لە پێنجەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ئیسلامییەکانی فەلەستین و دەوڵەتی ئیسرائیلدا، بۆردومانە یەک لە دوای یەکەکانی کەرتی غەززە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە، ئەو ناوچەیەی کردووە بە وێرانە. لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا سەدان منداڵ و پیر و لاو گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش برینداربوون. حکومەتی ئیسرائیل کارەبای کەرتی غەززەی بەتەواوی بڕیوە و ناردنی کەلوپەل و دەرمانی پێویستی بۆ ئەو ناوچەیە ڕاگرتووە. بە وتەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیل سیاسەتی سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززەی گرتۆتەبەر. ستەم لەسەر خەڵکی فەلەستین مێژوویەکی حەفتا ساڵەی هەیە. شەڕ و تێکهەڵچوون و کوشتاری خەڵکی بێتاوان لە هەردوو لاوە، ئاکامی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلە. دەوڵەتی ئیسرائیل بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگوێ دەخات، تەنانەت مل نادات بەو تەرح و پلانە ئاشتییانەش کە لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەکانییەوە پێشنیار دەکرێن. بە شارۆچکەسازی نایاسایی و نیشتەجێکردنی یەهوودییە بناژۆخوازەکان لەو شارۆچکانە، سیاسەتی داگیرکردنی سەرزەمینی فەلەستینییەکان بەرەوپێش دەبات و ئەو فەلەستینیانەی لە ئیسرائیل دەژین بە هاوڵاتی پلە دوو دادەنێت. هەر ئێستا زیاتر لە شەش ملیۆن و ٤٠٠ هەزار فەلەستینی ئاوارەن و لە ٥٨ کەمپی فەرمیدا دەژین کە بریتین لە، ١٠ کەمپ لە ئوردن، ٩ کەمپ لە سوریه، ١٢ کەمپ لە لوبنان، ١٩ کەمپ لە کەرتی ڕۆژئاوا و ٨ کەمپ لە غەززە. پشتگوێخستنی دۆخی ئاوارەکان و داگیرکردنی بەردەوامی سەرزەمینە فەلەستینییەکان لەژێر ناوی شارۆچکەسازیدا، بووەتە هۆی ئەوەی نەتەوەیەک لە مافی ژیانی بێبەش بکرێت. دەوڵەتی ئیسرائیل بە خراپ بەکارهێنانی سیاسەتە کۆنەپەرستانە و دژە یەهوودییەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی کۆنەپەرستانەی گرووپە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان لە غەززە، هەرچەشنە خەبات و تێکۆشانێکی خەڵکی فەلەستین لە غەززە، کەرتی ڕۆژئاوا و قودس، بە کردەوەی تیرۆریستی و بە فەرمانی کۆماری ئیسلامی دادەنێت و بە تووندی ڕووبەڕووی خەڵکی فەلەستین دەبێتەوە. دەستگیرکردنی بەکۆمەڵ، تیرۆرکردنی لاوانی فەلەستینی، هەلومەرجێکی گەلێک سەخت و دژواری سەپێنراو بەسەر زیندانیانی سیاسی فەلەستینی، ڕێگریکردن لە مافی کارکردنی خەڵکی فەلەستین، کۆنترۆڵکردنی سەفەر و هاتوچۆکردنیان و داگیرکردنی ماڵ و حاڵیان، لە زومرەی سیاسەتی بەردەوام و هەمیشەیی دەوڵەتی ئیسرائیل بووە. ڕەوت و ڕێکخراوە بناژۆخوازەکانی فەلەستین، لەبری هەوڵدان بۆ یەکگرتوو کردنی خەڵک بە مەبەستی درووستکردنی گوشاری سیاسی بۆ سەر ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبی و موسڵمانەکان و وڵاتانی جیهان، هەندێک جار پەنا دەبەنەبەر کردەوەی نیزامی و لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی. بێگومان ئەم کردەوە نیزامییانەی ئەوان هیچ کۆمەڵێک بە دۆزی فەلەستین ناکات. یاریکردنی ئەم ڕەوتانە بە ئارمانی فەلەستین و لەپێناو ئامانجە ئیدیۆلۆژییەکانی خۆیان بە هاوئاراستە بوونیان لەگەڵ سیاسەتە ناوچەییەکانی وڵاتانی پشتیوان، دەتوانێت بیانووی پێویست بداتە دەست ئیسرائیل بۆ ئەوەی بە ئاراستەی سڕینەوەی پرسی فەلەستین و چاوپۆشیکردن لە مافی ژیانی نەتەوەیەک و داگیرکردنی تەواوی خاکەکەیان، لەبەرچاوی بێباکانەی جیهان هەنگاو بنێت.
لە ئاوا دۆخێکدا، شکستی سەرشۆڕانەی دەوڵەتی بناژۆخوازی ئیسرائیل و بە وتەی بنیامین نتانیاهۆ، “دەوڵەتی یەهوود” و غافگیر بوونە سەرسوڕهێنەرەکەیان، ئەوانی گەلێک توڕە کردووە. دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکستە سەرشۆڕانەیە و بە بیانووی کردەوەی گرووپە چەکدارەکانی حەماس، وێرانکردنی تەواوەتی غەززەی خستۆتە دەستووری کاری خۆیەوە و بە ئاشکراش ڕایدەگەیەنێت. وەزیری جەنگی ئیسرائیل لە سێیەم ڕۆژی هێرشەکاندا دەڵێت: فەرمانمان داوە گەمارۆی تەواو بخرێتەسەر ناوچەی غەززە؛ نە کارەبا، نە خۆراک، نە سووتەمەنی”… بۆردومانی وەحشیانەی کەرتی غەززە کە تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا زیاتر لە هەزار تۆن بۆمب بەسەر دانیشتوانی ناوچەکەدا ڕژا، بەیانگەری وەحشیگەرییەکی ڕەهایە لەبەرچاوی بێباکی جیهاندا. لەدژی ئەم وەحشیگەرییە چاوەڕوان نەکراوە و هەروەها ئەو هەلومەرجە نامرۆڤانەیەی کە لە “کەرتی غەززە” بەسەر خەڵکی فەلەستیندا سەپێنراوە، پێویستە دەنگی ناڕەزایی بەرزبکرێتەوە. ئاشکرایە کە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی وڵاتەکانی ناوچەکە بۆ ئازادی و بەرابەری و دێموکراسی، دەتوانێ ڕۆڵێکی زۆر بەرچاوی لە بەهێزتربوونی ئەو هێزانە لەم سەرزەمینە دا هەبێت. سەرکەوتنی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە شۆڕشی شکۆداری “ژن، ژیان، ئازادی” بە دروشمە پێشکەوتنخواز و داخوازییە ئینسانییەکانی، دەتوانێت کاریگەرییەکی بەربڵاوی لەسەر خەباتی مەدەنیی خەڵکی فەلەستین و زەحمەتکێشانی ئیسرائیل هەبێت. ئەوەی کە حەماس ئەم قۆناغە لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی دەستپێکردووە، ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ڕێکارانە بەردی دیفاع لە مافەکانی فەلەستین لە سینگی دەدات و پشتیوانی لە حەماس دەکات، هیچیان زەڕەیەک لە ڕەوابوونی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی فەلەستین لە دژی دەوڵەتی جینایەتکار و مەزهەبی و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کەم ناکاتەوە. بۆردومانی بێبەزەییانە و وێرانکەری دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە زیانێکی گیانی زۆری خەڵکی سڤیل و دانیشتوانی ئاسایی غەززە و لەوانە منداڵانی لێکەوتۆتەوە و تادێت زیاتر پەرەدەستێنێ، دەبێت دەستبەجێ ڕابگیرێت.پێویستە خەڵکی فەلەستین ببنە خاوەن مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان. وەدیهاتنی ئەم مافە سەرەتاییە بۆ خەڵکی فەلەستین پێویستی بە پشتیوانی و هاودەنگیی نێونەتەوەیی هەیە.