کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جینۆساید و گەندەڵیی گەورەی ئابووریی، دوو لێکەوتەی سیستەمی سەرمایەدارین

download 31

ئەمڕۆ ٩ی دێسامبری ٢٠٢٣، بەرامبەر لەگەڵ ١٨ی سەرماوەز، دوو ڕووداو لە ساڵنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تۆمارکراون، کە بریتین لە ڕۆژی جیهانی ڕێگریکردن لە جینۆساید و بەرەوڕوو بوونەوە لەدژی گەندەڵی. بۆنەی یەکەم ئەو بەڵگەنامەیەیە کە لە لایەن کۆنفرانسی جینۆسایدی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە واژۆ کراوە بەمەبەستی ڕێگریکردن لە جینۆساید لە داهاتوودا. ئەم بەڵگەنامەیە ڕۆژی ٩ی دێسامبری ١٩٤٨، سێ ساڵ دوای شەڕی جیهانی دووەم و ئاشکرابوونی ئاستی بەربڵاوی کۆمەڵکوژی یەهوودییەکان لەلایەن نازییەکانی ئاڵمانەوە، پەسەندکرا. لەو ڕووەوە کە دەوڵەتی ئیمپریالیستی بریتانیا، دەیان ساڵ پێشتر بڕیاری دابوو کە وڵاتێک بە ناوی ئیسرائیل لەسەر خاکی فەلەستین دابمەزرێنێت، تەبلیغاتێکی بەربڵاوی سەبارەت بە جینۆسایدی یەهوودییەکان، بە بێ هیچ ئاماژەیەک بە قوربانیانی دیکە، دەستپێکرد و هاوسۆزییەکی زۆری بۆ لای ئەوان ڕاکێشا. بەرپرسانی نازی دوای کۆنفرانسی وانزە، بڕیاریاندا ” رێگەچارەی کۆتایی پرسی یەهوودییەکان” جێبەجێ بکەن، کە ئەوەش بە مانای کوشتاری سیستماتیک و بەکۆمەڵ، یان لەڕاستیدا جینۆسایدی یەهوودییەکان بوو. هۆلۆکاست بە تەواوی پرۆسەی کوشتاری یەهوودییەکان دەوترێت کە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٥ ڕوویدا. دەوترێت لە سەردەمی هۆلۆکاستدا نزیکەی ٦ ملیۆن یەهوودی لە سەرانسەری ئەوروپا بە ئامانجی سڕینەوەیان لەسەر گۆی زەوی کۆمەڵکوژ کران. واتە لە هەر ١٠ یەهوودی لە ئەوروپا، ٧ کەسیان کوژراون. لەو سەردەمەدا نازییەکان بە ملیۆنان کەسی تری غەیرە یەهوودییان کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە بە ڕەگەزی خوارتر دادەنران، کۆمەڵکوژ یان ئەشکەنجە کرد؛ لەوانە کوشتاری نیو ملیۆن قەرەج یان کرێکارانی بیانی، کوشتاری ٢٥٠ هەزار کەسی کەمئەندامی دەروونی و جەستەیی، کوشتنی ژمارەیەکی نادیار لە کۆمۆنیستەکان و نەیارانی سیاسی، کۆمەڵکوژی ئیسلاڤەکان لە ڕووسیە و لەهستان و یوگۆسلاوی، زیندانیکردنی هاوڕەگەزخوازان و نەزۆککردنی ئەو کەسانەی کە توانایی بیستنیان نەبوو. دەوڵەتی ئیسرائیل دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئیمپریالیزمی

بریتانیا بەسەر فەلەستیندا، لە ساڵی ١٩٤٧ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێکهێنرا و تیرۆریستە ڕێکخراوەکانی یەهوودی ساڵێک دواتر بەپێی بەرنامە دەستیان کرد بە کوشتار و دەرکردنی ٧٥٠ هەزار فەلەستینی. لەو کاتەوە هەتا ئێستا دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە بەردەوام و بەبێ هیچ دەست پاراستنێک، خەریکی جینۆسایدکردنە و لەسەر کوشتن و زیندانیکردنی منداڵان و بەساڵاچووانی فەلەستینی و پێشێلکردنی مافی ئەو خەڵکە بەردوام بووە. جینۆسایدی یەهوودییەکان لە لایەن حیزب و دەوڵەتی نازییەوە بە هۆکاری ئابووری، ئیدئۆلۆژی، سیاسیی و هەروەها بەمەبەستی وەڵامدانەوە بە بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران لە قۆناغی قەیرانی سەرمایەداریی لە دەیەی ٣٠ی سەدەی ڕابردوودا، ئەنجامدرا. ئێستا دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە سەردەمی قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایە، بە هەمان هۆکار لە غەززە خەریکی جینۆساید کردنە.

دووەم بۆنە لە ساڵنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی. سیستەمی سەرمایەداری بەبێ بوونی گەندەڵییەکی سنووردار ناتوانێت بەردەوام بێت، لە هەمانکاتدا گەندەڵی زۆر و بەربڵاویش ئاستەنگی بۆ دروست دەکات. هەر بۆیە ​​هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی گەندەڵیی بەربڵاو دەکەوێتە دەستووری کاری دەوڵەتە سەرمایەدارییە پێشکەوتووەکان و دامەزراوەکانی وەک ڕێکخراوی شەفافییەتی نێونەتەوەیی. ڕێژەی گەندەڵی لە هەندێک لە وڵاتەکان جیاوازە. گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا سیستماتیک و پێکهاتەییە. گەندەڵی لە سەرەوە بۆ خوارەوە دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتی خامنەیی، واتە دەوڵەت، مەجلیس و دەزگای قەزایی، هێزە ئیتلاعاتییه‌كان، هێزی نیزامی و ئینتیزامی، بانکەکان، ڕێکخراوەکانی تایبەتمەندکردن، ناوەندەکانی خوێندن، هەندێک پیشەی وەک پزیشکی و هاوشێوەکانی، داگرتووە. بۆ نموونە زۆرترین گەندەڵی لە سەردەمی کابینەی ئەحمەدی نژاددا ڕوویدا. بە وتەی وتەبێژی کابینەی ڕۆحانی، لە ماوەی سەرۆککۆماریی ناوبراودا، ١٧٧ ملیارد دۆلار بەفیڕۆچووە. لەم دواییانەدا و لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پارلماندا کە بڕیارە ڕۆژی ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ بەڕێوە بچێت، بەرپرسان کەوتوونەتە گیانی یەکتر. لەم ڕۆژانەدا گەندەڵیی وەزیرێک و کەسوکاری فەرماندەیەکی سپا لە بواری هاوردەکردن و بەستەبەندیکردنی چایی لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی پارلمانەوە ئاشکرا بووە. هەندێک کەسی دیاریکراو لە ڕێگەی کۆمپانیایەکەوە بە ناوی “گرووپی کشتوکاڵی و پیشەسازی دێبش” ٣ ملیارد و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار (بەرامبەر بە ١٤٠ هەزار ملیارد تمەن) پووڵیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی کە بەڕواڵەت چایی و هەندێک ئامێر و کەلوپەلی ماشێن هاوردەکردە بکەن، بەڵام هیچ شتێکیان هاوردەی وڵات نەکردووە. لە ئاستێکی بچووکتردا، ڕۆژی ١٧ی سەرماوەز، سەندیکای کرێکارانی شیرکەت واحد، لە بەیاننامەیەکدا گەندەڵییەکی لەو شیرکەتەدا ئاشکرا کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بەڕێوەبەری جێبەجێکاری حکوومەتی و حیزبوڵڵایی شیرکەت واحد، تیشە لە ڕیشەی ئەم شیرکەتە دەدات و بەبێ ئەوەی هیچ وڵامێک بداتەوە خەریکە یەک بە یەکی زەوییەکانی شیرکەت بەنرخێکی زۆر لەخوارەوە دەفرۆشێت”. یەکەم، سامانەی  گیانبازان و کەمئەندامان، دووەم، فرۆشگای تەعاونی مەسرەف و ناوچەی یەک و پارکینگی یەکەی گەشتی ناوەندی، بەمەبەستی دەستڕاگەیشتن بە ئوتووبانی ئیمام عەلی، بەبێ هیچ مۆڵەتێک ڕادەستی شارەوانی ناوچەی چوار کردووە. گەندەڵی بابەتێکی سیاسییە و

زۆرترین گوشار و خەسارەکانی یەخەی کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، منداڵان و چین و توێژە بێبەشەکان لە سەروەت و دەسەڵات، دەگرێتەوە. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە، سەرچاوە و هۆکاری گەندەڵیی بەربڵاو لە وڵاتدایە. لەمڕووەوە زاڵبوون بەسەر ئەم دیاردە دزێوەدا، تەنیا لە ڕێگەی ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە و دامەزراندنی حکوومەتێکی کرێکارییەوە مومکین دەبێت.