کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تەنگ و چەڵەمه‌کانی ڕژیمی ئیسلامی و توند بوونەوەی کێشەی باڵە حکومەتییەکان

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە موهەندیسی کردنی ئاڵۆزی ڕەوتی هەڵبژاردن و دوای ئەویش بە سەروبن هێنانەوە و دانی ئاماری سەرتاپا درۆینە لە ڕێژەی بەشداران لەم شانۆگەریی هەڵبژاردنەدا، گرفت و ئاستەنگی هەڵبژاردنی تێپەڕاند. بەڵام لەگەڵ تێپەڕ بوونی زیاتر لە مانگێک لە گاڵەتەجاڕی هەڵبژاردن هیچ نیشانەیەک لە دامرکانەوەی شەڕ و کێشەی نێوان باڵە حکومەتیەکان بەدی ناکرێت. وادیارە کە ئاڕایشی سیاسی دوای هەڵبژاردن نەیتوانیوە جەدەل و کێشمەکێشەکانی باڵە حكومەتیەکان کەم بکاتەوە.

رۆژنامەکانی نزیک و سەربە ڕیفۆڕمخوازان و ئیعتیدال گەرا حکومەتیەکان یەک دەنگ شکایەتیان لە سوکایەتی بەردەوام بە ” سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو” و بڵاو بوونەوەی لە “سەدا و سیما” هەیە. لە ڕوانگەی ئەم رۆژنامانەوە ” دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن هەروا دەهۆڵی تووڕەیی خۆیان دەکوتن تا لە کۆتاییدا، هەم سەرۆک کۆمار و هەم لایەنگرانی وادار بە کاردانەوە بکەن؛ تا بتوانن زەمینی بازی خۆیان فراوانتر بکەن و کەسانی زیاتر دەرگیری ئەم ” یارییە” بکەن. ” لە بەرانبەردا رۆژنامەی “جەوان”ی سەربە سپای پاسداران قسەکانی حەفتەی ڕابردووی حەسەن رۆحانی کە وتبوی ” ئیبلاغی سیاسەتە ئابووریەکانی ئەسڵی ٤٤ بۆ دانی ئابووری بە خەڵک بوو؛ بەڵام بەشێک لە ئابووری کە لە دەست دەوڵەتێکی بێ چەکدا بوو، درایە دەست دەوڵەتێکی خاوەن چەک، یەکێک لە ناجوامێرانە ترین ئەو تەعبیرانە زانیوە کە سەبارەت بە سپای پاسداران لە ماوەی خزمەتەکانی ئەم ناوەندەدا مەتڕەح بووە.”

لەم حەفتانەی دواییدا، هێرشی بەردەوامی عەلی خامنەیی بۆسەر شەخسی حەسەن رووحانی، هەڕەشە کردن لێی بەوەی کە گیرۆدەی چارەنووسی بەنی سەدر بێت و ڕەخنە توندەکانی لە کارکردی ئابووری و فەرهەنگی دەوڵەتەکەی و بە شوێنیدا هەڵسوکەوتی سوکایەتی ئامێزی فەرماندەی سپای پاسدارن سەبارەت بە سەرۆک کۆمار، دەرخەری ئەوەیە کە کێشمەکێشەکان چوونەتە فازێکی نوێوە. لەم رۆژانەی دواییدا شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان وەلی فەقیە و سپا لەگەڵ سەرۆک کۆمار لەنێو لایەنگرانیدا گەلێک توندتر ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نمونە رۆژی هەینی ٢ی مانگی پوشپەڕ، لە ڕێپێوانی رۆژی قودس دا لە تاران، گروپێک لە لایەنگرانی خامنەیی و سپا لە کاتی حوزوری روحانی کۆمەڵێک دروشمی توندیان لەدژی ئەو وتەوە. لایەنگرانی وەلی فەقیە لە کاتی بینینی حەسەن رووحانیدا دروشمی ” مەرگ بۆ منافق”، ” مەرگ بۆ درۆزن”، مەرگ بۆ ئاخوندی ئامریکایی” و ” روحانی و بەنی سەدر پێوەندتان موبارەک”یان وتەوە.161

هەروەها حەفتەی ڕابردوو کاتێک کە حەسەن روحانی و وەزیری ئیتلاعاتی دەوڵەتەکەی هەوڵیاندا باس لە نەخشی رووحانی وەک سەرۆکی شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی بۆ دەرکردنی دەستوری هاویشتنی موشەکەکان بەرەو پێگەکانی داعش لە خاکی سورییە بکەن، فرەماندەکانی سپا بە خێرایی بە دەرکردنی بیانییەک و بە دەربڕینی جیاواز، نە تەنیا هەر جۆرە نەخشێکی روحانی لە ماجەرای هاوێشتنی موشەکەکاندا بە تەواوی بە درۆ خستەوە، بەڵکوو ئەویان بە درۆ کردن و هەوڵدان بۆ سوئیستیفادە کردن لێی تاوانبار کرد.

غۆڵامحسێن مۆحسنی ئێژەئی، وتەبێژی دەسەڵاتی قەزایی لە سوخنرانی نوێژی هەینی تاران رایگەیاند” ئەمرۆ تەخریب لە دژی سپا، بەسیج، کەسانی گرینگ و ناوەندی قەزایی پەرەی سەندووه. به ئەزموونی رابردوو کە تماشا دەکەین، هەست دەکەم کە فیتنەیەکی تازە لە رێدایە. کردەوەیەکی تازە بەرێوەیە.”

توندبوونەوەی ئەو کێشمەکێشانه لە هەفتە و رۆژەکانی ئەم دواییەدا هیچ شک و گومانێکی نەهێشتۆتەوە، کە سپای پاسداران بۆ بەرەوروو بوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە هەمە لایەنانەی کە بەرۆکی ڕژیمیان گرتوە، کەوتۆتە جوڵە بۆ کۆنترۆڵ کردنی بەتەواوەتی دەسەڵات. سپای پاسداران بە یارمەتی خامنەیی لە هەوڵدایە تا ئەو جێگایەی بە پێویستی بزانێ نیهادی سەرۆک کۆماری بکاتە ناوەندێکی فەرمایشی بێ ئیختیار. بە سه‌رنجدان لەو تەنگ و چەڵەمە چەند لایەنانەی ڕژیمی ئیسلامی کە هیچ کام لە باڵە حکومەتیەکان ڕێگایەکیان بۆ دەرچوون لێیان نییە ئەم بەریەک کەوتن و کێشانە دیسانیش توندتر دەرێژەیان دەبێت.

لە بارودۆخی ئێستادا بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی دەوڵەت، ئابووری ئێران بەرەورووی ڕکودی توندتر بۆتەوە. واتە ئەو کالایانەی کە بەرهم دێن و خزمەتگوزارییەک کە پێشکەش دەکرێن کڕیاریان نییە. کاتێک لانیکەمی حەقدەستی دیاریکراو چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدایە، لە بارودۆخێکدا کە سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕژیم ئاماری بێکارانی ئێران ٧ ملیۆن کەس ڕادەگەیەنێ، لە حاڵێکدا کە هەر ئێستا نزیکەی ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لە وەها بارودۆخێکدا ناکرێ باس له‌ توانای كڕین و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی داواكاری باش بوونی ژیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بکریت کە ڕکود هەروا سێبەری بەسەر ئابووری ئێراندا کێشاوە.

لە لایەکی دیکەوە سەرمایەداری ئێران لەگەڵ قەیرانی کەڵەکە کردنی سەرمایە و بەرهەمهێنانەوەی بەرین بەرەوڕویە. واتە بەشێک لە سودەکان و ئەو سەرمایانەی کە دەبێ بۆ زیاد کردنی سەرمایەگوزاریەکان لە داهاتودا تەرخان بکرێت ڕێگای چوونە دەرەوە لە ئێڕانیان گرتۆتەبەر. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندێکی توێژینەوە ساڵانە زیاتر لە ٩ ملیارد دۆلار فەراری سەرمایە لە ئابووری ئێراندا بوونی هەیە. لەژێر ئەم بارودۆخەدا دوای بەرجام، زیاتر لە بیست هەزار ناوەندی بەرهەمهێنان و پیشەسازی داخراون.

گەلێک لە بانکەکانی ئێران لەبەردەم مەترسی وەرشکست بووندان. لەم حەفتانەی دواییدا، بڵاو بوونەوەی هەواڵی مایەپوچ بوونی دامەزراوە بانکی و ئیعتیباریەکان، جێگەوپێگەی لاوازی ئابووری ئێرانی بە ئاشکرایی نیشاندا. لەگەڵ بڵاو بوونەوەی هەواڵی مایەپووچ بوونی دامەزراوە بانکیەکان لە ڕاگەیەنرەکانی ئێراندا، سپوردەگوزاران لەم دامەزراوانەدا بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان لەبەردەم شوعبەکانی ئەم ناوەندانەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

لە لایەکی دیکەوە قەیرانی ژینگەیی و قەیرانی کەم بوونی ئاو و وەشکەساڵی گەیشتۆتە ئاستێکی جێی نیگەرانی. پیس بوونی هەوای سەرچاوە گرتوو لە سوتەمەنی فوسیلی و هەروەها دیاردەکانی وەک گەردیلەکان بارودۆخێکی قەیراناوی بەخۆیەوە گرتووە. گەندەڵی ماڵی و ئیداری نیهادینە بوو لە ئۆرگانە جۆراو جۆەرەکاندا پێکهاتەی نیزامی حاکمی بێ ئیعتیبار کردوە. قەیران لە پێوەندی نێونەتەوەیی و مۆناسبات لەگەڵ حکومەتەکانی ناوچەکەدا، توند بوونەوەی گوشارەکانی دەوڵەتی ئامریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی بۆ کۆنترۆڵ کردنی دخاڵەتگەری و بەرزەفڕیەکانی لە زومرەی ئەو ئاستەنگانەن کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خسویه‌تە ژێر مەنگەنەوە. هیچکام لە باڵە حکومەتیەکان وڵامێکیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەم قەیرانانە نییە. سەرجەم دیاردەکان دەرخەری ئەوەن کە باڵی ئوسول گرا بەرنامەیەکی تۆکمە و درێژ ماوەی بۆ بەرەنگاو بوونەوە لەگەڵ ئەم قەیرانانە نییە و تەنیا بە گەیاندنی ئەمڕۆ بە سبەی دەیەوێ ئابووری و کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت. باڵی روحانی و ئۆردوی ئیسڵاحخوازانی حکومەتیش بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەم قەیرانانەدا هەروا لەسەر بەرنامە نیئۆلیبڕاڵیەکان جەخت دەکاتەوە و دخاڵەتگەریەکانی سپای پاسداران لە ئابووری و سیاسەتدا بە گرینگ ترین کۆسپی سەر ڕێگای بەرەوپێش چوونی بەرنامەکانی دەبینێت.

لەم بارودۆخە و لەم قۆناغە گرینگەی خەباتی چینایەتیدا بۆ دەرچوون لەم وەزعە ڕێگایەک بێجگە لە هاتنە مەیدانی کرێکاران و جەماوەری ناڕازیی و وەگەڕ کەوتنی ئیرادەی ئەوان بوونی نییە. بەڵام کرێکاران و جەماوەری بێبەش تەنیا لە جەریانی خەباتی رۆژانە و بەردەوام بۆ دەستەبەر بوونی ویست و داخوازیەکانیان و لەدژی ئەم نیزامەی ئێستا و پێكه‌وه‌ گرێدانی ئەم خەباتە و خۆ ڕێکخستن دایە، دەتوانن ئیرادەی خۆیان بەکار بێنن.