کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تیرۆریزمی کوێر لەخزمەت سیاسەتە دژی بیانیەکاندا

 

رۆژی سێ شەممە ٢٢ ی مارس زنجیرەیەک تەقینەوەی تیرۆریستی، بروكسل پێتەختی بلژیک و شارێک کە لە ناوەندە گرنگەکانی بڕیاردانی ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسی ئوروپا بە حیساب دێت هەژاند. ئەم زنجیرەیە لە هێرشی تیرۆریستی بەشوێن حەفتەیەک عەمەلیاتی پۆلیسی بلژیک بۆ گرتنی ژمارەیەک لە تیرۆریستەکاندا هات کە ماوەیەک بوو پۆلیس بەشوێنیانەوە بوو وە دەستگیر کردنی سەلاح عەبدالسەلام یەکێک لە مۆرە سەرەکیەکانی رووداوەکانی ١٣ ی نوابری ساڵی ڕابردوی پاریسی لێکەوتەوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ڕەوتی ئینسان کوژی داعش بەرپرسیاریەتی ئەم تەقینەوانەی لە ئەستۆ گرتوە.ترس لە بەرینایی ئەم عەمەلیاتە تا ئاستێک بوو کە سەرجەم هێزە چەکدارەکانی بلژیک کەوتنە حاڵەتی ئامادە باشیەوە، ئەڕتەش کۆنترۆڵی میترۆی شاری وەئەستۆ گرت، بنەماڵەی سەڵتەنەتی گوازرانەوە بۆ شوێنێکی نادیار، ناوەندی کوموسیۆنی ئوروپا بە مەبەستی بازڕەسی پۆلیسی چۆڵ کرا، زانکۆی بڕوکسل داخرا و سەرجەم خوێندکار و کارمەندەکانی ئیجازەیان پێنەدرا شوێنەکە بەجێبێڵن. ژمارەیەکی زۆر لە پەروازەکانی هاتن و چون لە بلژیکدا پەکیان کەوت. پۆلیس و هێزە تایبەتەکان دەستیاندایە گەڕانی ماڵ بە ماڵ و سنورەکانی وڵاتەکە داخرا. وڵاتانی هاوسنوری بلژیک کۆنترۆڵی سنورەکانی خۆیان لەگەڵ ئەم وڵاتە بەشێوەیەکی بێ وێنە تۆکمە و توند و تۆڵ کرد.674

به‌رێوه‌بردنی وەها هێرشێکی هاوئاهەنگ و هاکات بە وەها تەلەفاتی ئینسانی و زیانێکی مادیەوە ناتوانێ کاردانەوەیەک بوبێت به‌رانبه‌ر بە گیرانی چەند تیرۆریستێک. گومانی تێدا نییە کە ئەم هێرشە تەرحێکی لە پێشدا دارێژراو بۆه‌ و بەڕێوەبردنیشی دەبێ لە ماوەیەک لەوە پێشەوە ئاماده‌كاری بۆ كرابێ. هەڵبژاردنی شاری بروکسل وەک ئامانجی ئەم عەمەلیاتەش ئاگاهانە بووە.
بلژیک یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەنیسبەت جەمعیەتەکەی زۆر تر لە هەموو وڵاتێکی تری ئوروپایی لاوەکانی خاوەنی بیروبۆچونی ئیسلامی نزیک لە داعشن و چونەتە سوریە بۆ شەڕ. بلژیک هەروەها یەکێک لە وڵاتانی ئوروپاییە کە بارودۆخی ژیانی کۆچبەران تیێدا دژوارە و دەرسەدی بێکاری لاوانی خاریجی نیشتەجێی ئەو وڵاتە لەسەرەوەیە. لە هامان حاڵدا بروکسل یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بڕیاردانە لە باری ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسیەوە لە ئوروپا.

بە پشت بەستن بەو خاڵانەی باس کران به‌رێوه‌چوونی ئەم عەمەلیاتە لە ناوەندی ئوروپادا یەکێک لە نیشانەکانی لاوازی ئێقداماتی پێشگیرانەی دەزگا ئەمنیەتی و پۆلیسیەکانی وڵاتانی ئوروپاییە نیشانه‌ی و هەوڵی ڕەوتە ئیسلامیەکان بۆ کێشانی شەڕ بۆ ئوروپایه‌.
تاوانی نا ئەمن کردنی ئوروپا لەلایەن جەریاناتی ئیسلامیەوە و ئەمنیەتی کردنی ئەم وڵاتانە لە لایەن دەزگا ئەمنیەتی و هێزە چەکدارەکانەوە هاوولاتیانی ئاسایی و لەپشیانەوە پەنابەران و کۆچبەرانی دانیشتوی ئەو وڵاتانە ئەیدەن. لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەر عەمەلیاتێکی تیرۆریستیدا قامکی تاوان بۆلای پەنابەران ڕادەكێشرێ و لە ڕوانگەی دەزگا ئەمنیەتیەکانەوە هەر پەنابەرێکی خاوەرمیانەیی و وڵاتانی ئیسلامی وەک تیرۆریستێک چاوی لێده‌كرێ و کۆنترۆڵی پۆلیسی بەسەر ژیانی کۆچبەرانەوە زیاتر دەبێت.
به‌رێوه‌چوونی عەمەلیاتە تیرۆریستیەکان هه‌روه‌ها دەبێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ ڕەوتی ڕەگەز پەرست و فاشیستی و دژی کۆچبەرەکان بەڵام، نەک بۆ دەرکردنی ئه‌وان لەو وڵاتانە چونكه‌ سه‌رمایه‌داران پێویستیان به‌ كاری هه‌رزانی ئه‌وان هه‌یه‌، بەڵکو بۆ داسەپاندنی ژیانێک لەژێر هێڵی هەژاری بەسەریاندا و وەرگرتنەوەی ئاخرین دەستەکەوتەکانی خەباتی کرێکاری ئەم وڵاتانە. ” دونالد ترامپ” کاندیدی سەرۆک کۆماری ئامریکا یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە بەرانبەر ڕوداوەکانی بروکسلدا کاردانەوەی نیشاندا و حوزوری کۆچبەران و فەرهەنگە جۆراو جۆرەکان لەم شارەیدا وەک هۆکاری سەرەکی هێرشی تیرۆریستی ئەم شارە ناساند و تەعەهودی دا کە ئامریکا لەم جۆرە روداوانە بپارێزێ. ئەو لەم دەرفەتە گەڵکی وەرگرت و جارێکی تر سیاسەتی دژی کۆچبەریی خۆی ڕاگەیاند و وتی:” سەبارەت بەو کەسانەی کە ڕێگایان پێ ئەدەین بێنە وڵاتەکەمانەوە دەبێ زۆر وشیار بین.”

ئەوەی کە رۆژی سێ شەممە لە بروکسل روویدا و دەیان کەس ئینسانی بێ دیفاعی تێیدا خەڵتانی خوێن بوون، رووداوێکی ئاسایی و رۆژانەی ژیانی زۆربەی خەڵکی دانیشتوی وڵاتانی خاوەرمیانە و باکوری ئافریقایه‌. ئەو تیرۆریزمە کوێرەی کە قوربانیەکانی نا ناسێت، لە ئوروپا بێت یان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، حه‌ره‌كه‌تێكی دژی ئینسانیە و مەحکومە. بەڵام ئاسەوارە کۆمەڵایەتیەکەی ئه‌و تیروریسمه‌ لە نائەمن بوونی شوێنی ژیانی گشتی واوەتر دەچێت. دوکەڵی ئەم تیرۆریزمە دەچێتە چاوی بەملیۆن پەنابەر و خەڵکی ئاسایی موسڵمانەوە کە بۆ ڕزگار بوون لە دۆزەخێک کە زل هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و جەریاناتی کۆنەپەرستی ئیسلامی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئافریقادا بۆیان دروست کردون و په‌ناخوازان بۆ لە ئوروپا و ئامریکا و شوێنەکانی هێناوه‌.

نابێ رێگا بدرێ کە ڕەوتە ڕاسیستیەکان و ئەحزابی ڕاستگەرا ئەم جۆرە جەنایەتە تیرۆریستاینە بکەنە بیانویەک بۆ توند کردنەوەی سیاسەتە ڕەگەز پەرستانە و دژی پەنابەریەکانیان. خەڵکی ئاسایی لە وڵاتانی موسڵمان نشیندا رۆژانە دەبنە قوربانی جەریاناتی تیرۆریزمی ئیسلامی. نابێ بێڵین هاووڵاتیانی موسڵمان لە وڵاتانی ئوروپایشدا ببنە قوربانی توندوتیژی ڕەوتە ڕاستگەرا توندڕەوەکان.