کەمتر رۆژێک هەیە کە هەواڵی دڵتەزێنی مردن لە جادەکانی ئێران، چەند بنەماڵەیەک نوقمی غەم و پەژارەی لە دەستدانی خۆشەویستانیان نەکات. ئەم رووداوانە کە تەقریبەن رەواڵی ئاساییان بەخۆوە گرتوە، گەلێک جار ژیانی زۆرێک لە بنەماڵەکانیان وەها تووشی ئاڵوگۆڕی جیدی کردوە کە قەرەبوو کردنەوەی بە هاسانی مومکین نییە. بانکی جیهانی لە ئاخرین ئاماریدا تایبەت بە تەلەفاتی جادەیی لە دنیادا، روتبەی ئێرانی لەباری ئەمنیەتی رێگاکانەوە، ١٨٩ لەنێو ١٩٠ وڵاتی دنیادا راگەیاندوە. بەم جۆرە تەنیا وڵاتێکی وەک سیرالیئون لەم بارەیەوە بارودۆخی لە ئێران خراپترە. هەواڵنێری مێهر، لە بەشێک لە راپۆرتێکی خۆیدا لەم بارەیەوە نووسیویەتی: بە بەراورد بە هێندێک لە وڵاتانی ئاسیایی دەکرێ بڵێین رێژەی تەلەفاتی تەسادوفاتی شۆفیری لە ئێران ٢٥ بەرابەری ژاپۆن و ٢ بەرابەری تورکیەیە. هەروەها ماشێنە قورس و سوکەکان لە ئێران تا ١٠٠ بەرابەر زیاتر لە هێندێک وڵاتی دنیا خۆ پێکدائەکێشن. وەک نمونە لە ئینگلساتان لەگەڵ ئەوەی کە تا سێ بەرابەری ئێرانی ماشێن تێدایە، رێژەی روودانی تەسادوف تا ٣٢ بەرابەر کەمترەهەروەها سایتی سیڕات نیوزیش بەم دواییانە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە هەڵسەنگاندنی هێندێک لە شاخسەکانی ئیمنی رێگاکانی وڵات کردوە و نووسیویەتی: “ئێران لە حەوزەی گواستەنەوە و گەیاندندا یەکێک لە بەرزترین رێژەی مەرگ ومیر و بریندار بوونی لە دنیادا هەیە. لە حاڵێکدا لە دنیادا لە بەرانبەر هەر ١٠ هەزار ماشێندا نزیکەی ٩ کەس و لە یەکێتی ئوروپادا ١٣ کەس دەکوژێن، بەڵام لە ئێران بۆ ئەم ڕێژەیە لە ماشێن نزیکەی ٣٧ کەس گیان لەدەست ئەدەن. ئەگەر مامناوەندی ٢٣ تا ٢٧ هەزار کوژراو لە رووداوی شۆفیریدا لە ماوەی ساڵێکدا لەگەڵ مامناوەندی ٢٥٠ هەزار برینداری ئەم رووداوانە لەنەزەر بگرین، دەتوانین بڵێین لە ئێراندا هەموو ساڵێک بەهۆی نا ئەمن بوونی جادەکان و نا ئیستاندارد بوونی قانونی رانەندەگی، ژیانی زۆر کەس وێران دەبێت.” لەم راپۆرتەدا هەروەها هاتووە کە ژمارەی تەلەفاتی جادەیی وڵات لە ساڵدا بەرابەرە لەگەڵ تەلەفاتی شەڕێکی بەتەواو مانا. بۆ نمونە، ئاماری ژمارەی تەلەفاتی جادەکان لە ٧ مانگی سەرەتای ساڵی ٩٢ دا نزیکەی ٢،٥ بەرابەری ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ئامریکایی لە شەڕی عێڕاق دایە. ئەم ئامارە لە بارودۆخێکدایە کە لە ساڵی ٩٣، بەپێی نووسراوی سەرچاوە رەسمیەکان، لە ١٠ مانگەی کۆتایی ساڵی ٩٣ دا، زیاتر لە ١٤ هەزار کەس گیانی خۆیان لە جادەکانی ئێراندا لە دەست داوە و تەنیا لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩٤ دا، ژمارەی تەلەفاتی جادەیی گەیشتۆتە زیاتر لە ١٢٠٠ کەس. ئێستا دەبێ بپرسین کە کێ بەرپرسی ئەم کارەساتە ئینسانیەیە لە ئێران؟ ئایا نابێ قامکی تاوان لە دەرەجەی یەکەمدا و بەرلە هەر هۆکارێکی تر بۆلای حکومەتی کۆماری ئیسلامی درێژ بکرێت؟ رژیمێک کە دوای ٣٦ ساڵ حاکمیەت نیشانی داوە کە بە کردەوە کەمترین ئەرزش بۆ گیان و ئەمنیەت و ئاسایشی ئینسانەکان دانانێت. عینوانی نا ئەمن ترین جادەکانی دنیا، لە حاڵێکدا لە بەراوردێکدا بە نسیبی ئێران بووە کە عەباس ئاخوندنی وەزیری رێگا و شارسازی دەوڵەتی رۆحانی ماوەیەک لەوەپێش باسی لە پێویستی وڵات بە سەرفی هەزینەی ٨ هەزار ملیار تمەنی بۆ ئیمن کردنی جادەکان کردبوو و وتبوی:” بە نرخی رۆژ بۆ پارێزگاری کردن و نۆژەن کردنەوەی جادەکان پێویستیمان بە نزیکەی ٨ هەزار ملیار تمەن هەیە لە حاڵێکدا کە کەمتر لە ٢ هەزار ملیارد تمەن لە بەردەست وەزاڕەتی رێگا و شارسازی دایە. بەڕاستی دەبێ پرسیار بکرێت بۆچی لە بوجەیەک کە لە ئیختیار ئەرتەش و سپا و باقی ئۆرگان و ناوەندە سەرکوتگەرەکان دەندرێت کەم ناکرێتەوە؟ بۆچی لە بوجەیەک کە سەرفی پارێزگاری و پەرەپێدانی کاری حەوزە و مزگەوتەکان و فەعالیەتی ئیمامانی جومعە و باقی ئۆرگان و ناوەندە بێ کەڵکە مەزهەبیەکان دەکرێت، تۆزێک کەم ناکرێتەوە؟ بۆچی هەزینەیەکی قورس کە سەرفەی سیاسەتی دەرەوەی سنورەکانی ڕژیم لە سوریە و لوبنان و فەلەستین و عێڕاق و یەمەن دەکرێت، کەم ناکرێتەوە؟ بۆچی لە دزی و تاڵانچێتی و ئیختیلاسە بێ ئەژمارەکان لە دەم و دەزگا دەوڵەتی و حکومەتیەکاندا کەم ناکرێتەوە کە رۆژانە گۆشەیەکی لە شەڕ و کێشەی نێوان باڵەکاندا ئاشکرا دەکرێت. وڵامەکەی هاسانە، لەمرۆدا زۆربەی ئەو خەڵکەی کە لە ئێراندا دەژین، بەو ڕەنج و ئازار و بێبەشی و بێ مافیەی توشی هاتوون، وڵامەکەیان لایە و دەیزانن. رژیمی کۆماری ئیسلامی بەبێ ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی، بەبێ بوونی ئۆرگان و ناوەندی مەزهەبیەکان بۆ خەڵەتاندن و فریودانی خەڵک و بەبێ سیاسەتی دخالەتگەرانە بە ئامانجی قایم کردنی پێگەی خۆی لە ڕقابەتە ناوچەییەکاندا و بێجگە لە هەموو ئەمانە، بەبێ بوونی باندە مافیاییەکانی دەسەڵات کە خەریکی تاڵان و بڕۆی سەروەتی کۆمەڵگەن، ناتوانێ دەوام بێنێ. هەموو ئەمانە لازمەی درێژەی حەیاتی کۆماری ئیسلامین. دەبێ لە حەقدەستی کرێکار، لە حقوقی موعەلیم و پەرستار دابشکێندرێت، دەبێ لەو هەزینانەی کە دەبێ سەرفی بێهداشت و ئاموزش بکرێت، کەم بکرێتەوە، دەبێ لە دابین کردنی خزمەتگوزاری گشتی و لەوانە دابین کردنی ئەمنیەتی جادەکان کەم بکرێتەوە تا ئەم دەزگا گەندەڵ، جەنایەتکار و دژی خەڵکیانە بتوانن سێبەری خۆیان بەسەر کۆمەڵگەوە رابگرن.حسێن ئەشتەری، فەرماندەی هێزی ئینتیزامی بە بڵاو کردنەوەی ئەم راپۆرتە، بە تازەگی باسی لە هەستیاری خامنەیی سەبارەت بە تەلەفاتی جادەیی کردوە. بەڵام خامنەیی و ئەهلی بەیتەکەی، فەرماندەکانی سپای پاسداران و باقی ناوەندە ئەمنیەتی و ئینتیزامیەکانی سەربە بەیتی رێبەری کە وەک مۆتەکە خۆیان بەسەر ئابووری ئێراندا کێشاوە، باشتر لە هەموو کەسێکی تر دەزانن کە ئەوەی لە جادەکانی ئێراندا روو ئەدات و هەموو رۆژێک گیانی ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک دەستێنێ، ئاکامی ئەو سیاسەتانەیە کە ئەو و بنەماڵەکەی بۆ درێژەدان بە سوڵتەی خۆیان جەختی لەسەر دەکەنەوە.گومانی تێدا نییە زۆر ناخایەنێت کە بەساتی ئەم حاکمیەتە تێکەوە دەپێچرێت و خەڵک، هەمان قوربانیانی ئەمرۆی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی، بە یەکێتی و هاوپشتی خۆیان چارەنوسی کۆمەڵگەکەیان دیاری دەکەن و ئەوکات، تەنیا دابین کردنی ڕیفاه و ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵک، نەک زێدەخوازی و کەڵەکە کردنی قازانجی زیاتر، دەبێتە یاسای حەتمی و گشتگیر بەسەر کۆمەلگای ئینسانیدا.