کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

جادەکانی مەرگ لە ئێران و بێ ئیعتنایی ڕژیمی ئیسلامی

بە پێی ڕاپۆرتی سازمانی کەش ناسی ئێران چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی پشوی نەورۆزی لە زۆربەی ناوچەکانی وڵات بارینی توندی باران، هاتنی بای توند و بارینی بەفر لە ناوچە کوێستانیەکان بەردەوام بێت. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لەمرۆوە، دوشەممە ٩ ی خاکەلێوە، بێجگە لە ناوچەکانی باشور، باقی ناوچەکانی وڵات دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم بارودۆخەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە هاوکات ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کردوە کە بەهۆی ترافیکی قورسی پشوی نەورۆزی ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆ زیادی کردوە و تەنیا لە دەستپێکی تەعتیلاتی نەورۆزی ئەمساڵەوە تا رۆژی ٦ ی خاکەلێوە ٢٣٠ کەس بەهۆی ئەم رووداوانەوە گیانیان لەدەست داوە. لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە جادەکانیش بەهۆی بارینی قورسەوە گیراون و کەڵکیان لێوەرناگیرێت و ئەگەر هاتووچۆ تێیاندا بكرێت گیانی مسافرەکان دەکەوێتەبەر مەترسی جیدی.ڕاستیەکەی ئەوەیە کە بە سرنجدان بە لەخوارەوە بوونی بارودۆخی ئیمنی وەسایلی گواستنەوە و گەیاندن و ئاستی ئیستانداردی جادەکان، هەر ڕادەیەک گۆرانی کەش و هەوا و یان چڕ بوونەوەی ترافیک، دەبێتە هۆی زیاد بوونی ژمارەی تەسادوفاتی مەرگبار. تەراحیی نادروستی ژێر ساختی جادەکان و نۆژەن نەکرانەوەیان لە کاتی خۆیدا، لەخوارەوە بوونی ئیمنی ماشێنە مونتاژ کراوەکان و کۆن بونیان، کەم بوونی ئیمکاناتی یارمه‌تی گەیاندنی بەوەخت و پشت گوێدانی ناوەندە پێوەندیدارەکان، ئەو هۆكارانه‌ن کە دەبنە سه‌به‌بی ئەوەی لەهەر ١٩ دەقیقەدا کەسێک لە جاده‌كانی ئێران ترافیکدا گیان لە دەست بدات و لەهەر دەقیقەیەکدا کەسێک بریندار و یان توشی کەمئەندامی تا کۆتایی تەمەنی بێت. 678
هۆکاری سەرەکی زیاد بوونی قوربانیانی رووداوی هاتووچۆ ئەوەیە کە زۆربەی پرۆژەکانی جادەسازی لە لایەن ناوەندە دەوڵەتی و شیرکەتەکانی سەربە باقی دەزگاکانی حاکمیەتەوە ئەنجام ئەدرێن کە پەروەندەکانیان پڕە لە گەندەڵی، سودجویی و ڕشوەخۆری. ئەم گەندەڵیە ماڵیە لە ناوەندەکانی دەوڵەتیه‌كاندا کە بۆتە هۆی ئەوەی تا لە ڕەوتی بەرەو پێش چوونی پرۆژەکانی جادەسازیدا کەمترین سرنج بدرێتە ئەمنیەتی ژێرساختەکان و لە ئاکامدا دەیان هەزار کەس لە ساڵدا گیانی خۆیان لەدەست بەدەن و بە سەدان هەزار کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام بن. بەهۆی گەندەڵی ماڵیەوەیە کە نە تەنیا پرۆژە نا پێویستەکانی جادەسازی بە کەیفیەتی کەم و بە هەزینەی کەڵان دەخرێنە ڕێ، بەڵکو لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەنانەت ئەم پرۆژانەش بەبێ ئەوەی تەواو بوبێتن تەعتیل دەکرێن و ناوەندە دەوڵەتی و شیرکەتەکانی سەربە حاکمیەت، پوڵێک کە بۆ تەواو کردنی ئەم پرۆژانە وەریانگرتوە دەخەنە گیرفانیانەوە. لە لایەکی دیکەوە گەندەڵی ماڵی لە ناوەندەکانی حاکمیەتدایە کە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو پرۆژانە بچنە بواری جێبەجێ کردنەوە کە لە باری ژینگەییەوە زیانێکی قەرەبوو نەکراو بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن. هەموو ئەم کردارە وێرانگەرانە نە تەنیا هیچ بەرپرسیاریەتیەکی یاسایی بۆ تاوانکارانی بەشوێنەوە نییە بەڵکوو ناوەند و شیرکەتەکانی سەربە دەزگای حاکمیەت بە پشتیوانی قانونی و بەبێ هیچ جۆرە نیگەرانیەک خەریکی تاڵان کردنی سەروەتی وڵات دەبن و بەو شێوەیەی کە باس کرا دەبنە هۆی مەرگی دەیان هەزار کەس.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە زۆربەی رووداوەکانی هاتووچۆ و رووداوی جادەییش شیاوی پێشگیرین. ئەوەی بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پێویستە ئەنجام بدرێت سرنجدان بە ئیمنی جادەکان و پێڕاگەیشتنە بەو شوێنانەی رووداوی زۆریان تێدا روو ئەدات، نۆژەن کردنەوەی پرد و جادەکان لەکاتی خۆیاندا، و دانانەوەی تابڵۆی وشیار کەرەوە و دروست کردنی خەت کێشی و دانانی چرای رۆشنایی لە جادە شلوغەکاندا. لەگەڵ ئەمانە، چاودێری بەرپرسانە بەسەر ئیستاندارد و ئیمنی ماشێنەکان و قەدەغە کردنی کەڵک وەرگرتن لە ماشێنی کۆنە و ناسڵامەت و کۆنترۆڵ کردنی بەردەوامی باقی وەسیلەکانی گواستنەوە و گەیاندن لە جادەکاندا ئەو هەنگاوانەی دیكه‌ن کە دەتوانن تەسادوفاتی ڕانەندەگی کەم بکەنەوە. بێجگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌م راستیانه‌ی كه‌ باسكران، دروست کردنی ناوەندی زانیاری گەیاندن، بەرز کردنەوەی زەرفیەتی یارمه‌تی دان، دروست کردنی شوێنی حەسانەوە بۆ دەرکردنی ماندویەتی شۆفیران لە نزیک جادەکانیش یارمەتی کەم بوونەوەی رووداوی ترافیک ئەدەن.

ڕاستیەکی تر ئەوەیە کە ڕژیمی ئیسلامی و ناوەندەکانی ئاوێتە بە گەندەڵی ماڵیش بە هیچ شێوەیەک نە دەیانەێ و نەدەتوانن ئەو کردارانەی باس کران بخەنە دەستوری کاریانەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان ماهیەتەن لە بەرانبەر گیان و ژیانی خەڵکدا هەست بە بەرپرسایەریەتی ناکەن و تەنیا قازانج په‌رستی ماڵی لە ئەولەویەتی کاریاندایە. بەم هۆیەوەیە کە ناکرێ چاوەڕوان بی لەژێر ده‌سه‌ڵاتی ئەم ڕژیمەدا، کە کۆمەڵگای لە هەموو بارێکەوە کردوەتە وێرانە و دیاردەکانی وەک ئیعتیاد، رووداوی شوێنی کار، منداڵانی کار و هەژاری چەند لایەنەی لە کۆمەڵگادا نیهادینە کردوە، رووداوی سەرچاوەگرتو لە هاتووچۆ بەشێوەیەکی جیدی کەم بێتەوە. ڕژیمی ئیسلامی، کە شۆفیران بە خەتاباری رووداوە ماڵ وێرانكەرەی ترافیک دەناسێنێ، لە ڕاستیدا خۆی خەتاباری سەرەکی ئەم بارودۆخەیە و دەبێ لە بەرانبەر ئەو بنەماڵانەدا کە لەم سەرودەمی نەورۆز و ساڵی تازەیەدا خۆشەویستانی خۆیان لە دەست داوە، وڵام دەرەوە بێت.