کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تەنیا بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، کێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر دەبێت

download 27

خومەینی ٤٥ ساڵ لەمەوبەر وتی کە فەرمانی داوەکە هەم خانوو بۆ کرێکاران و هەژاران دروست بکەن و هەم ژیانیان ڕێکبخەن“. ئەمڕۆ بەپێی ئامارەکانی خودی ڕژیم، ٢٠ میلیۆن بنەماڵە لە ئێران بێ ماڵ و حاڵن. بانکی ناوەندی ٧ی مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٢ ڕاپۆرتی پێشهاتەکانی بازاڕی خانووبەرەی تارانی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی خانووبەرەی تاران گەیشتە ٦٢،٢%. کارناسان بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئاماژە بە ناڕاست بوونی ئامارە فەرمییەکان بکەن، وتوویانە، هەڵاوسانی نرخی خانووبەرە گەیشتووەتە زیاتر لە ٧٥% و لە ئاکامدا هەژاریی خانووبەرە پەرەی سەندووە. تاووتوێکردنی داتاکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیس لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا دەریخستووە کە ڕێژەی هەژاریی خانووبەرە ساڵی ١٣٩٠ نزیکەی ٣٣% و ساڵی ١٣٩٨، ٣٦% بووە و لە ساڵی ١٤٠٠دا گەیشتووەتە ٥٥%. ئەوە لە حاڵێکدایە کە مامناوەندی ڕێژەی جیهانی، ٢٠ لەسەدە. ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران دەریدەخات کە نزیکەی  ٦٨ لەسەدی خەڵک لە ساڵی ١٤٠٠دا خاوەنی ماڵ بوون. ٢٣% کرێنشین بوون کە ناچار بوون ٧٠ بۆ ٨٠%ی داهاتەکەیان بۆ کرێی ماڵ خەرج بکەن. لە حاڵێکدا کە ماڵ بەکرێگرتنیش تەنیا بە دانی پێشەکی دەیان ملیۆن تمەنی مومکین دەبێت. ڕێژەیەکی زۆر لە خاوەن خانووەکان و کرێنشینان، لە پێکهاتە نافەرمیەکانی شاردا نیستەجێن و لەوانەش ملیۆنان کەسیان پەراوێزنشینن. بەو پێیەی ئامارێکی دروست لە پەراوێزنشینان لەبەردەستدا نییە، ڕێژەکەیان لە ئامار و ڕاگەیاندنەکاندا بە شێوەی جۆراوجۆر باس دەکرێت. ساڵی ١٣٩٩ وەزارەتی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شار ڕایگەیاند کە ژمارەی پەراوێزنشینان لە ئێراندا ٢٦ میلیۆن کەسن. پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ڕابردووی ناوەندی ئاماری ئێران، ٩٪ی ئەو هاووڵاتی و بنەماڵانەی کە توانایی دابینکردنی پووڵی پێشەکی و هەزینەی کرێی خانوویان نەبووە، بە ناچار لەناو گۆڕە هەڵکەنداروەکان، لەناو کارتۆن و سەربانی ماڵەکان و لەژێر خێوەتدا ژیاون. بێگومان زۆربەی هەرەزۆری پەراوێزنشینان و ئەوانەی کە شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاویان نییە، سەر بە چینی کرێکارن. بۆ نموونە ئەکبەر شەوکەت بەرپرسی کانوونی کرێکارانی بیناسازی دەڵێت کە نزیکەی ٥٠٪ کرێکارانی بیناسازی ئێران لە هەژارترین ناوچەی شارەکاندا کرێنشینن.

کێ هۆکاری ڕاستەوخۆی ئەم دۆخە کارەساتبارەیە کە بەسەر کرێکاران و خەڵکی کەم دەرامەتدا سەپێنراوە؟ ڕاگەیاندنە بەناو سەربەخۆ و بەڵام ڕێگەپێدراوەکان، خراپ بەڕێوەبردن و سیاسەتی هەڵە و ئەوەی کە پێی دەوترێت مافیای نیشتەجێبوون، وەک هۆکاری ئەم دۆخە دەستنیشان دەکەن. ئەوان نووسیویانە: مافیاکانی نیشتەجێبوون نزیکەی ٣ ملیۆن خانوویان لە وڵاتدا و بە شێوەیەکی سەرەکی لە تاران بە مەبەستی سەودا و سوودی زیاتر، بە بەتاڵی هێشتووەتەوە، کە بریتین لە بونیادی تەعاونی ئەرتەش، تەعاونی سپا، بونیادی موستەزعەفان و بانکی نیشتەجێبوون. کاری ئەم مافیایانە تەنها بریتی نەبووە لە کەڵەکە کردن، بەڵکوو ئەوان هاوکات لەگەڵ کاری ساخت و سازدا، خەریکی گرانکردنی کەرەستەی بیناسازی و سپیکردنەوەی پووڵ و خۆدزینەوە لە باجیش بوون. ئەوەی کە ئاماژەی پێکرا، تەنها بەشێکی کەم لە واقیعییەتەکان دەخاتەڕوو. دۆخی کارەساتباری نیشتەجێبوون بەشێکە لە کارەساتی ئابووریی و دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی بەگشتی. ئەم دۆخە لەماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا خەبات و ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، کە بەرپرسانی حکوومەت بەهۆی بێ توانایی و نەبوونی هیچ تەرح و پلانێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە، بەوپەڕی وەحشیگەری و بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی سەرکوت و بەکارهێنانی هێزی سەرکوتگەر، بەرەوڕوویان بووونەتەوە.

بە پێی ئەو هەلومەرجەی ئێستا، باشترین ڕێگا بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ کرێکاران و خەڵکی بێ ماڵ و حاڵ،  ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە. به‌ڵام تا ئەم پرسە گرنگه به ​​خه‌باتی شۆڕشگێڕانه و جەماوەریی بە ئاکام دەکات، پێویسته دروشمینان، مەسکەن، ئازادیهاوکات لەگەڵ دروشمەکانی دیکەی بزووتنەوەی داواکاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان، به بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیژن، ژیان، ئازادییەوە ببەسترێتەە. پێویستە ئەو سەدان ملیارد دۆلارەی کە بە ڕەنجی شان و پیلی ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و بە یارمەتی سروشت دابینکراوە و لە لایەن دەسەڵاتدارانی دز و خاوەنکارانەوە بەتاڵان براوە، بگەڕێتەوە بۆ گیرفانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش، بۆ ئەوەی ئیمکانی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاو و دژە بوومەلەرزە و خاوەن هەموو ئیمکاناتێکی ژیانی سەردەم بە ئاسانی فەراهەم بێت.