کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جه‌نایه‌تێكی‌تر،‌ كه‌ له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌دا خه‌ریكه‌ ڕوو ده‌دات

540911 855

له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا، بۆ جارێكی دیكه‌، ته‌وه‌ری “سیاسه‌تی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی جه‌معییه‌ت“، كه‌ به‌رده‌وام له‌ لایه‌ن خامنه‌ییه‌وه‌ ته‌ئكیدی له‌سه‌ر كراوه‌، كێشرایه‌ ناو لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می ڕۆژنامه‌ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئێرانه‌وه‌. ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٥ی مانگی به‌فرانبار، “كۆبرا خه‌زعه‌لی“، سه‌رۆكی “شۆرای فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان“، ڕایگه‌یاند كه‌ مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی، یاسای “غه‌ربالگه‌ریی ئیجباریی زایمان” هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌. “غه‌ربالگه‌ریی زایمان” به‌ كۆمه‌ڵێك تێستی خوێن و سۆنۆگرافی ده‌وترێ، كه‌ له‌و ڕێگه‌وه،‌ دایك و باوك، پێشتر، له‌ سڵامه‌تی كۆرپه‌ڵه‌كه‌یان پێش له‌ دایك بوون ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌. له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م تێستانه‌وه‌، ده‌كرێ به‌ربه‌ له‌دایك بوونی منداڵانی كه‌م‌ئه‌ندام و نوقسانی زگماكی بگیرێت. ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێك دایه‌ كه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه‌ هێشتا به‌كرده‌وه‌ش ده‌رنه‌هاتووه‌، به‌ پێی ڕاگه‌یاندنی ڕێكخراوی بێهزیستیی ئێران، ساڵانه‌ لانیكه‌م ٣٥ هه‌زار منداڵی كه‌م‌ئه‌ندام له‌ ئێران له‌ دایك ده‌بێت. هه‌ربۆیه‌، له‌ئێستاوه‌ ده‌توانین به‌وه‌ بگه‌ین كه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ها سیاسه‌تێك به‌كرده‌وه‌ ده‌ربێت، كۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ چ كاره‌ساتێك به‌ره‌وڕوو ده‌بێته‌وه‌.

“غه‌ربالگه‌ریی زایمان” سیاسه‌تێكه‌ كه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان‌دا باوه‌ و به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌ حاڵێك‌دا كه‌ له‌ هه‌موو جیهان هه‌وڵ ده‌درێ كه‌ تێسته‌كانی غه‌ربالگه‌ری، به‌خۆڕایی ئه‌نجام بدرێت و چالاكیی فێركاری و هانده‌رانه‌ له‌م بواره‌دا بۆ دایكان بخرێته‌ ده‌ستووری كاره‌وه‌، له‌ ئێران به‌نیازن ئه‌م سیاسه‌ته‌ بسڕنه‌وه‌. له‌ وڵاتێك‌دا كه‌ هاوسه‌رگیریی منداڵان ڕێگه‌پێدراوه‌، له‌ وڵاتێك‌دا كه‌ هاوسه‌رگیریی فامیلی باوه‌، له‌ وڵاتێك‌ كه‌ به‌دخۆراكی و له‌خوارێ بوونی ئاستی ته‌ندرووستی و ده‌یان ئازاری كۆمه‌ڵایه‌تیی دیكه،‌ ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر ژیانی كۆرپه‌ڵه‌ی ناو زگی دایك كاریگه‌ری داده‌نێ و ئاكامه‌كه‌ی ده‌یان جۆر زیان و نوقسانی زگماكییه‌، ڕێگری كردن له‌ “غه‌ربالگه‌ری“، جه‌نایه‌تێكه وه‌ك هه‌موو ئه‌و جه‌نایه‌تانه‌ی دیكه‌، كه‌ كۆماری ئیسلامی ‌خه‌ریكه‌  ئه‌نجامیان ده‌دات.

به‌ڵام هه‌وڵی مه‌جلیسی ئیسلامی بۆ ڕێگری كردن له‌ “غه‌ربالگه‌ریی زایمان“، هه‌وڵێكی له‌ناكاو نییه‌. په‌یگریی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و فه‌رمانانه‌ی كه‌ عه‌لی خامنه‌یی، له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ پێویستیی دوو به‌رابه‌ر بوونی جه‌معییه‌تی ئێران، ده‌ری كردوون. ئه‌و فه‌رمانانه‌ هه‌رچه‌ند مانگ جارێك له‌ لایه‌ن ناوبراوه‌وه‌ ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه‌. به‌دوای فه‌رمانه‌كانی خامنه‌یی بوو كه‌ ده‌ستبه‌جێ مه‌جلیس و “شۆرای باڵای فه‌رهه‌نگی“، چه‌ندین مادده‌یان په‌سند كرد تا بنه‌ماڵه‌كان به‌ره‌و هه‌بوونی منداڵی زیاتر هان بده‌ن. وه‌زاره‌تی بێهداشت، هه‌مووجۆره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كی له‌پێناو كۆنتڕۆڵ كردنی جه‌معییه‌ت و ڕێگری كردن له‌ دوو گیان بوون، ڕاگرت. كاڵاكانی ڕێگری كردن له‌ دووگیان بوونیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان‌دا سنووردار كرد. له‌ به‌رامبه‌ردا ده‌ستیان دایه‌ ته‌بلیغاتی هانده‌رانه‌ی به‌رین بۆ منداڵ‌دار بوون. زیاد كردنی قۆناغی مه‌ره‌خه‌سی زایمان بۆ دایكان و له‌به‌رچاوگرتنی مه‌ره‌خه‌سی دوو حه‌فته‌یی بۆ باوكان، خۆڕایی كردنی زایمانی سرووشتی له‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ تاوان له‌قه‌ڵه‌م دانی له‌بار بردنی كۆرپه‌ڵه‌، له‌ زومره‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ بوون.

ئه‌گه‌رچی سه‌رانی ڕژیم شعووری كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵكیان به‌كه‌م دانا. به‌ڵام خه‌ڵك به‌ئاسانی ته‌سلیمی ئه‌م سیاسه‌ته‌ نه‌بوون. هه‌وڵه‌كانی ڕژیم له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ بایه‌خیان پێنه‌درا. په‌ره‌سه‌ندنی جه‌معییه‌ت له‌ ئێران بۆ یه‌كه‌مین جار گه‌یشته‌ ژێر یه‌ك له‌سه‌د. ئاكامی هه‌موو ئه‌م هه‌وڵه‌ دژه‌مرۆییانه‌ نه‌ته‌نیا چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی جه‌معییه‌تی دڵخوازی خامنه‌یی لێنه‌كه‌وته‌وه‌، به‌ڵكوو له‌بار بردنی شاراوه‌ی كۆرپه‌ڵه‌، به‌هۆی باروودۆخی ناسالم، گیانی زۆرێك له‌ دایكانی خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. ئاماره‌كان نیشانیان داوه‌ كه‌ هه‌رچی عه‌لی خامنه‌یی زیاتر له‌سه‌ر منداڵ‌دار بوون ته‌ئكیدی كردووه‌ و ده‌وڵه‌تی به‌ره‌و ئه‌نجامدانی هه‌وڵی خێرا بردووه‌، خه‌ڵكی ئێران، كه‌متر خۆیان خستووه‌ته‌‌ باروودۆخی دڵخوازی ئه‌وه‌وه‌‌.

له‌ حاڵێك‌دا كه‌ نیزامی چینایه‌تیی پیاومه‌زن و ڕژیمی ئیسلامیی ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌وڵ ده‌دات كه‌ مافی سه‌ره‌تایی و ئینسانیی ژن به‌رامبه‌ر به‌ جه‌سته‌ی خۆی، لێ‌ زه‌وت كات، ژنانی ئێران، له‌وه‌ زیاتر، پێشێل كرانی ئه‌م مافه‌یان بۆ ته‌حه‌مول ناكرێت و هه‌روه‌ك چۆن حیجاب و پۆششی ئیجباری وه‌لا ده‌نێن، له‌ به‌رامبه‌ر زه‌وت كردنی مافی منداڵ‌دار بوونیش‌دا، موقاومه‌ت ده‌كه‌ن.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، دووكه‌ڵی ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌ئاشكرا دژه‌ژنه‌، پتر له هه‌مووان‌، ده‌چێته‌ چاوی ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و هه‌ژاری كۆمه‌ڵگاوه‌.  هه‌ژاریی به‌رین و بێسنوور، له‌خوارێ بوونی ئاستی ته‌ندرووستی و ده‌رمان، به‌كارهێنانی ده‌رمانی ناستاندارد بۆ ڕێگری كردن له‌ دووگیان بوونی نه‌خوازراو، له‌بار بردنی ناسالم و مه‌ترسیداری كۆرپه‌ڵه‌، موقاومه‌ت كردن له‌م بواره‌ی بۆ ژنانی زه‌حمه‌تكێش، پڕ له‌ ژان و تاقه‌ت‌پڕووكێن كردووه‌. هه‌ر بۆیه‌ پێداگریی كۆماری ئسیلامی له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته،‌ كه‌ به‌ئاشكرا ئاكامی پێچه‌وانه‌شی بووه‌، جه‌نایه‌تێكی دیكه‌یه‌ له‌ ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی‌دا، كه‌ له‌دژی ژنانی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێ.