ئارمیتاگراوەند،کچێکیتازەلاویتەمەن١٦ساڵ،لەڕۆژی٩یڕەزبەرەوەبەهۆی “ئازار و ئەزیەتی مەئموورانی کۆنترۆڵی حیجاب“ەوە لەپێ کەوت و ئیستا ماوەی شەش ڕۆژە لە حاڵەتی بێهۆشیدا لە نەخۆشخانەی فەجری سەر بە هێزی ئاسمانی، بەسەر دەبات. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا نەخۆشخانەی نیزامی فەجەر، شوێنی بەستەری بوونی ئارمیتا، لە گەمارۆی هێزە ئەمنییە لیباس شەخسییەکاندایە و سەرجەم ملاقات و سەردانەکان بۆ ئەو نەخۆشخانەیە هەڵوەشاوەتەوە. هەندێک لە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئارمیتا گواستراوەتەوە بۆ ژوورێکی نادیار و سەرجەم کارمەندانی نەخۆشخانەکە شەو و رۆژ لەژێر چاوەدێریدان و هوشدارییان پێدراوە کە هیچ وێنە و ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی ئارمیتا بڵاو نەکەنەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پرسی بێهۆشبوونی ئارمیتا گراوەند، کاتێک بەبێ حیجابی ئیجباری پێدەنێتە ناو وێستگەی میترۆ، لە لوتکەی هەواڵەکانی ئێران و جیهاندا بووە. لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕەزبەر بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەبێ ڕێگە بدەن بە شاندێکی نێودەوڵەتی سەربەخۆی پێکهاتوو لە کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی ڕووداوی بێهۆشبوون و بەستەریبوونی ئارمیتا گراوند لە نەخۆشخانە بکەن. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هەروەها ئاماژەی بە ڕاپۆرتەکەی دوێنێی ڕۆژنامەی گاردیەن کردووە، کە لە زمان “شایەتحاڵێکەوە” ڕایگەیاندبوو دوای ماوەیەکی کەم لە چوونی ئارمیتا گراوند بۆ ناو واگۆنی میترۆکە، “مەئموورێکی ژنی کۆنترۆڵی حیجابی ئیجباری بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی حکومەتی، لەگەڵ ئارمیتا تووشی تێکهەڵچوونی زارەکی دەبێ و بەتووڕەییەوە پاڵی پێوە دنێت و دەیخاتە سەر زەوی. کۆمیتەی سەربەخۆی ڕاستی دۆزی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی بێهۆشبوونی ئارمیتا گراوند دەکات کە ساڵێک دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە گرتووخانەی گەشتی ئیرشاد ڕوویداوە.
دانانی “مەئموورانی کۆنترۆڵکردنی حیجاب” لەناو میترۆکان و “چاودێر” لە زانکۆکان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگی کچانی لاوی وڵات، بەشێکە لەو شەڕە سەرتاسەرییەی کە حکومەت لەدژی ژنانی ئێران خستوویەتەڕێ. پێشڕەوی ژنانی بوێر و ئازادیخواز لەم نەبەردە دا حاشا هەڵنەگرە، ڕژیم کەوتۆتە دۆخی بەرگریکردنەوە. لەو ڕۆژەوە کە ئارمیتای ئازیز کەوتە کۆماوە، شارەوانی تاران لە ترسی شەپۆلی توڕەیی خەڵک، ئەو ٤٠٠ “مەئموورە“ی کۆکردووەتەوە کە لە میترۆی تاران جێگیری کردبوون. لە ڕاستیدا کردەوەکانی ئەم ڕژیمە لە بەرامبەر خۆڕاگریی بەربڵاوی ژنان و کچانی لاو لە سەرانسەری ئێران، جگە لە هەوڵێکی داماوانە و سەرلێشێواوانە، هیچی تر نییە و ئەوەی کە ئەم ڕۆژانە و لەم بوارەدا ڕوودەدات، دەستکەوتێکی بێگەڕانەوەی شۆڕشی ژنان، ژیان، ئازادییە. واقیعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە خەباتی ژنان تووشی سەرلێشێواوی و داماویی بووە. ئەگەر لە سەرەتای ئاخێزی ژینادا کچانی لاو مەیدانداری خەباتێکی خوێناوی بوون، ئێستا دایکان و دایەگەورە و ملیۆنان ژنی دژە حیجاب لەپاڵ ڕیزی کچەکانیاندا وەستاون. ئەگەر بەرپرسانی ڕیژیمی ئیسلامی پێیانوابوو کە بە ژەهراویکردنی کچان لە قوتابخانەکان، دەتوانن بەسەر ڕاپەڕینی ژناندا زاڵ بن، ئێستا ئیتر لەگەڵ ملیۆنان ژنی لێهاتوو و خاوەن ئەزموونی کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەموو ڕێوشوێن و سیاسەت و یاسا دژە ژنەکانی ڕێژیمیان لەگەڵ شکست بەرەوڕوو کردووەتەوە، چی دەکات.
ژنانی ئێران لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ چینی کرێکار، زۆرترین سەختی و ئازاریان بەدەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بینیوە. یەکەمین هێرشی دژە شۆڕشی سەرچاوەگرتوو لە شۆڕشی ٥٧، بۆسەر ژنان ڕێکخرا. یەکەم هێرشی گۆپاڵ بەدەستەکانی ڕژیمی ئیسلامی، بۆسەر ئەو ژنە ناڕازییانە بوو کە بوێرانە لەدژی خانەنشینکردنی ژنان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، شەقامەکانیان کرد بە مەیدانی خەباتێکی پڕجۆش و خرۆش و لێبڕاوانە. ئەگەر مەبەستی بەرەی دژە شۆڕش لە هێرشکردنە سەر ڕیزەکانی ژنان، سەرەتای سیاسەتێکی کۆنەپەرستانە و زاڵبوون بەسەر ژناندا و یەکەمین سەنگەر بوو بۆ هێرشکردنە سەر سەرجەم داواکارییەکانی خەڵک و پاشەکشە کردن بە شۆڕش و سەرەنجام زاڵبوون بەسەر هەموو کۆمەڵگادا، بۆ بەرەی شۆڕش و بەتایبەت ژنان، دیفاع لە شۆڕشێکی بەگڕوتین بوو کە هەر لە یەکەم هەنگاوەکانیدا، لەگەڵ دژە شۆڕشێکی وەحشی و تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست بەرەوڕوو دەبووەوە. لە ماوەی ٢ بۆ ٣ ساڵدا کە هێشتا بڵێسەکانی شۆڕش نەکوژابووە، خۆڕاگری و بەرخۆدانی ژنان یەکێک بوو لە پایەکانی بەردەوامبوونی شۆڕش. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی سەرەنجام توانی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەپێناو ئازادی و ژیانێکی باشتردا، سەرکوت بکات، بەڵام لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەی کرێکاران، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە هەموو هەوراز و نشێوەکانیانەوە، بێ پسانەوە درێژەیان بە خەباتی خۆیان داوە. لە تەواوی ئەو ماوەیەدا خەباتی ژنان لەپێناو ڕزگاربوونی هەمیشەیی دا بەردەوام یەکێک بووە لە پایەکانی خەبات و خۆڕاگریی لە بەرامبەر حکومەتی ئیسلامی و یاساکانیدا.