوە کە لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ یەکتر ڕێوشوێنی پێویست به ئاراسته‌ی هه‌ناردنەوەی پەنابەرانی “توونێس”یی بۆ وڵاتەکەیان بگرنه‌به‌ر و دەشڵێ: “له هەر شوێنێك کە پێویست بە بڕیاری سیاسیی و حقوقیی بكات، ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێ ده‌كرێت” و هەڵبەت ئه‌وه‌ش نابێ له‌بیر بكرێت کە “بڕیاره سیاسیی و حقووقییه‌كان”، كۆد و ناوی ڕەمزن بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر کۆچبەران، مێلیتاریزە و ئەمنییەتیکردنی کۆمەڵگە و چاودێریی خستنه‌سه‌ر شوێنە گشتییەکان. وەزیری ناوخۆی ئاڵمان دەستووری ئه‌وه‌شی داوە كه بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ، ئاڵای وڵاتی ئاڵمان، نیوەهەڵکراو بێت. سەرۆکی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئاڵمانیش ڕایگەیاند: “ئەوە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە ئێمه بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئازادیی خۆمان، لە هەموو ئامرازێك کەڵک وەربگرین”. لە ئه‌نجامی ڕاپرسیەکی ده‌ستبه‌جێشدا كه له‌دوای ئەم ڕووداوە كراوه، ڕاگه‌یه‌ندراوه كه پارتی ڕاسیسیتیی ” ئاڵتێرناتیو بۆ ئاڵمان”، ڕێژەی لایه‌نگرانی، له ٥/٢ لەسەده‌وه بۆ ٥/١٥ لەسەد به‌رز بووه‌ته‌وه. “ترامپ”یش ڕووداوەکەی بێرلینی بە “جه‌نگێكی مەزهەبیی لەسه‌ر ئاستی جیهان” وەسف کردووە و ڕۆژی ٢٩ ی سەرماوەز ڕایگەیاند کە تاقمی دەوڵەتی ئیسلامیی و باقی تێرۆریستە ئیسلامییەکان، بەبەردەوامی هێرش دەکەنەسەر مەسیحیەکان و ناوەندە مەزهەبییەکانیان”.
سەردەبیری دۆیچەوێلە (ڕادیۆ ئاڵمان)یش وتوویه‌تی كه: “تێرۆره سامناكه‌كه‌ی بێرلین، گشت ئەو کەسانەی کردۆتە ئامانج کە خوازیاری ژیانێکی ئازاد و ئاسوودەن. هێرشێکی بەڕبەڕییانە دژ بە ئاوات و ئازادییەکانمان. ئێستا ئاڵمان خۆی قوربانیی تیرۆریزمە، وەک بریتانیاییەکان، فەرانسەییەکان، ئیسپانیاییەکان، ئیسڕائیلییەکان و ئامریکاییەکان. ئەم هێرشە بۆسەر بازاڕێکی کریسمەس، بەکردەوە ناوەندێکی مەسیحی کردۆتە ئامانج کە گوزارشت له سوننەت و ناسنامه‌ی ئاڵمان و ئۆرۆپا ده‌دات. ژیانی ئاسووده و بێخه‌م، بە هۆی ئەم هێرشەوە خه‌ساری به‌رکەوتووە”.
جارێکی تر له‌ناو زه‌ینی خۆتاندا ئەم ڕستانە دەور بکەنەوە. شەڕی ئیسلام لەدژی مەسیحیەت، شەڕی بەڕبەڕەکان لەدژی کۆمەڵگه‌ی ئازاد و ئاسوودە، وڵاتانی قوربانیی تێرۆریزم، تەنها لە ڕۆژئاوا لەگەڵ ئیسرائیل و … گشت ئەمانە، گۆیا بۆ هاودەردیی لەگەڵ قوربانیانی ڕووداوه تیرۆریستییه‌كه‌ی بێرلینن. لەم نێوانەدا گۆیا کەس نییه كه نه‌زانێ، ئەم ڕووداوە تاكه کارەساتێکە لەنێو کۆمەڵێک کارەساتی دیكه‌دا کە لانیکەم لە ماوه‌ی ٢٥ ساڵی ڕابردوودا لە شەڕی نێوان تێرۆریستەکاندا ڕوویداوە. شەڕی نێوان تێرۆریزمی دەوڵەتیی و تێرۆریزمی ڕەوتە نیمچه فاشیسته ئیسلامیی و ڕاسیستیەکان، كه جیهانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی داگرتووه. لەم نێوانەدا کەس بە زەینیشیدا نایەت کە ئەوکاتەی کە جیهانی بەناو شارستانییانه‌ی ڕۆژئاوا و جیهانی مەسیحییەت بە ئاڵای شەڕی سەلیبییه‌كه‌ی، خاکی ئەفغانستان، عێڕاق، سوورییە و لیبیی بە تورەکە دەکێشا، بوار و به‌ستێنی سەرهەڵدانی ڕه‌وتی هه‌تا سەرئێسقان کۆنەپەرست و دژه ئینسانیی لە جۆری تالیبان، دەوڵەتی ئیسلامیی، بەرەی نوسرە، بووکووحەرام و ئه‌لشەبابیان خۆش کردووە، کە تێرۆر و نانەوەی ترس و وەحشەت، بووە بە یەکێک لە بنه‌ما سەرەکییه‌كانی ئیستراتیژییه‌كه‌یان و ڕێك زیاتر لە هەمووانیش، دانیشتووانی ئەم وڵاتانەن كه بوونەته قوربانیی ئەم تیرۆریزمە جه‌نایه‌تكاره.
لەم نێوانەدا هەرکام لەم دوو بەرە کۆنەپەرستە، بە مێدیاكانیان، بە ژووری فکریان و بە ئیدئۆلۆژییانه‌وه، لەبیری داگیرکردنی زەینی جەماوەری خەڵکدان. یەکیان دیفاع لە بایه‌خه‌كانی جیهانی شارستانییانه و ئازادیی دەکات و ئەویتریش باس لە بایه‌خ و شارستانییه‌تی ئیسلامیی دەکات.
ئەوە شته‌یكه لە شەڕی نێوان ئەم دوو جەمسەرە کۆنەپەرستەدا لەبەرچاو ناگیرێت، چارەنووسی بەمیلیۆن ئینسانە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست و ئافریقادا لەژێر چەرخ دەندەکانی شەڕی به‌وه‌كاله‌ت، شه‌ڕی قەومیی و مەزهەبیدا، لەناودەچن. ئەو ئاسۆیەی کە هەرکام لەم جەمسەرە کۆنەپەرستانه پیشانی خەڵکی جیهانی ئەمڕۆی دەدەن، بێجگەلە بەڕبەڕییەت نه‌بێ، بۆ تۆسقاڵه زه‌ڕره‌یه‌كیش بووه، بۆنی ئینسانییه‌تی به‌سه‌ردا نه‌چووه و جه‌وهه‌ری ئینسانییان تێدا به‌دی ناكرێت. ئایا ئەو ٥ هەزار کەسەی کە لەناو ئاوەکانی ڕێگه‌ی ئۆرۆپادا خنكاون، شایستەی هیچ چەشنە هاوپشتییەکی مرۆیی نەبوون. بۆچی مه‌گه‌ر ئەوە چ بایه‌خێكی ئینسانییە کە ڕێگه‌ی به‌وه‌دا كه جەنایەتکارترین دیکتاتۆڕەکان بێن و له‌سه‌ر چارەنووسی پەنابەران مامه‌ڵه بکه‌ن، ئەو پەنابەرانه‌ی كه خۆشیان قوربانیی ئەم هێرشە مێلیتاریستییانەی ڕۆژئاوای بەئیستلاح خاوەن شارەستانییەت بۆسەر وڵاتەکانیانن. ئایا ئەم پەنابەرانە، ئەم كۆمه‌ڵه ئاوارەی شەڕ، ئەم قوربانییانەی ململانێی زلهێزە سەرمایەدارییە جیهانیی و ناوچەییەکان، شایستەی بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی مرۆیی نین؟
ئێمە ئەم جیهانه پێچەوانەمان ناوێ. جیهانێك کە تێیدا به‌های گیانی مرۆڤه‌كان وه‌ك یه‌ك نه‌بێ، پێویسته و ده‌بێ لە بناغەوە بگۆڕدرێت. دەبێ له‌جیاتی ئه‌م، جیهانێك و سیستمێك بونیات بنرێت کە تێیدا، مەترسیی قەیرانە وێرانگەرە ئابوورییەکان و شەڕ و کوشتار و ئاوارەیی، بۆ هەمیشە کۆتایی پێ بێت. جیهانێك کە تێیدا مڕۆڤه‌كان خاوەنی ئیمکاناتی یەکسان و بەرفراوان بن بۆ گەشەی ئیستعداد و تواناییە فەردییەکانیان. جیهانێك کە تێیدا ئازادیی و ئاسووده‌یی و ڕفاهی هەر مرۆڤێك، مەرجی ئازادی و ئاسووده‌یی و ڕفاهی هەمووانه و هه‌وڵدان بۆ مانەوەی تاكه‌كه‌س كۆتایی بێت و ئینسانەکان پێ بنێنە دۆخێکه‌وه كه به‌مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی، ئینسانیی بێت.